لە هەفتەی ڕابردووەوە کۆماری چین لەلایەن وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەیەوە دەستپێشەخەرییەکی ٥ خاڵی لە جەند وڵاتێکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێشکەشکردووە لەوانە لە سعودیە و تورکیا و ئێران و ئیمارات و بەحرێن و عەممان.
لەسەر ئەو دەستپێشخەرییە کونسوڵخانەی چین لە هەولێر بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، ” لە هەفتەی ڕابردوودا، ئەندامی ئەنجومەنی دەوڵەت و وەزیری دەرەوەی چین وانگ یی سەردانی چەند وڵاتێکی کرد لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست پێشنیاری دەستپێشخەرییەکی پێنج خاڵی بۆ بەدیهێنانی ئاسایش و سەقامگیری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردووە”.
ئەو خاڵانەی کە چین لەسەر دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێشکەشیکردووە ئەمانەن:
یەكەم، بانگەواز بۆ ڕێزگرتنی هاوبەش. لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا سیستەمگەلێكی سیاسی و كۆمەڵایەتی بەرقەرارە كە لە مێژووی شارستانییەتی بێ هاوتای ناوچەكەوە هەڵقوڵاون، بۆیە پێویستە ڕێزبگیرێت لە تایبەتمەندی و میتۆدەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەروەها پێویستە دیدگای كۆن بگۆڕدرێت و تەنها لەڕووی ڕكابەریی جیۆسیاسییەوە سەیری ناوچەكە نەكرێت.
دووەم،پابەندبوون بە دادگەرییەوە، چارەسەركردنی كێشەی فەلەستین و هێنانەكایەی “چارەسەری دوو دەوڵەت” دەبێتە سەنگی مەحەك بۆ دادگەری لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ئێمە پشتیوانی دەكەین لە هەوڵ و كۆششەكانی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ مسۆگەركردن و هێنانە كایەی ئەم ئامانجە، پشتیوانی دەكەین لەگرێدانی كۆنگرەیەكی نێودەوڵەتی متمانەدار بۆ ئەم مەبەستە، هەركات بارودۆخەكەی گونجا.
سێیەم، مسۆگەركردنی بڵاونەبوونەوەی چەكی ئەتۆمی، پێویستە لەسەر لایەنە پەیوەندیدارەكان، بەهەنگاوی بەرجەستە دووری نێوانیان كەمتر بكەنەوە، ئەوەش بەگوێرەی سروشتی پێشچوونەكانی دۆسیەی ئەتۆمی، گەڕان بەدوای دانانی خشتەیەك و، نەخشە ڕیگەیەكدا تاكو لەمیانەیەیەوە ئەمریكا و ئێران بگەڕێنەوە بۆ پابەندبوون بە ڕێككەوتنی ئەتۆمییەوە.
كاری لەپێشینەی هەرەگرنگ ئەوەی ئەمریكا ڕێوشوێنی بەرجەستە بگرێتە بەر بۆ هەڵگرتنی سزا تاك لایەنەكانی لەسەر ئێران، لەبەرانبەردا، ئێرانیش دەگەڕێتەوە بۆ پابەندبوون بە ڕێككەوتنی ئەتۆمییەوە، بەجۆرێك كە “بەرهەمی پێشوەخت”ەی لێ بەدی بێت
چوارەم، پێكەوە كاركردن بۆ مسۆگەركردنی ئاسایشی هەموو لایەنەكان” ئاسایشی هەمووان”. مسۆگەركردنی ئاسایش و ئۆقرەیی لەڕۆژهەڵاتی ناوەراستدا، پێویستی بەوەیە ڕەچاوی خەمی ڕەوای هەموو لایەنەكان بكرێت. پێویستە دەوڵەتانی كەنداو هان بدرێن بۆ پێكەوە گفتوكۆكردن و لێك تێگەیشتن و باشتركردنی پەیوەندییەكانیان پێكەوە. هەروەها پێویستە بەشێوەیەكی سەرسەختاتە قەڵاچۆی تیرۆر بكرێت و ناوچەكە لەتوندوتیژی دابماڵرێت.
پێنجەم، تاودانی كاروانی پەرەپێدان و هاوكاری، مسۆگەركردنی ئاسایش و ئۆقرەیی بەردەوام لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پێویستی بە گەشەپێدان وهاوكاری و پەیوەستەگییە.
پێویستە تواناكان یەك بخرێن بۆ شكست پێهێنانی پەتای كۆرۆنا، بەخێراییش ئاسایی بوونەوەی ئابوری و كۆمەڵایەتی فەراهەم بكرێت.
كۆماری میللی چین تاكو ئێستا گرێبەستی هاوكاری و بیناكردنی ” پشتوێنە و ڕێگا”ی لەگەڵ 19 دەوڵەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا واژۆكردووە، لەئیستاشدا لەگەڵ هەموویاندا هاوكارییەكان قووڵتر دەكرێتەوە. لە دۆسیەی قەڵاچۆكردنی پەتای كۆرۆنادا، كۆماری میللی چین لەگەڵ هەموو وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەماهەنگی كرووە.