پاش ئەوەی دانیشتنەكەی شەوی ڕابردوو تایبەت بە دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای بودجە دواخرا، تائێستا وادەیەكی نوێ بۆ دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەران دیارینەكراوە و پەرلەمانتارێكیش دەڵێت، دیاریكردنی وادە پشت بە هاتنەدی ڕێككەوتنی سیاسی لەسەر خاڵە ناكۆكەكان دەبەستێت.
بڕیاربوو پاش نیوەڕۆی دوێنێ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دانیشتنی تایبەت بە دەنگدان لەسەر پرۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2021 ئەنجامبدات، بەڵام پاش دووجار دواخستنی دانیشتنەكە بۆ كاتژمێر حەوتی ئێوارە و یەكی بەرەبەیان، ناكۆكی لایەنەكان لەسەر هەندێك لە بڕگەكانی پرۆژەكە ڕێگربوو لە ئەنجامدانی دانیشتنەكە.
عەباس سروت، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراكسیۆنی (عراقیون) ئەمڕۆ دووشەمممە 29ی ئازار وتی، گرێدانی دانیشتنی پەرلەمان بۆ دەنگدان لەسەر پرۆژەیاسای بودجە پشتدەبەستێت بە هاتنەدی ڕێككەوتنی سیاسی بۆ تێپەڕاندنی یاساكە.
ئەو پەرلەمانتارە لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا وتیشی، “ناكۆكییەكان لەسەر هەندێك لە بڕگە و مادەكانی پرۆژەی بودجە تائێستا بەردەوامە، بەتایبەت ئەوەی پەیوەندی بە پشكی هەرێم و نرخی ئاڵوگۆڕی دۆلار و قەرزە دەرەكییەكان و چەند بڕگەیەكی دیكەوە هەیە”.
ئەوەشی ڕونكردەوە، هێزە سیاسییەكان و لیژنەی دارایی و سەرۆكایەتی پەرلەمان گفتوگۆكانیان درێژەپێدەدەن لەپێناو گەیشتن بە ڕێككەوتنی كۆتایی لەسەر خاڵە ناكۆكەكان و ئەنجامدانی دانیشتنی نوێی پەرلەمان تایبەت بە تێپەڕاندنی بودجە، وادەی ئەو دانیشتنەش پاش گەیشتنە ڕێككەوتنی كۆتایی دیاری دەكرێت.
ئەو پەرلەمانتارە پێشبینی خۆیشی نیشاندا بەوەی دانیشتنەكە سبەی بەریوەبچێت، پاش ئەو كۆبوونەوە و وتوێژانەی ئەمڕۆ ئەنجامدەدرێن و بەبڕوای ئەو دەبێتە هۆی گەیشتنە ڕێككەوتنی كۆتایی.
درەنگانی شەوی ڕابردوو سەرۆكایەتی پەرلەمان بە فەرمی پەرلەمانتارانی لە دواخستنی دانیشتنی دەنگدان ئاگاداركردەوە، بەبێ ئەوەی تائێستا وادەیەكی نوێ دیاریكرابێت.
سەبارەت بە برگەی تایبەت بە هەرێم لە پرۆژەكەدا دوێنێ بەشیر حەداد، جێگری دووەمی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا وتی، ”دوایین دەق لەسەر پشکی هەرێم کە لە پرۆژەیاسای بوجەدا جێگیرکراوە قبوڵمانە هەروەها بۆ هەرێمی کوردستان باشە”.
وتیشی، “تائێستا ناکۆکییەکان لەسەر نرخی دۆلار بەرامبەر دینار و قەرزی دەرەکییە، بۆیە بەشێک لە فراکسیۆنە شیعەکان لەسەر ئەم پرسە گفتوگۆ دەکەن”.