مێسی: تەلەفون زۆر بەکاردەهێنم و لە کاتی پشووەکاندا باوکم گۆشت دەبرژێنێت

ئەفسانەی زیندووی یانەی بەرشلۆنە، لیۆ مێسی چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ ڕۆژنامەی “ئۆلێ”ی ئەرجەنتینی ئەنجامدا، لەبارەی چەندین بابەتی پەیوەندیدار بە کەسایەتیی خۆی و داهاتووی لە یانە كەتەلۆنییەكە ئاشکراکرد.

ئەمەش کورتەیەكی چاوپێکەوتنەکەیە:

 

یادگارییەکانی تەمەنی هەشت بۆ نۆ ساڵی

تەنانەت پێش ئەو تەمەنە، چوار بۆ پێنج ساڵان بووم، یاریم بە تۆپ دەکرد، لەو کاتەوەی دەتوانم بەپێیەکانم بڕۆم، یاریدەکەم، بیرم دێت کاتێک لە گراندۆلی یاریمدەکرد، برای لەخۆم گەورەترم هەبوو، ئامۆزاکانم، بەیەکەوە یاریمان دەکرد، بەبیرم نایەت کەی یەکەم یاریمکردووە، بەڵام زۆر لەتەمەنی منداڵییەوە من یاریدەکەم.

 

یاریکردن لە شەقامەکانی ڕۆزاریۆ

لە هزرمدا بە زیندوویی ماوەتەوە، هەمیشە لەگەڵ هاوڕێکانمدا یاریمدەکرد، تەنانەت لەگەڵ گەورەکانیش یاریمدەکرد، بەڵام نەمدەتوانی زۆر بەردەوامبم، چونکە زۆر منداڵ بووم، بەجێهیشتنیان قورسبوو، خۆشیشبوو دوای چەندین ساڵ چاوم پێیانکەوتەوە.

 

لەگەڵ هاوڕێکانی

لەگەڵ هاوڕێکانم باسی هەموو بابەتێک دەکەین، لەبارەی تۆپی پێ، ژیان، تەنانەت ڤایرۆس و شتە ئاساییەکانی ژیان قسە دەکەین.

 

گەشتکردن بۆ کەتەلۆنیا

بڕیارێکی قورس بوو، بەرەوپێشچوونێکی خێرا بوو، هەمیشە دەگریام، نەمدەویست بمێنمەوە و لەهەمان کاتدا دەبوو بمێنمەوە، قورسبوو ئەوەی لە ڕۆزاریۆ هەبوو بەجێیبهێڵم، بەڵام پێویستبوو ئەو کارە بکەم کە دەبوو بیکەم، هاوڕێیەکی زۆرم لەدەستدا، ژیانی ئێستای گەنجێک لەگەڵ تەلەفونێکدایە، من بە ئیمەیڵ و تەلەفۆن پەیوەندیم هەبوو، زۆر قورسبوو، تەنانەت بەهۆی تێنەگەیشتنەوە قسەم لەگەڵ چواردەورەکەم دابڕی.

 

خوێندن و سەردەمی منداڵی

لە ئیسپانیا قۆناغی دواناوەندیم تەواوکرد، سەرنجم لەسەر خوێندن نەبوو، ئەو قۆناغەی ژیانم سەخت بوو، لە ڕاستیدا حەزم لە خوێندن نەبوو، چونکە بەلامەوە قورس بوو، بەڵام هەمیشە ڕەفتارم لەناو پۆلدا جوانبوو.

 

ژیانی خێزانی

خێزانەکەمان لە هیچی کەم نەبوو، باوکم بەردەوام کاریدەکرد، بۆیە پێویستمان بە هیچ نەبوو، تەنانەت هەندێجار لە کاتژمێرەکانی کارکردنی ئاسایی خۆی زیاتر کاریدەکرد، لەكاتێكدا هاوڕێم هەبوو خواردن و کارەبا و ئاویان نەبوو.

 

لەگەڵ باوکی منداڵەکانی تردا کۆدەبێتەوە

خۆشحاڵم کە پەیوەندیم لەگەڵ باوکی هاوڕێیانی تیاگۆی کوڕم هەیە، کە کورٍەکەم چووە خوێندنگە، چەند منداڵێکی دیکە بوون بە هاوڕێی، ئاساییە، منیش پەیوەندیم لەگەڵ باوکیان پێکهێنا، بەڕاستی كۆمەڵێك پیاوی جوان و بەخشندەن.

 

منداڵەکان لە گەورەیی ناوی باوکیان تێدەگەن

تیاگۆ و ماتیۆ لەوە تێدەگەن باوکیان کێیە و لە چ پێگەیەکدایە، بەڵام جیاوازییان هەیە، تیاگۆ شەرمنە و حەزناکات کەس بیناسێت، ماتیۆ تەواو بەپێچەوانەوە، حەزدەکات خەڵک بیناسێتەوە، بەڵام هەردووکیان تێگەیشتوون.

 

کاتەکانی دوور لە تۆپی پێ

دوای نیوەڕوان لەگەڵ هاوسەر و منداڵەکانم کات بەسەردەبەم، زوو نان دەخۆن و دەخەون، بەدەگمەن دەڕۆینە دەرەوە.

 

بەختەوەرە

زۆر بەختەوەرم کە دەتوانم کاتەکانم لەگەڵ خێزانەکەم بەسەربەرم، هەندێک خێزان هەیە بەدرێژایی ڕۆژ باوکیان لەکاردایە و درەنگانی شەو دەگەڕێتەوە و ماندووە، هەر نایبینن، من و باوکم بەوشێوەیە بووین.

 

من چێشتلێنەرێکی باش نیم و ئەوکارەش ناکەم، بەڵام دەچمە چێشتخانە و دەمەوێت ئامادەبم لەگەڵ خێزانەکەم

 

چوونە دەرەوە لە ماڵ

گەورەترین کێشەی من ئەو کاتەیە، كە دەچمە دەرەوەی ماڵ، دەبێت بەبێ ئەوەی کەس ئاگاداربێت دەربچیت و ئەرکەکانی دەرەوەی ماڵ جێبەجێبکەیت، قورسە..

 

چوونە دەرەوە بۆ مێسی چێژی هەیە؟

هەندێجار دەمەوێت بڕۆمە دەرەوە بەبێ ئەوەی کەس هەستم پێبکات، لەگەڵ ئەوەشدا خۆشە خەڵک بتناسنەوە و ڕێزت لێبگرن، بۆ هەر شوێنێک دەچم ڕێزم لێدەگرن، هەندێجار لە دۆخێکی دەروونیی گونجاودا نیت و هەواداران داوای وێنە و ڕوخسارێکی ئاساییت لێدەکەن، وێنەدەگرین و وتەی جوانم ئاراستە دەکەن، بەڕاستی من ناتوانم لەو بارەیەوە بێزاری دەرببڕم.

 

ئامادەبوون بۆ کۆپا ئەمریکا

هەمووان بە پەرۆشەوە ئامادەین، وەک یاریزانان پەرۆشین بۆ کۆبوونەوەمان، لە ماوەی ڕابردوودا بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە دابڕاین، کۆپای ئەمجارە جیاوازە، چونکە بەبێ ئامادەبوونی هاندەران سازدەکرێت، بەڵام ئەوە ڕێگری ناکات لە چێژبینین لە پاڵەوانێتییەکە.

 

پێکان لە ئێسکی دەموچاوی

بەرامبەر ئیسپانیۆل یاریمان هەبوو، تەمەنم 14 یان 15 ساڵ بوو، بە ئانیشک لێدانیان ئاڕاستەکردم و ئێسکی دەموچاوم شکا، هەمان هەفتە یاری کۆتایی جامی کەتەلۆنیامان کرد و لەو تەمەنەدا پاڵەوانێتییەکی زۆر گرنگ بوو بۆم.

 

لیۆ خواردن ئامادەدەکات؟

لەڕاستیدا من چێشتلێنەرێکی باش نیم و ئەوکارەش ناکەم، بەڵام دەچمە چێشتخانە و دەمەوێت ئامادەبم لەگەڵ خێزانەکەم.

 

ناوی ڕاستەقینەی لیۆیە، یان لەیۆ؟

ناوم لیۆیە، بەڵام بووەتە لەیۆ، دایکم دەمکوژێت، بەڵام ناوە ڕاستییەکەم لیۆیە.

 

گۆڕانکاریی ستایلی قژ و ڕیش

سەرەتا لەگەڵ کۆمپانیای جیلێت بۆندم واژووکردبوو، داوایان لێدەکردم بەردەوام  ڕیشم بتاشم، بەڵام دوای ئەوەی پەیوەندیمان نەما، بڕیارمدا ڕیشم بهێڵمەوە و تەراش نەکەم، وابزانم لە کۆپا ئەمریکای 2016وە ئەوە ڕوویدا، ژمارەیەکی زۆری هاوڕێیان بەو ستایلەوە دەرکەوتن، وەک درێژکردنەوەی قژم حەزم بە درێژکردنەوەی ڕیشم بوو، هەرکاتێک هەستبکەم بێزارم دەکات، لایدەبەم.

 

جلوبەرگ

من جلم زۆرە و بابەتەکە ئاساییە، جلوبەرگێکی دیاریکراوم نییە، هەندێجار ئانتۆنێلا هەڵیدەبژێرێت، بەڵام حەزم بە جلوبەرگی ئاساییە.

 

گۆشت برژاندن

لە کاتی پشووەکاندا باوکم گۆشت دەبرژێنێت، منیش وەک هاوکارێک لەگەڵیدا ئامادەدەبم.

 

تەلەفۆن و بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا

وەک هەموو کەسێک، زۆر بەکاریدەهێنم، هەمووکات، شتەکانی دیکە زۆر بەکارناهێنم، بەڵام تەلەفۆن زۆر بەکاردەهێنم.

 

سەیری یاری تۆپی پێ دەکات؟

زۆر سەیری یاری دەکەم، حەزم لێیەتی، خولە جیاوازەکان، حەزدەکەم هەمیشە زانیاریم دەربارەیان هەبێت، بۆیە دەڵێم، بەڵێ زۆر سەیری یاریدەکەم.

 

هەموو کات ناسناوەکان لە مێسی داواکراوە

لەهەر کوێیەک کێبڕکێ بکەم، بۆ ئەوە دەیکەم کە براوە بم، هەوڵدەدەم بۆ ئەوەی ئامانجەکانم بپێکم و ناسناوەکان بچنمەوە، ڕاستییەکە ئەوەیە کۆپا دێل رێ نازناوێکی تایبەت بوو، لەبەرئەوەی لەکاتێکدابوو کە یانەکەمان چەندین ساڵە دوورە لە ناسناوەکانەوە، هەمیشە لە بارسا هەوڵی چنینەوەی نازناوەکان دەدەین، پێکهاتەکەمان گەنجە، بەڵام دەتوانین کاری باشتریش بکەین.

 

بەداخەوەم کە لە تەمەنی گەنجیدا داوای درێسم لە چەند یاریزانێک نەکردووە کاتێک روبەڕوویان بوومەتەوە، وەک ڕۆناڵدۆ و ڕۆبێرتۆ کارلۆس

 

سەگەکەی چیرۆ

سەگم خۆشدەوێت، هەموومان حەزمان لێیەتی، چیرۆ سەگەکەی “هوڵک”ی خۆشدەوێت، یەکەم کاری دوای بەخەبەرهاتنی لەخەو، سڵاوکردن لە هوڵک، بەهەمان شێوە پێش خەوتن، لە راستیدا چیرۆ و ئەنتۆنێلا سەگیان زۆر خۆشدەوێت، منیش کێشەم لەگەڵ ئەوەدا نییە.

 

ئەو درێسەی لە مۆزەخانەکەیدا نییە

درێسی یاریزانانم کۆکردووەتەوە و لەڕاستیدا ئەوکارەم لەتەمەنێکی گەورەدا کرد، پێشتر هەوڵم بۆ نەدابوو، ماتیاسی برام لە ئەرجەنتین ئەو شتانە کۆدەکاتەوە، لەو کاتەوەی یاریدەکەم، زۆری کۆکردووەتەوە، بەداخەوەم کە لە تەمەنی گەنجیدا داوای درێسم لە چەند یاریزانێک نەکردووە کاتێک روبەڕوویان بوومەتەوە، وەک ڕۆناڵدۆ و ڕۆبێرتۆ کارلۆس، حەزمدەکرد لە کۆلێکشنەکەمدا درێسی ئەو یاریزانانەشم هەبووایە.

 

تفەنگەکەی سعودییە

ئەوەی ڕوویدا شێتانە بوو، بە ڕێکەوت ڕوویدا، ئەو کەسە تفەنگەکەی ڕووکردبووە من، بەڕاستی ترسام، تەنانەت هەستی بەوە نەدەکرد کە چی دەکات.

 

پەیامی کۆتایی بۆ ئەرجەنتینییەکان

هەمیشە دەڵێم، شانازی دەکەم بەو شێوازەی مامەڵەی منیان کردووە، دەزانم خەڵکی ئەرجەنتین منیان زۆر خۆشدەوێت، ئێستا بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە بە کاتێکی سەختدا تێپەڕدەبن، کاریگەریی لەسەر هەمووان هەبووە و بۆ هەمووان قورسبووە، هیوادەخوازم بەرەوپێش بچین و بەردەوامبین لە بونیادنانەوەی وڵاتەکەمان و هەڵبژاردەی نیشتیمانیی تۆپی پێ.

بابەتی پێشتر

ماکرۆن جارێکی دیکە تورکیا تۆمەتبار دەکات

بابەتی دواتر

بومەلەرزەیەك ڕۆژهەڵاتی پارێزگای سلێمانی هەژاند

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

یارییەکانی ئەمڕۆ بزانە

ئەمڕۆ لەخول و پاڵەوانێتییەکانی ئەوروپا چەندین یاریی بەهێز و گەورە بەڕێوەدەچن. لە جامی یەکێتیی ئینگلتەرا مانچستەر یونایتد بەرامبەر…
Total
0
Share