ئەمڕۆ 33 ساڵ بەسەر كیمیابارانكردنی هەڵەبجەدا تێپەڕ دەبێت

لە 33یەمین ساڵیادی كیمیابارانكردنی هەڵەبجە، بڕیارە چەندین چالاكی لە پارێزگای هەڵەبجە بەڕێوەبچێت.

لای پەیكەرەكەی عومەری خاوەر كە یەكێك لە ڕەمزەكانی كیمیابارانی هەڵەبجەیە، ئازاد تۆفیق، پارێزگاری هەڵەبجە بە پەیامنێری تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “ئەمڕۆ هەمووان لەسەر قەبرانی شەهیدانی كیمیابارانی هەڵەبجە كۆدەبینەوە، لەوێ وتار دەخوێندرێتەوە و تاجەگوڵینە دادەنرێت”.

سەبارەت بەو بەرپرسانەی لە یادەكەدا ئامادە دەبن، پارێزگاری هەڵەبجە ئاماژەی بەوەكرد، “هەركەسێك دێت لە خزمەتیداین، ناتوانین ناوی ئەو بەرپرسانە بڵێین كە ئامادە دەبن”.

لەلایەكی دیكەوە لوقمان عەبدولقادر، سەرۆكی كۆمەڵەی قوربانیانی كیمیابارانی هەڵەبجە بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “هەرێمی كوردستان و عێراق و جیهان تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون، بەڵام ئەو ڤایرۆسە بۆ بریندارانی كیمیابارانی هەڵەبجە مەترسییەكەی زۆر زیاترە و هەڕەشەیە بۆسەر ژیانیان”.

ئەوەشی خستەڕوو، “بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوە تا ئیستا چوار لە بریندارانی كیمیابارانی هەڵەبجە گیانیان لەدەستداوە”.

هەر ئەمڕۆ لەو ساڵیادەدا، پەرلەمانی كوردستان لە پەیامێكدا داوا دەكات ئەو تاوانە بە جینۆساید بناسێندرێت.

لە ڕاگەیەندراوێكدا سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان ڕایگەیاندووە، “3/16، له‌ یادگه‌ و ڕۆژژمێری گه‌له‌كه‌ماندا برینێكه‌ هه‌رگیز ساڕێژ نابێت و له‌ویژدانی هه‌موو كوردێكدا ئازارێكی قووڵ و بێكۆتایه”.

ئەوەشی خستوەتەڕوو، “كیمیابارانكردنی هه‌ڵه‌بجه ‌و هه‌ورامان و شاره‌زوور و دێهاته‌كانی ده‌وروبه‌ریان، لاپه‌ڕه‌یه‌كی ڕه‌شه‌ له ‌مێژووی حوكمڕانێتیی ڕژێمی به‌عسی له‌ناوچوو، ئه‌م تاوانه‌ دژ به ‌مرۆڤایه‌تییه‌ش به‌ته‌نها به‌رامبه‌ر ڕۆڵه‌كانی گه‌له‌كه‌مان نه‌كراوه‌، به‌ڵكو تاوانێكه‌ به‌رامبه‌ر ‌مرۆڤایه‌تی، هاوشێوه‌ی هیرۆشیماو ناكازاكی و هۆلۆكۆستە”.

“بۆیه‌ له‌م یاده‌ خه‌مناكه‌دا جارێكی تر ئه‌نجامده‌رانی ئه‌م تاوانه‌ گه‌وره‌یه‌ ڕیسواو مه‌حكوم و شه‌رمه‌زار ده‌كه‌ین، هاوكات داواكارین له‌كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی و ڕێكخراوه‌ مرۆییه‌ جیهانییه‌كان، ئه‌م تاوانه‌ دژ به‌مرۆڤایه‌تییه‌ به‌جینۆساید بناسێنن، بۆئه‌وه‌ی له‌هیچ كونجێكی جیهاندا جارێكی تر دووباره‌ نه‌بێته‌وه‌و گەلی کوردستانیش لەهەر هەڕەشەیەکی لەوجۆرە بپارێزن”، وەك سەرۆكایەتیی پەرلەمان ئاماژەی پێكردووە.

ئەوەشی ڕاگەیاندووە، “پێویسته‌ له‌سه‌ر حكومه‌تی عێراقی فیدڕاڵ، كار به‌بڕیاری دادگای باڵای تاوانه‌كان و ماده‌ی 132 له‌ده‌ستووری عێڕاق بكات بۆ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی كه‌سوكاری شه‌هیدان و قوربانیانی هه‌ڵه‌بجه‌، ئه‌ركی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراقیشه‌ یاسایه‌كی تایبه‌ت به‌جینۆسایدناساندنی گه‌لی كوردستان ده‌ربكات و تێیدا مافی كه‌سوكاری شه‌هیدان و قوربانییان بچه‌سپێنرێت، له‌پێناو قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی زیانه‌ مادی و مه‌عنه‌وییه‌كانیان و ئه‌و زه‌بره‌ ده‌روونییه‌ی كه‌ به‌ریان كه‌وتووه”..

سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان دەشڵێت، “لێره‌دا دووپاتی ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ پێویسته‌ ئاوڕێكی جدی له‌ كه‌سوكاری قوربانیان بدرێته‌وه ‌و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هه‌وڵه‌كانی چڕ بكاته‌وه‌ بۆ خزمه‌تكردنی زیاتری كه‌سوكاری قوربانیان و چاره‌سه‌ركردنی به‌ركه‌وتووانی چه‌كی كیمیاوی و گه‌ڕان به‌دوای ونبووه‌كانی ئه‌م تراژیدیا مرۆییه‌ كه‌موێنه‌یه ‌و دابینكردنی بودجه‌و شایسته‌ی دارایی پێویست بۆ پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌، هاوشێوه‌ی پارێزگاكانی تری هه‌رێمی كوردستان”.

ڕاشیگەیاندووە، “وه‌ك په‌رله‌مانی كوردستانیش به‌ ئه‌ركی سه‌رشانی خۆمانی ده‌زانین كه‌ پاڵپشتیی ته‌واوی داواكارییه‌كانی خه‌ڵكی به‌شمه‌ینه‌تی هه‌ڵه‌بجه‌و ناوچه‌ زیانلێكه‌وتووه‌كانی ده‌وروبه‌ری بین و په‌رله‌مانتاران به‌گشتی و په‌رله‌مانتارانی سنوورى هه‌ڵه‌بجه‌ و لیژنه‌ تایبه‌تمه‌نده‌كانیش ڕاده‌سپێرین كه‌ به‌رده‌وامبن له‌ چاودێریكردنی ڕه‌وشی به‌ره‌وپێشه‌وه‌چوونی شاره‌كه‌ له‌سه‌ر ئاستی ته‌ندروستی، په‌روه‌رده‌و فێركردن و ڕۆشنبیری، خزمه‌تگوزارییه‌ گشتییه‌كان، هاوكات به‌دواداچوونی به‌رده‌وام بۆ كێشه‌و گرفته‌كانیان بكه‌ن و له‌گه‌ڵ داموده‌زگاكانی حكومه‌تدا به‌ده‌نگ ویست و داخوازی و جێبه‌جێكردنی داواكانیانه‌وه‌ بچن”.

بابەتی پێشتر

وەزیری دەرەوەی ئێران پەیامێکی لەبارەی ساڵیادی هەڵەبجەوە بڵاوکردەوە

بابەتی دواتر

لەبارەی کۆچی دوایی ئۆجەلانەوە ڕونکردنەوە دەدرێت

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی هاوپەیمانان هاوخەمی بۆ شەهیدبوونی فەرماندە ئاكام رادەگەیەنێت

فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی هاوپەیمانان هاوخەمی بۆ شەهیدبوونی فەرماندە ئاكام رادەگەیەنێت و دەڵێت، دڵگرانین بە لەدەستدانی ئەو پێشمەرگە قارەمانە…
Total
0
Share