یوڤیچ: تائێستا لەبارودۆخی خۆم ڕازی نیم و هەندێجار لەخۆم دەپرسم چیم بەسەرهاتووە؟

لوکا یوڤیچ هێرشبەری یانەی ڕیاڵ مەدرید لەبەرنامەی “سپۆرت ئافتەرنون”ی سڕبیدا بێدەنگی دەشکێنێت و ئاماژە بە بارودۆخی خۆی دەکات لە یانەی شاهانە، پێش ئەوەش باس لە زانیارییە نەبیستراوەکان دەکات دەربارەی گواستنەوەی لەیانەی ئینتراخت فرانکفۆرتی ئەڵمانییەوە بۆ یانە نوێیەکە.

ئاماژە بەو فشارە قورسانەش دەکات کە لە مەدرید خراونەتەسەری و دووپاتی دەکاتەوە، دەیەوێت لە داهاتوودا نەزۆکی بشکێنێت و بگەڕێتەوە سەر ڕێچکەی تۆمارکردنی گۆڵ.

لە چ قۆناغێکی ژیانی وەرزشییتدا هەستت کرد دەتوانیت بۆ داهاتوو کاریگەری دروست بکەیت؟

بەڕاشکاوی و بێشاردنەوە پێتان دەڵێم، کە هەمیشە متمانەم بەتواناکانم بووە و بڕوام بەوەبووە بەهرەی ئەوەم تێدایە ڕۆڵی گەورە بگێڕم، باوەڕم بەوەیە کە من لە باشترینەکانم، بەدوای چانسێکدا دەگەڕام لە بەنفیکا بەدەستم نەهێنا و لە ئینتراخت فرانکفۆرت هەموو شتێکم کرد، گرنگتر ئەوەیە باوەڕت بەتواناکانت بێت، هەندێجاریش گرنگە شانداربیت، بەڵام بەگشتی لەو چانسانە ڕازیم کە پێمدراوە و خۆشحاڵم.

لەنێو سەرجەم ئەو گۆڵانەی تۆمارت کردوون، کامیان بە باشترین دەزانیت؟

ئەو گۆڵەی لەقۆناغی نیوەی کۆتایی جامی ئەڵمانیا بەرانبەر یانەی شالکە تۆمارم کرد، هەروەها ئەو گۆڵەی بەدرێسی ڕیاڵ مەدریدەوە بەرانبەر لیگانێس تۆمارم کرد هەمان قورسایی هەیە بەلامەوە، لەبەرئەوەی هەموو یاریزانێک ناتوانێت لە ڕیاڵ مەدرید گۆڵ تۆمار بکات.

بیستومانە لەڕێگەبویت بۆ ماڵەوە بۆندی ڕیاڵ مەدریدت پێگەیشتووە، دەتوانیت هەستی خۆتمان لەو کاتەدا بۆ ئاشکرا بکەیت؟

پێتان دەڵێم بابەتەکە چۆن ڕوویدا.. لەلایەن لێپرسراوی کارەکانمەوە پەیوەندیم پێوەکرا و پێی ووتم کە لە ڕیاڵ مەدریدەوە بۆندێکم پێشکەشکراوە، منیش پێمووت: چیتر گاڵتەوگەپ ڕاگرە تکایە، لێپرسراوی کارەکانم دووبارە پێی ووتم گاڵتەوگەپ ناکەم و بۆندەکە لەبەردەستیدا ئامادەیە و تەنها پێویستە بیربکەمەوە، لێرەوە وەک شێتم لێهات و چەند ڕۆژێک بیرم لە بۆندەکە و بارودۆخی خۆم دەکردەوە، چونکە ئۆفەری باشترین یانەی جیهان تەنها یەکجار لەژیاندا ڕوودەدات.

ئێستا هەست بە بێزاری ناکەیت بەهۆی ڕاوبۆچوونی میدیا و هاندەرانەوە؟

ئەوەی ڕوودەدات بێزارم ناکات، ئەوەی دەوترێت و دەنوسرێت لەسەرم بابەتگەلێکی بێتامن و گرنگ بەلامەوە ئەوانەیە کە لەنزیکەوە دەمناسن بەوشێوەیە نیم، من بەکارهێنەرێکی بەردەوامی تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان نیم، بەڵام کاتێک ئینستاگرامەکەم دەکەمەوە چاودێری هەموو ئەوانە دەکەم کە دەربارەی ژیانی وەرزشییم دەنوسرێنەوە نەک بەتەنها ئەوانەی پەیوەندیان بە ڕیاڵ مەدریدەوە هەیە، پێویستە لە سڕبیا شانازی بکەن گەنجێکی وڵاتەکەیان لە ڕیاڵ مەدرید یاریی دەکات.

بۆچونی میدیای سڕبیا دەربارەی تۆ چۆنە؟

هەست دەکەم لە سڕبیا بەشێوەیەکی نەرێنی بیرم لێدەکرێتەوە کاتێک بابەتەکە پەیوەست دەبێت بە یانەی ڕیاڵ مەدریدەوە، بەڵام دڵنیام لەداهاتوودا هەموو شتێک باشدەبێت و دەیسەلمێنم کە شایستەی یاریکردنم لەو یانە گەورەیە.

گۆڵێکت تۆمارکردووە و دووانیشت بۆ هاوڕێکانت ڕەخساندووە، پێتوایە بەو ڕێژەیەوە متمانەی زینەدین زێدان بەدەستبهێنێت؟

هەمیشە ڕاستگۆدەبم لەگەڵتاندا.. تائێستا لە ئاستی خۆم ڕازی نیم و دڵنیام بەرەوپێش دەچم، هەندێجار سەیری گرتە ڤیدیۆییەکانی وەرزی ڕابردووی خۆم دەکەمەوە و خۆم لەخۆم دەپرسم: چیم بەسەرهاتووە؟! بەڵام هەمیشە بەخۆم دەڵێم: لەیانەیەکی گەورەی وەک ڕیاڵ مەدرید یاریزانە ئەزموندارەکان بەزەحمەت خۆیان دەگونجێنن و جێگەی خۆیان دەکەنەوە، دەبێت یاریزانێکی تەمەن ٢١ ساڵی وەک من چی پێبکرێت کە بڕی (٦٠) ملیۆن یورۆیان بەگواستنەوەی داوە، لێرە فشارەکان خنکێنەر و بەهێزن، تائێستا سەرکەوتوو نەبووم و هیوادارم بەم نزیکانە بارودۆخەکە گۆڕانکاری بەسەردا بێت.

بابەتی پێشتر

جێرارد: لە چێڵسی و بایرنەوە نزیکبووم و ڕیاڵ مەدرید دەیویست جەنگ هەڵگیرسێنم

بابەتی دواتر

ئیگالۆ: پارەی ئەوەم پێنەبوو ناوی خۆم لەسەر درێسی مان یونایتد چاپ بکەم، ئێستا خەون دەبینم

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share