یانەی ئارسیناڵی ئینگلیزی هەوڵەکانی بۆ واژووکردنی بۆندی مارتن ئۆدیگارد دەستپێدەکات، لە ئەگەری شکستهێنانیشدا ئاڕاستەیان ڕووە و بەرشلۆنە دەگۆڕن.
ڕۆژنامەی سپۆرتی کەتەلۆنی ئاشکرایکردووە، لە کۆتایی وەرزدا ئیدارەی گانەرز هەوڵەکانیان بۆ نوێکردنەوەی ماوەی خواستنی مارتن ئۆدیگاردی نەرویجی لە یانەی ڕیاڵ مەدریدەوە دەستپێدەکەن، یاخود هەوڵدەدەن بۆندەکەی لە خواستنەوە بە هەمیشەیی بکەن.
بەپێی سەرچاوەکە، لە ئەگەری شکستهێنان لە نوێکردنەوەی بۆندی ئۆدیگارد، یاخود پێداگری ڕیاڵ مەدرید لە گەڕانەوەی گەوهەرە نەرویجیەکە، بەڕێوبەرانی ئارسیناڵ ڕاستەوخۆ هەوڵەکانیان بۆ کڕینی فیلیپی کۆتینیۆی بەرازیلی لە یانەی بەرشلۆنەوە دەستپێدەکەن.
کۆتینیۆ نرخی گواستنەوەی بۆ 20 ملیۆن یورۆ دابەزیوە، ئەگەر لەم وەرزەدا 10 یاری دیکە بە درێسی ئازولگراناوە ئەنجامبدات یانە کەتەلۆنیەکەی ناچاردەبێت بڕی 20 ملیۆنی دیکە بە یانەی لیڤەرپوڵ ببەخشێت، بۆیە ئیدارەی لاپۆرتا بۆ دەربازبوون لە بەندەکانی بۆندەکەی هەوڵدەدەن بەخێرایی لەگەڵ ئارسیناڵ بگەن بە ڕێککەوتن.