لاپۆرتا: ئەگەر بونەوەرێک لە مەریخەوە بێتە سەر زەوی یەکسەر دەزانێت (ڤار) یارمەتی ڕیاڵ مەدرید دەدات

خوان لاپۆرتا ڕەخنەی توند لە یانەی پاریس سانت جێرمان دەگرێت

خوان لاپۆرتا، کاندیدی سەرۆکایەتی یانەی بەرشلۆنە یەکێکە لە بەهێزترین پاڵێوراوەکان و زۆرینەی میدیاکان پێیان وایە، ئەندامانی یانە بەهیوای گەڕاندنەوەی سەردەمی زێڕین دەنگی پێدەدەن.

لاپۆرتا کاریزمایەکی جیاوازە، لە نێوان ساڵانی 2003 بۆ 2010 پۆستی سەرۆکی یانە کەتەلۆنیەکەی بەدەستهێنا، بە سەرپەرشتی ئەم کەسایەتیە کولییە توانیان ساڵانی زێڕین تێپەڕێنن (کولی هاندەرە جوداخوازەکانی بەرشلۆنەن).

لاپۆرتا لەبارەی خۆکاندیدکردن و پڕۆژەکانیەوە چاوپێکەوتنێک لەگەڵ ڕۆژنامەی مارکای ئیسپانی ئەنجامدەدات و بەم شێوەیە وەڵامی گرنگترین پرسیارەکان دەداتەوە.

هۆکارەکانی گەڕانەوە

“لەبەر ئەوەی بەرشلۆنەم خۆشدەوێت دەمەوێت بگەڕێمەوە، حەزم بە ئاڵنگارییە و ئەوەش خاڵی بەهێزە لە ژیانی مندا”.

هەڵەکانی ڕابردوو

” لە سەردەمی یەکەممدا هەڵەم هەبوو، بەڵام حەزدەکەم ساتی سەرکەوتنەکان بەبیری خۆم بهێنمەوە و سوودیشم لە هەڵەکانم وەرگرتووە و بە دڵنیاییەوە لە ئەزموونی نوێدا دووبارەیان ناکەمەوە، نامەوێت لە ڕابردوو بڕوانم، دەمەوێت لە 24ی مانگەوە بیر لەوە بکەمەوە کە دەبێت چی بکرێت”.

ڕەخنە لە بارتۆمیو

“ساڵی 2015 وتم، هیچ متمانەم بەو کەسانە نەبوو کە یانەکەیان بەڕێوەدەبرد، ئێمە میراتێکی کارگێڕی جوانمان بۆ بەجێهێشتن، دەکرا سوودی لێوەربگرن، بەڵام بەداخەوە نەیانتوانی گۆڕانکاری دروستبکەن”.

نازناوەکان

“کە بارتۆمیو سەرۆک بوو ڕیاڵ مەدرید سێ جامی برد و بارسا یەک نازناو، هەلێکی زۆرمان لەدەستدا لە کاتێکدا ئێمە خاوەنی مێسی بووین، دەبوو نازناوی چامپیۆنزلیگی زیاتر بچنینەوە، هیوادارم لە داهاتوودا بگەڕێینەوە ناو هاوکێشەکە، بەبیریشتان دەهێنمەوە لە سەردەمی مندا ڕیاڵ مەدرید هیچ نازناوێکی بەدەستنەهێنا”.

 

من و مێسی پەیوەندییەکی بەهێزمان هەیە، دەزانێت هەر بەڵێنێکی پێبدەم جێبەجێیدەکەم

 

پۆستەرەکەی مەدرید

“هەڵواسینی پۆستەرەکەم بەرانبەر یاریگای سانتیاگۆ بێرنابیۆ لە مەدرید بۆ بڵاوکردنەوەی گیانی گاڵتەبازی و خۆشییە، بەهیچ شێوەیەک بۆ سوکایەتیکردن نییە بە ڕیاڵ مەدرید، بەڵکو بۆ دەرخستنی پڕۆژە نوێیەکەمەوە و بەرپرسانی مەدریدیش بە ڕوحیەتی گاڵتەئامێزەوە وەریانگرتووە”.

کومان و ئەنجامەکان

“بیرمە فرانک ڕیکارد لە یەکەم وەرز دەروونی ماندوو بوو لەبەرئەوەی هیچمان پێنەکرا، ڤالێنسیا و دیپۆرتیڤۆ و ڕیاڵ مەدرید لە کامپ نو لێیان بردینەوە، لە قۆناغی دووەمدا بەهێزەوە گەڕاینەوە و 18 یاریمان بردەوە خەریکبوو نازناوەکە بەدەستبهێنین، لەم نمونە هێنانەوەیە مەبەستمە بڵێم هەموو شتێک لە بواری تۆپی پێ ڕوودەدات”.

کۆتایی بە وەرزی ڕاگوزەر دەهێنێت

“تۆپی پێ کۆکراوەیەکە لە سەرکەوتنی وەرزشی و حاڵەتی دەروونی، ئەگەر ببمە سەرۆک هەوڵدەدەم لەو دوو ڕووەوە باشتربین و کۆتایی بەهەر قۆناغێک بهێنین کە پێی دەڵێن قۆناغی ڕاگوزەر”.

یۆهان کرۆیف

(لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا چاوەکانی پڕبوون لە فرمێسک)، “کاتێک لەبارەی یۆهان کرۆفەوە پرسیارم لێدەکرێت هەست بە سۆزداری دەکەم، بێگومان هەموو سەرکەوتنەکانی پێشکەشدەکەم، هەموو ئەو یارییە گەورە و جوانانەی کردوومانە بەو شێوازەبووە کە کرۆیف دایڕشتووە”.

ماڵئاوایی مێسی

” گەشبینم، مێسی لە کۆتا چاوپێکەوتندا ڕایگەیاند، کە تاوەکو کۆتایی وەرز چاوەڕێ دەکات، ئەوەش کاتمان پێدەدات گفتوگۆی لەگەڵدا بکەین، من و مێسی پەیوەندییەکی بەهێزمان هەیە و هەمیشە پێیدەوتم، ئەوەی بەڵێنتدا جێبەجێت کرد، ئەو دەزانێت من هەر بەڵێنێکی پێبدەم جێبەجێیدەکەم”.

ڤار و ڕیاڵ مەدرید

“ئەگەر بونەوەرێک لەسەر مەریخەوە بێتە سەرزەوی، ڕاستەوخۆ تێدەگات کە ڤار لە بەرژەوەندی ڕیاڵ مەدرید کاردەکات، بەرشلۆنە لەڕووی کارگێڕی و دادوەرییەوە لە فیدراسیۆنی تۆپی پێ و لالیگا و فیدراسیۆنی ئەوروپا و جیهان و تەواوی پێگەکان کێشی خۆی لەدەستداوە، پێویستە بەرشلۆنە گرنگی و باڵادەستی بەدەستبهێنێتەوە، دەبێت دەستوەردان لە زۆرینەی بڕیارەکان بکەین، لەسەردەمی خۆمدا هیچ کۆبوونەوەیەکی فیدراسیۆنەکانم لەدەستنەدا”.

 

بیر لەوە ناکەمەوە کێ چانسی بردنەوەی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی بەرشلۆنەی هەیە و کێ ڕکابەرمە، من گەشبینم و خاوەن ئەقڵیەتی بردنەوەم

 

کێ دەکڕێت؟

“خاوەنی پڕۆژەی وەرزشی تایبەت بەخۆمم، سێ پاڵێوراوم هەیە بۆ پۆستی سکرتێری هونەری، ناکەومە داوی ناوهێنانیانەوە و خۆشم لە پرسیارەکان نادزمەوە، بەڵکو ناوهێنانی هەر یاریزانێک گۆڕانکاری لە نرخەکان دروستدەکات و هەندێکیش بێهیوادەکات، هەموو بریکارەکان پەیوەندیم پێوەدەکەن و دەیانەوێت ببمەوە بە سەرۆکی بەرشلۆنە، بەڵام لە ئێستادا لەبارەی ڕاهێنەر و یاریزانانەوە قسە ناکەم”.

گواستنەوەکانی زستانە

“پێویستە سکرتێری هونەری لەم بارەیەوە پێشنیازمان بۆ بکات، داوا لە سکرتێرەکان دەکەم سەرپشکبن”.

ناکەوێتە داوی سیاسەتی هەڵەوە

“ناکەومە داوی ئەو کەسانەی دەیانەوێت جیامان بکەنەوە، ئەو کەسانەی بانگەشە بۆ ئەم بابەتە دەکەن هەموو شتێک تێکەڵی سیاسەتەکانیان دەکەن، ئەو بابەتە پێشەنگی کارەکانمان نییە، بەڵکو کات لەبەردەمماندایە بۆ گەڕاندنەوەی یانەکە بۆسەر ڕێرەوی ڕاست، دەبێت بەرشلۆنە ببێتە بزوێنەری گەشبینی بۆ کەتەلۆنیەکان”.

کام پاڵێوراو ڕکابەرە؟

“بیر لەوە ناکەمەوە کێ چانسی بردنەوەی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی بەرشلۆنەی هەیە و کێ ڕکابەرمە، من گەشبینم و خاوەن ئەقڵیەتی بردنەوەم”.

بابەتی پێشتر

ئینتەرمیلان دەفرۆشرێت؟ خاوەنداریەتی یانەکە ڕوونکردنەوەیەک بڵاودەکاتەوە..

بابەتی دواتر

جگە لە تۆپی پێ.. مولەر بە فرۆشتنی سپێرمی ئەسپ خۆی دەوڵەمەند دەکات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
1
Share