پێدری: براکەم لەگەڵمدا دەژی و لە یانە ڕکابەرەکان سەرسامی مۆدریچ و بنزیمەم

پێدری یەکەم درێسی ئیسپانیای پێشکەشی براکەی دەکات

دوای حەوت مانگ یاریکردن لە یانەی بەرشلۆنە، پێدری تەمەن 18 ساڵ بۆ یەکەمجار لەلایەن لویس ئینریکی ڕاهێنەرەوە بانگهێشتی هەڵبژاردەی ئیسپانیا کرا.

لەم بارەیەوە ئەستێرە هەڵکشاوەکەی ئازولگرانا چاوپێکەوتنێک لەگەڵ ڕۆژنامەی مارکا ئەنجامدەدات و بەم جۆرە وەڵامی پرسیارەکان دەداتەوە..

 

لەبارەی بانگهێشتکردنت بۆ هەڵبژاردەی ئیسپانیاوە چیت هەیە؟

لە ڕاستیدا دۆخەکە زۆر زۆر باشە، لێرە زۆرینەی هاورێیانم بینیەوە و زۆر بەباشی دەستم پێکردووە.

جیاوازی یاریکردن بۆ تیپی لاوان و تیپی یەکەم چییە؟

لێرە زۆرینەیان بەباشی دەناسم جا لە ڕێگەی ئەوەوە بێت یاریم لەگەڵیاندا کردووە یان لە سکرینی تەلەڤیزیۆنەوە بینیومن، وەک کەسێکی مەزن مامەڵەیان لەگەڵداکردم و بە جوانترین شێوە پێشوازیم لێکرا.

لویس ئینریکی چی پێوتی؟

بەباشی بەخێرهاتنی کردم، بەڵام دەرفەتی ئەوەم نەبووە قسەی لەگەڵدا بکەم.

ئەی سێرجیۆ ڕامۆست بینی؟ کاپیتانۆ چۆن بەخێرهاتنی کردیت؟

پێشوازی لێکردم و پێیوتم کە تاموچێژ لەم ئەزموونە نوێیە وەربگرم.

یەکەم درێست لەگەڵ هەڵبژاردەی ئیسپانیا بە کێ دەدەیت؟

هەمیشە یەکەمین درێسەکانم بە براکەم داوە و ئەمجارەش بەو شێوەیە دەکەم، لەبەرئەوەی بەردەوام لەگەڵمدایە.

هەنگاوێکی گەورەت لە ژیانی وەرزشیتدا ناوە، ترست نییە؟

نەخێر، من هەردەم حەزمکردووە بە شێوەیەکی ئاسایی لەگەڵ دۆخەکاندا مامەڵە بکەم، ئەوەی بۆ بەرشلۆنەم کردووە بۆ هەڵبژاردەی نیشتیمانیشی دەکەم، پێویستە بەو شێوەیە کاربکەم کە خۆم حەزی پێدەکەم.

چۆن ئەوکارە دەکەیت کە هێشتا تەمەنت 18 ساڵە و بۆ بەرشلۆنە و ئیسپانیا یاریدەکەیت؟

گرنگترین شت ئەوەیە بەشێوەیەکی ئاسایی لەناو یاریگا مامەڵە بکەیت، دەبێت لەسەر ڕیتمی ئاسایی خۆم بەردەوامبم، هەرکاتێک ئەوەت کرد کە حەزی پێدەکەیت هەموو شتێک باش دەبێت.

پەتای کۆرۆنا یورۆ و ئۆڵۆمپیادی دواخست و گومان لە مۆندیال هەیە، دەتوانیت لە هەموویاندا بەشداریبکەیت؟

هیوادارم لەهەر سێ خولەکە بەشداری بکەم، خەونی پێوەدەبینم، بەڵام پێویستە هەنگاو بە هەنگاو بۆ ئەم خەونە بچم، ئێستا لە پێکهاتەی یەکەم یاریدەکەم و ئەوپەڕی تواناکانم بەگەڕدەخەم و تاموچێژ وەردەگرم بۆ گەیشتن بە ئامانج.

کاریگەری خێزانەکەت چی بووە؟

بۆ هەموو شتێک قەرزداریانم، براکەم هەمیشە لەگەڵمدا بووە و بەردەوام ئامۆژگاریم دەکات و لە ماڵیشەوە لەگەڵمدا دەژی، یاریدەدەرمە بۆ ئەوەی پێیەکانم لەناو یاریگا بچەسپێنم و لەڕووی دەروونیەوە هێورم دەکاتەوە، هۆکارە بۆ باشتربوونم.

براکەت چیشتلێنەرتە؟

لەڕاستیدا چێشتلێنەرێکی زۆر باشە، هیچ گلەییەکم لێی نییە و کارەکەی بەباشی دەکات.

 

لە تاقیکردنەوەی شۆفێریدا دووچاری ئاستەنگی بووم و هەندێک تەمبەڵم لەم کارەدا، بەڵام دەمەوێت بە زووترین کات مۆڵەت دەربکەم

 

ژیانت لە بەرشلۆنە چۆنە؟

هاوشێوەی لاس پاڵماس دەژیم، هەمان ژیانم هەیە، من لاوێکم حەزم بە چوونە دەرەوە نییە و زیاتر چێژ لە ماڵەوە وەردەگرم، ڕاستە هەندێجار لەگەڵ هاوڕێکانم بۆ ماوەیەکی دیاریکراو دەچمە دەرەوە، بەڵام زۆرینەی کاتەکانم لە ماڵەوەیە و لەگەڵ براکەم بە هێمنی کاتەکان بەسەردەبەین.

ئەو ڕۆژەی ناوت لە لیستی یاریزانانی ئیسپانیا بڵاوکرایەوە، کێ زۆر گریا؟

دایکم.. دایکم، لەبەرئەوەی لەنێو خێزانەکەمدا لەهەموومان گڕوتینی زیاترە و زۆریش هەستیارە، گریانەکەی واتای ئەوەبوو شانازیم پێوەدەکات.

وێنەکانت دەنگیاندایەوە کاتێک لە کامپ نو دێیتە دەرەوە و بە تاکسی دەگەڕێیتەوە بۆ ماڵەوە، لە کاتێکدا بەشداری چامپیۆنزلیگ بوویت و گۆڵت تۆمارکردبوو؟

هەمان ئەو شۆفێری تاکسییە بوو کە هاتوچۆم پێدەکات، کۆبرا شۆفێر و تاکسی پێداوم، ئەو وێنانەش کە بڵاوکرانەوە زۆر ئاسایی بوون، ئاساییە کەسێک لە کامپ نو و چامپیۆنزلیگ گۆڵ تۆماربکات و بە تاکسی بگەڕێتەوە.

مۆڵەتی شۆفێریت هەیە؟

کاری لەسەردەکەم، لە تاقیکردنەوەی شۆفێریدا دووچاری ئاستەنگی بووم و هەندێک تەمبەڵم لەم کارەدا، بەڵام دەمەوێت بە زووترین کات مۆڵەتەکەم دەربکەم.

پێتوایە بەرشلۆنە نازناوی لالیگا دەچنێتەوە؟

بەرانبەر ڕیاڵ سۆسیداد کارێکی باشمان کرد، بەپێی پلانی پێنج ناوەند یارییەکی جوان دەکەین و بۆ ئێمە گونجاوە، هیوادارم لەسەر ئەو ئاستە بەردەوامبین و نازناوەکە بچنینەوە.

یاریکردن لەگەڵ مێسی واتای چییە؟

چێژی لێوەردەگرم، لە یارییەکان و لە کاتی مەشقەکان دەیبینیت و چێژ لە ئاستە ناوازەکەی وەردەگریت، یاریکردن لەگەڵ ئەم ئەفسانەیە باوەڕپێنەکراوە، لەناو یاریگاشدا بۆی دەگەڕێم، چونکە هەمیشە دەزانێت چیدەکات.

بوێری ئەوەت هەبووە پێی بڵێیت ساڵێک کەمە و بمێنەرەوە تاوەکو زیاتر بەیەکەوە یاریبکەین؟

هیواداریم بمێنێتەوە، بڕیارە تایبەتیەکان پێویستی بە ئارامی و بیرکردنەوەیە.

هەستت کردووە مێسی لەگەڵ تۆدا هەست بە بەختەوەری دەکات؟

هەمیشە هەوڵدەدات بمدۆزێتەوە و پێمدەڵێت لەناو هێڵەکان بوەستم تاوەکو دەمدۆزێتەوە، منیش تۆپی ئاڕاستەدەکەم و دەزانم کە دەتوانێت هەموو شتێک بکات.

ئەتلەتیکۆ ڕکابەرتانە، ڕیاڵ مەدریدت لەبیرنەکردووە؟

ئەتلەتیکۆ یەکەمە، ناشکرێت ڕیاڵ مەدرید لەبیربکەین  کە هاوتەریبمانن و دوو خاڵ جیامان دەکاتەوە، دەبێت ئێمە وەک یاریزانانی بارسا پاڵپشتی یەکتربین و یارییەکان ببەینەوە و چاوەڕوانی کەوتنی ئەتلەتی بکەین.

پێدەچێت یاری کلاسیکۆ نایاب بێت..

کلاسیکۆ هەمیشە نایاب بووە و بە دڵنیاییەوە ئەمجارەش ڕوبەڕوبوونەوەیەکی بەهێز ڕوودەدات.

باس لە تاقیکردنەوەی تواناکانت دەکرێت لە ڕیاڵ مەدرید، دەڵێن ڕۆژێکی ساردبووە و بەختەوەر نەبویت؟

بەفر دەباری، ڕۆژانێکی کەمتر ڕاهێنانمان دەکرد و خۆشحاڵم بەوەی ئێستا پێی گەیشتووم، هەمیشە وتوومە من لەگەڵ بەرشلۆنەم و لەو جێگەیەم کە خەونم پێوەبینیوە، نامەوێت لەوە زیاتر باسی بکەم.

هاوکار و هاوڕێت ئانسو فاتییە، بارودۆخی چۆنە؟

کاتێکی سەختە بۆ فاتی، ئەزموون لە هەموو شتێک وەردەگرێت، هیوادارم کەس بەم بارودۆخە نەگات کە ماوەیەکی دوورودرێژە دوورکەوتووەتەوە، لێرەوە پەیامی هێز و ورەی ئاڕاستەدەکەم، ئاواتەخوازم بە زووترین کات بگەڕێتەوە.

کە منداڵ بوویت ڕاهێنانت بەباشی دەکرد؟

بەڵێ بێگومان، من کۆتا کەس بووم دەڕۆشتمەوە، هەندێجار کات درەنگی دەکرد و دەبووە شەو پاشان دەڕۆشتمەوە.

کە منداڵبوویت بەهۆی تۆپی پێوە سزادراویت؟

نەخێر، هەرگیز سزانەدراوم، چونکە خەڵک تۆپی پێیان خۆشدەوێت و کەس حەزناکەت تۆپ لە منداڵێک بسەنێت.

 

تاوەکو ئەم ساتەش بەپێی توانا وەڵامی هەموو ئەو نامانە دەدەمەوە کە پێمدەگەن

 

لێسەندنی تۆپ واتای چی بوو بۆ تۆ؟

لەگەڵ تۆپ بەختەوەربووم، ئەگەر لێیان زەوت بکردمایە واتای ئەوەبوو پێکەنینم لێدەستێنن.

کێ بوو بۆ یەکەمجار تۆی بە ئینێستا چوواند؟

ئەوەی ڕاستیبێت نازانم، شەرەفێکی گەورەیە بە مەزنێکی وەک ئینێستا دەمچوێنن، بەڵام من ژیانی وەرزشی تایبەت بەخۆمم هەیە و دەمەوێت پێدری بم.

باسی خولی پلە یەک دەکەین، لە مانگەکانی سەرەتاوە کێ لەهەمووان زیاتر سەرنجی ڕاکێشایت لە یانە ڕکابەرەکان؟

زۆرن ئەوانەی سەرنجیان ڕاکێشام، بەڵام من سەرسامبووم بە مۆدریچ و بنزیمە، خۆشمدەوێن لەبەرئەوەی کوالیتیان زۆر بەرزە، بەهەمان شێوە مالسا لە لیڤانتی، لەو کاتەوە بۆ میراندێس لە خولی پلە یەک یاریدەکرد دەمناسی، حەزم بە سەیرکردنی ئەو یاریزانانەیە کە لە هێڵی ناوەند یاریدەکەن و لێیانەوە فێردەبم.

تاوەکو ئێستاش وەک منداڵێک چێژ لە یاریکردن وەردەگریت؟

لەڕاستیدا ئێستاش کە یاریدەکەم وەک منداڵی بیردەکەمەوە و یاریدەکەم، چێژی لەو تاقیکردنەوانە وەردەگرم کە ئەنجامیاندەدەم.

کە بوویتە یاریزانێکی بەتوانا ژمارەی مۆبایلەکەت گۆڕی؟

نەخێر، تاوەکو ئێستا ژمارەکەمم نەگۆڕیوە، تاوەکو ئەم ساتەش بەپێی توانا وەڵامی هەموو ئەو نامانە دەدەمەوە کە پێمدەگەن.

بابەتی پێشتر

بۆ یەكلاكردنەوەی بودجەیە.. لیژنەی دارایی لەگەڵ 7 وەزیر كۆدەبێتەوە

بابەتی دواتر

(10) یانەی گەورە لەوپەڕی تواناکانیاندا نەیانتوانی جامی چامپیۆنزلیگ بەرزبکەنەوە

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

مێسی بۆندی داشکێنراو واژوودەکات

لیۆ مێسی ئەفسانەی زیندووی ئەرجەنتین، دوای کۆتاییهاتنی وادەی پشووەکانی هاوینە گەڕاوەتەوە بۆ بەرشلۆنە و هەفتەی داهاتوو بۆندێکی نوێ…
Total
0
Share