عێراق دەیان منداڵی چەكدارانی داعش ڕەوانەی قیرغیزستان دەكاتەوە

هاوسەر و منداڵی چەكدارانی داعش لە خێوەتێكدا لە حەسەكە

دەیان منداڵی چەكدارانی داعش لەلایەن عێراقەوە ڕەوانەی قیرغیزستان كرانەوە، لە یەكەم هەنگاودا لەلایەن ئەو وڵاتەوە كە پێشتر سەدان كەسی لەڕیزی چەكدارانی ڕێكخراوەكەدا هەبووە.

ئەمڕۆ سێشەممە 16ی ئازار لە تەلەفزیۆنەكانەوە دیمەنی دابەزینی ئەو منداڵانە لە فڕۆكەیەك لە فڕۆكەخانەی بیشیك-ی پایتەخت بڵاوكرایەوە.

لای خۆیەوە وەزارەتی دەرەوەی قیرغیزستان لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاند، 79 منداڵ كە لە باوانی قیرغیزی لەدایكبوون “بەڕەزامەندی دایكیان كە لە عێراق ماونەتەوە” گەڕێندراونەتەوە.

ئاماژەی بەوەشكرد، دامەزراوەكانی دەوڵەت كار لەسەر “سەرلەنوێ ئامادەكردنەوە و تێكەڵاوكردنی كۆمەڵایەتییان دەكات تا پڕۆسەی ڕادەستكردنیان بە كەسە نزیكەكانیان ئاسان بێت”.

ژمارەیەك لە دایكی ئەو منداڵانە بەهۆی پەیوەندیدارییان بە داعشەوە لە عێراق و سوریا بەدەستگیركراوی ماونەتەوە، لەكاتێكدا باوكیان لەمیانەی شەڕەكانی داعشدا كوژراون.

قیرغیزستان چوارەم وڵاتە لە ئاسیای ناوەند كە كار لەسەر گەڕانەوەی منداڵان لە عێراق و سوریاوە دەكات، پاش هەریەك لە كازاخستان و ئۆزباكستان و تاجیكستان.

هەزاران كەس لە هاوڵاتییانی ئەو وڵاتانە، كە زۆرینە موسوڵمانن، پێشتر چوونە پاڵ ڕێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) و گروپە ئیسلامی و توندڕەوەكانی دیكە.

توركمانستان یەكێكی دیكەیە لەو وڵاتانە، بەڵام تائێستا دانینەناوە بە چوونی هیچ كام لە هاوڵاتییانی بۆ ناو داعش و ڕێكخراوەكانی دیكە.

بابەتی پێشتر

ڕاپۆرتی شارەزایان دەربارەی شوێنی سەرهەڵدانی كۆرۆنا هەفتەی داهاتوو دەردەچێت

بابەتی دواتر

دامەزراندنی یەكەم وەزیر لە دانیشتوانی ڕەسەنی ئەمریكا پەسەندكرا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share