ڕامۆس: وازناهێنم، کەی زانیم لە ئاستی باڵادا نەماوم دەچمەوە بۆ ماڵەوە

تۆڕی ئامازۆنی جیهانی زنجیرەیەکی نوێی دوکۆمێنتاری لەبارەی سێرجیۆ ڕامۆس، کاپیتانۆی یانەی ڕیاڵ مەدرید بڵاودەکاتەوە و ڕۆژنامەی مارکا بەشێک لە چاوپێکەوتنەکەی بڵاوکردووەتەوە.

ئەفسانە زیندووەکەی مێرەنگی لە چاوپێکەوتنەکەدا ئاماژە بە داهاتووی لە بواری تۆپی پێ و چەندین بابەتی تایبەت کردووە، ئەمەش کورتەیەکە لە چاوپێکەوتنەکە:

 

ئێستا تەمەنت 35 ساڵە و لە وازهێنان نزیکتریت وەک لە بەردەوامبوون، خەڵکانێک پرسیاردەکەن ڕامۆس کەی وازهێنان ڕادەگەیەنێت؟

هێشتا کاتی وازهێنان نەهاتووە، جەستەم توانای بەرگەگرتنی زیاتری ماوە لەبەرئەوەی گرنگی بە خۆم دەدەم، دەمەوێت کێبڕکێ بکەم و براوەبم، کەی ئاستم بەپێی پێویست نەما خێزانەکەم ڕۆڵی سەرەکییان دەبێت لە بڕیاردان لەم بارەیەوە.

دوای کۆتاییهاتنی وەرز چی دەکەیت؟ پلانت چییە؟

بیرکردنەوەم ئەوەیە لە مێژووییترین یانەی جیهان بەردەوامبم کە ڕیاڵ مەدریدە، لە ئێستادا بیر لە وازهێنان ناکەمەوە و بڕیارەکە تایبەتە بە ژیانمەوە، کەی کاتی وازهێنان هات جەستەت ئاماژەت بۆدەکات، مافی ئەوەم هەیە لە بارەی ژیانی خۆمەوە بڕیاربدەم و بە ئاشکرا پێتان دەڵێم خواستم لەسەر بەردەوامبوونە بۆ چەند وەرزێکی دیکەش، ئەگەر لە ئاستی باڵادا نەمام ڕاستەوخۆ دەگەڕێمەوە بۆ ماڵەوە.

 

هەرگیز لە هاندەرانی ئیشبیلیە خۆشنابم بەهۆی ئەوەی بەسەر باوکم و کەسە نزیکەکانیان هێنام

 

ڕۆیشتنت لە ئیشبیلیە بابەتێکی ناڕوونە لە ژیانی وەرزشیتدا، بۆچی؟

پێویستە یانەی ئیشبیلیە ڕوونکردنەوە لەبارەی هەموو شتێکەوە بدات، هەڵەی گەورەیان ئەوەبوو کە ڕوونکردنەوەیان نەدا لەبارەی بڕیارەکەمەوە، چونکە پەیوەندیکردنم بە ڕیاڵەوە بەهۆی ڕێککەوتنی نێوان فلۆرنتینۆ پێرێز و خوسێ ماریا دێل نیدۆوە بوو (سەرۆکی یانەکانی ڕیاڵ و ئیشبیلیە)، تاوەکو مردن سوپاسگوزاری ئیشبیلیەم، بەڵام دەشتوانم بەدەنگێکی بەرز بڵێم: من ئێستا سەرتیپی ڕیاڵ مەدرید و هەڵبژاردەی ئیسپانیام.

کاتێک گۆڵت بەرانبەر ئیشبیلیە تۆمارکرد و ئاهەنگی سەرکەوتنت گێڕا پەیوەندیت لەگەڵ هاندەرانی ئەو یانەیە تێکچوو..

بابەتەکە بەو شێوەیە نییە، لەو کاتەوە کە ئیشبیلیەم بەجێهێشتووە پەیوەندیم لەگەڵ هاندەرانی یانەکە تێکچووە، هەرگیز لەو ئازارە خۆشنابم کە بە باوک و دایک و کەسە نزیکەکانمیان داوە، بەهۆی ڕقی هاندەران بەرانبەرم تەنانەت خێزانەکەم ناتوانن بچنە ناو یاریگای ڕامۆن سانچێز پێزخوانەوە، لەبەرئەوەبوو کاتێک گۆڵم بەرانبەریان تۆمارکرد بە توڕەییەوە دەرکەوتم.

 

سەرسامبوون بە سیحری ڕۆناڵدینیۆ و هەرگیز یاریزانێکی دیکە بەو خەسڵەتانەوە نابینینەوە

 

کەواتە بۆچی پەیوەندی نێوانتان بەو شێوەیە تێکچوو؟

هاندەرانی ئیشبیلیە ئەو خۆشەویستییەیان پێنەدام کە من پێمدەدان، درۆ لەگەڵ هاندەران کرا، بۆیە ئەوانیش بەو شێوە ناشرینە پێشوازییان لێکردم.

تۆ یەکێکیت لە باشترین بەرگریکارەکانی جیهان، تاوەکو ئێستا هێرشبەرێک هەبووە بەرانبەری ناڵاندبێتت؟

بەڵێ، ڕۆناڵدینیۆ، هەمیشە سەرسامبووم بەو جادووەی لەناو یاریگا ئەنجامیدەدات، یاریزانێکی جیاوازبوو، ڕۆژگار دەڕوات و دێت هەرگیز یاریزانێک بەو خەسڵەتە بەرزە جادوییەوە لەناو یاریگاکاندا نابینینەوە، سەردەمانێک هەوڵمدا لەناو یاریگا ڕێگری لێبکەم یاخود بەلایەنی کەمەوە هەوڵی ڕاگرتنەوەی بدەم، لەوە تێگەیشتم کە دەبێت چاوەڕوانی جوڵەی ئەو بکەیت و هەرگیز هەڵنەکوتیتە سەری، چونکە مەحاڵبوو بتوانێت هەنگاوی تاکە کەسی بەڕوویدا بنێیت، ئەوەت بکردایە دەیکردینە پەند بۆ یاریزانەکانی دیکە.

مێسی لای تۆ واتای چییە؟

بەدرێژایی چەند ساڵی ڕابردوو بەدەست مێسی-یەوە ناڵاندوومانە، ڕەنگە ئەگەر لە یانەی بەرشلۆنە نەبوایە نازناوی زیاترمان بچنیایەتەوە، سەردەمانێک هەبوو ڕوبەڕوی بەهێزترین پێکهاتەی بەرشلۆنە بووینەوە، ڕاهێنەرێکی ناوازەی وەک مۆرینیۆمان هەبوو، بەڵام قورسبوو بتوانین بەسەریاندا سەرنکەوین، لە ڕوبەڕوبوونەوەکان بەریەککەوتنی قورس ڕوویدەدا.

بابەتی پێشتر

وەزارەتی پەروەردە داخستنی ناوەندەكانی خوێندنی درێژكردەوە

بابەتی دواتر

لێبوردنی نێودەوڵەتی: كۆرۆنا پێشێلكارییەكانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقا زیادكردووە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share