بڕیارە هەزاران کەس لە لایەنگرانی پارتی کرێکارانی کوردستان و هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان ڕوو لە قەندیل بکەن بۆ ئاهەنگی نەورۆز لەو ناوچەیە.
یەکێک لە سەرپەرشتیارانی ئاهەنگەکە بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، “لەماوەی دوو ڕۆژدا هەزاران کەس لە شاری سلێمانی و هەولێر و ئیدارەی گەرمیان و ڕاپەڕینەوە دەگوازرێنەوە بۆ بناری قەندیل و لەوێ بەشداری لە ئاهەنگی ساڵانەی نەورۆز دەکەن”.
بەپێی زانیارییەکانی ئەو سەرپەرشتیارە ئەمڕۆ 20ی ئازار چەندین پاس لە ئیدارەی گەرمیانەوە بەرەو قەندیل بەڕێکەوتوون و سبەی 21ی مانگیش لە شارەکانی سلێمانی و ئیدارەی ڕاپەڕین خەڵكی بۆ ئاهەنگەکە دەگوازرێنەوە”.
بڕیارە ڕۆژی 21 ی ئازار، ئاهەنگەکە لە قەندیل بەڕێوەبچێت و چەندین چالاکی گۆرانی هەڵپەرکێ ئامادەکراوە تا لە ئاهەنگەکەدا پێشکەشبکرێت.
ساڵانە وەک پشتگیرییەک لە خەباتی گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان هەزاران هاوڵاتیی لە باشوری هەرێمی کوردستانەوە دەچنە بناری قەندیل و بەشداری لە ئاهەنگەکە دەکەن.