لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كۆبوونەوەیەك بە بەشداری حەوت وەزیری حكومەت ئەنجامدەدات بۆ یەكلاكردنەوەی پرسی بودجە.
فەرمانگەی ڕاگەیاندنی ئەنجومەنی نوێنەران ئەمڕۆ شەممە 27ی ئازار لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاند، لیژنەی دارایی كۆبوونەوەیەك ئەنجامدەدات بۆ دیاریكردنی داڕشتەی كۆتایی پرۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2021، بە ئامادەبوونی وەزیرانی (دارایی، نەوت، پلاندانان، كارەبا، بازرگانی، ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن، كار و كاروباری كۆمەڵایەتی) و سەرۆكی ئەنجومەنی ڕاژەی فیدڕاڵی.
كۆبوونەوەكە، كە بە سەرۆكایەتی بەشیر حەداد، جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران بەڕێوەدەچێت، لەكاتێكدایە سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران دەنگدان لەسەر پرۆژەیاسای بودجەی خستووەتە بەرنامەی كاری دانیشتنی سبەی پەرلەمانەوە.
دانیشتنەكەی پەرلەمان بڕیاربوو هەینی ڕابردوو 19ی ئازار ئەنجامبدرێت، بەڵام ئەو دانیشتنە بەهۆی ناكۆكی لایەنەكان لەسەر هەندێك لە بڕگەكانی بودجە، بەتایبەت ئەوەی پەیوەندی بە پشكی هەرێمەوە هەیە بۆ ئەمڕۆ دواخرا و دواتریش خرایە سبەی.
پێشتر سەمیر هەورامی، وتەبێژی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێم ڕایگەیاند، “شاندی هەرێم ئەو پێشنیازانەی پەیوەندی بە مادەی 11ی تایبەت بە پشکی هەرێمەوەیە هەیە جێگرکردووە و لەلایەن لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقیشەوە پەسەندکراوە”.
وتیشی، “کورد هیچ پەیوەندییەکی بە دواکەوتنی کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراقەوە نییە سەبارەت بە بودجە و هەرکاتێک لایەنە سیاسی و کوتلەکان ئامادەبوون بۆ کۆبوونەوە کوردیش ئامادەیە”.
سەمیر هەورامی ئاشکرایکرد، هەموو ناکۆکییەکان لەسەر پشکی هەرێم نییە لە بودجەدا و ناکۆکی دیکەش هەن، بەڵام کورد ئامادەییە لەسەر ئەو پێشنیازانەی پێشتر ئاشکرایکردووە لە دانیشتنی پەرلەمان ئامادەبێت و تا ئێستا دیار نییە شاندەکەی هەرێم کەی دەگەڕێتەوە بەغداد.