بەڕێوبەری باخچەیەکی ساوایان: پێیانوتین ئەمساڵ باخچەکان ناکرێنەوە

لە سەرەتای مانگی شوباتەوە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن و دایەنگەکانیش بەبڕیاری لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا کرانەوە و ساڵی خوێندن بەپێی خشتەیەکی تایبەت دەستیپێکردووەتەوە.

ئەوەی نیگەرانی لای بەشێکی زۆر لە دایکان و باوکانی فەرمانبەر لەلایەک و مامۆستا و فەرمانبەرانی باخچەکانی ساوایان لەلایەکی دیکە دروستکردووە ئەوەیە بۆچی منداڵانی دایەنگەکان کە تەمەنیان بچوکترە و قوتابخانەکان کە گەورەترن دەوام دەکەن تەنها بەخچەکان ناکرێنەوە؟

“چاوەڕێی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزارەتین بۆ بڕیاری کۆتایی”

سەبارەت بە هۆکاری نەکردنەوەی باخچەکانی ساوایان سەرەڕای دەستپێکردنەوەی ساڵی خوێندن لەسەرجەم ناوەندەکاندا سەرچاوەیەکی ئاگادار لە وەزارەتی پەروەردە بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “هیچ بڕیار و ڕێنماییەک نییە بۆ کردنەوەی باخچەکانی ساوایان تاوەکو ئێستا بڕیارەکە بەوجۆرەیە نەکرێنەوە، لەگەڵ ئەوەشدا ئەوە کۆتا بژاردە و بڕیار نییە”.

ئاماژەی بەوەشکرد کە چاوەڕێ دەکەین کە لەم هەفتەیەدا ئەنجومەنی وەزارەتی پەروەردە کۆببێتەوە و بڕیار و ڕێنمایی نوێ دەربکات تایبەت بە باخچەکان، سەرەڕای ئەوەش ئەگەر باخچەکان بشکرێنەوە بە ڕێکار و ڕێنمایی تەندروستیی توند دەبێت”.

“وەزیری پەروەردە پێیوتین ئەوە بڕیاری ئێمەیە و ئەمساڵ باخچەکان ناکرێنەوە”

بەڕێوبەری یەکێک لە باخچەکانی ساوایان لە شاری سلێمانی بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “ئێمە لەوە تێناگەین بۆچی دایەنگەکان کە منداڵانی خوار چوار ساڵیان تێدایە کراونەتەوە، خوێندنگەکانیش کە منداڵی سەروو پێنج ساڵی تێدایە کراونەتەوە تەنها باخچەکان بە داخراوی ماونەتەوە ئەگەر بەهۆی کۆرۆناوەیە ناوەندەکانی دیکە بۆ کراونەتەوە”.

ئاماژەی بەوەشکرد کە چەند جارێک نارەزاییان دەربڕیوە و تاوەکو لای وەزیر ڕۆیشتوون بەڵام هیچ بەڵگەیەکی باوەڕپێهێنەر و بیانوییەکی گونجاومان نەدراوەتە دەستەوە لەسەر هۆکاری داخستنی باخجەکان و وتیشی، “وەزیر پێیوتووین ئەوە بڕیاری وەزارەتە و ئەمساڵ باخچەکان ناکرێنەوە”.

لەلایەکی دیکەوە ڕۆژی پێنجشەممە 25ی شوبات بەشێک لە مامۆستایان و بەڕێوبەرانی باخچەکانی ساوایان لەبەردەم وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێم گردبوونەوەیان ئەنجامدا و دوای کۆبوونەوەیان لەگەڵ وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێم یەکێک لە بەڕێوبەرانی بەشداربووی گردبوونەوەکە وتی، “وەزیری پەروەردە هەمان قسەی پێشتری کردووە و پێیوتووین بەهۆی دۆخی کۆرۆناوە باخچەکان ناکەینەوە”.

 

“ئەگەر باخچەی ساوایان نەکرێتەوە ناچارم یان وازبهێنم لە دەوام یان مۆڵەت بکەم”

سەبارەت بە کێشە و گرفتەکانی بەردەم دایکان و باوکانی فەرمانبەر، مونیرە محەمەد کە فەرمانبەری حکومەتە و دوو منداڵی هەیە لە تەمەنی باخچەی ساوایاندا بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “منداڵەکانم تاوەکو ئێستاش لە دایەنگە دایاندەنێم ئەویش لەگەڵ فشاری زۆری دایەنگەکە چونکە یەکێک لە منداڵەکانم ساڵێک تێپەڕیوە بەسەر تەمەنی دایەنگەیدا و پێنج ساڵە بەڵام لەبەر ناچاری و نەکردنەوەی باخچەکان بە داواکارییەکی زۆر دایەنگەکە ڕازی بوون لەوێ بمێنێتەوە”.

ئاماژەی بەوەشکرد، “یەکێک لە منداڵەکانم چوار ساڵ و ئەوی دیکەیان پێنج ساڵە هەموو مانگێک دایەنگەکە ئاگادارمان دەکاتەوە کە پێویستە منداڵەکەم ببەم بۆ باخچە و تەمەنی مانەوەی لای ئەوان کۆتاییهاتووە، بەڵام من ناچارم حکومەت بەبێ هۆکار باخچەکان ناکاتەوە، ئەگەر فشاری دایەنگەکە زیاتر بێت لەسەرم و باخچە نەکرێتەوە ناچارم یان وازبهێنم لە دەوام یان مۆڵەت بکەم”.

ئەو دایکە فەرمانبەرە باسی لەوەشکرد، سەرەڕای هەموو ئەم کێشانە مانەوەی منداڵەکەم لە دایەنگە کە لە تەمەنی ئەودا نییە کاریگەری خراپی کردووەتە سەر پەروەردە و ئاستی ئامادەکارییەکانی بۆ خوێندنی لە خوێندنگە لەگەڵ ئەوەشدا ساڵانی پێشوو بوونی ئەزمونی باخچەی ساوایان لە خوێندنگەکاندا یەکێک بۆ لە مەرجەکانی وەرگرتنی منداڵ بەڵام ئێستا سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن و سێکتەرەکانی دیکە کراونەتەوە و باخچەکان داخراون کە کاریگەریی خراپی کردووەتە سەر ژیان و دڵنیایی دایکان و باوکانی فەرمانبەر لە منداڵەکانیان.

بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و مەترسییەکانی تەشەنەکردن و لە کۆنترۆڵ دەرچوونی ڤایرۆسەکە، ئەمساڵی خوێندن لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندندا لە سەرەتای ساڵەوە ڕاگیرا و لە بەرواری 6ی شوبات حکومەتی هەرێم بڕیاری کردنەوەی ناوەندەکانی خوێندنیدا بە شێوەیەک سێ ڕۆژ خوێندکار بچێتە ناوەندەکانی خوێندن و ڕێکارەکانی خۆپارێزی لە بەکارهێنانی دەمامک و لێکدووری کۆمەڵایەتیی جێبەجێبکرێت.

بابەتی پێشتر

پەرلەمانی كوردستان دانیشتنەكانی دەستپێدەكاتەوە

بابەتی دواتر

ژنێكی شۆخ و شەنگە و ئیمپراتۆری مادەی هۆشبەری پاراستووە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share