ئەمڕۆ ساڵڕۆژی لەدایكبوونی خاوەن یەكێك لە زیرەكترین و دەگمەنترین مێشكە كە مرۆڤایەتی بەخۆیەوە بینیوە. ئەنیشتاین چەند دەیەیەكە جێیهێشتووین، بەڵام بیردۆزەكانی لە فیزیادا بەزیندوویی دەمێننەوە، بەهەمان شێوە ئەو وێنە بەناوبانگەشی كە تیایدا بەشێوەیەكی سەرسوڕهێنەر زمانی دەرهێناوە، كەواتە چیرۆكەكەی چییە؟
لە 14ی ئازاری ساڵی 1951 هاوڕێیانی ئەلبێرت ئەنیشتاین-ی بلیمەتی فیزیا بەبۆنەی 71یەمین ساڵیادی لەدایكبوونیەوە لە ئاهەنگدا بوون لە پەیمانگای (لێكۆڵینەوە پێشكەوتووەكان)ی سەر بە زانكۆی برینستۆن-ی ئەمریكی لە نیوجێرسی، كە پێشتر بۆ كاركردن لە پەیمانگاكە ڕووی لێكرد.
لە دەرەوەی بینای پەیمانگا زانستییەكە ڕۆژنامەنوسان و وێنەگران لە چاوەڕوانیدا بوون، دەیانویست وێنەیەكی ڕاو بكەن، یان گوێ لە ڕاكانی ناسراوترین زانای فیزیا بگرن دەربارەی پرسەكانی پەیوەندیدار بە جیهان. ئەنیشتاین بەهۆی ئاهەنگەكەوە ماندوو و بێزاریش بوو لە شوێنكەوتنی لەلایەن ڕۆژنامەنوسانەوە، وەك ئەوەی ئەو زانا ئەڵمانییەی پێدەناسرایەوە كە حەزی بە شوێنكەوتنی بەردەوامی لەلایەن میدیاكارانەوە نەبوو.
ئەنیشتاین بەهەر جۆرێك بێت دەیەوێت لە شوێنەكە بڕوات، بەڵام ناتوانێت، بۆیە لە كورسی دوای فرانك ئەیدلوتە، بەڕێوبەری پەیمانگاكە و ماری هاوسەری دادەنیشێت. لەوكاتەشدا بەردەوام بە وێنەگر و ڕۆژنامەنوسان دەڵێت، “بەسە، بەسە”، بەڵام ئەوان لێی ناگەڕێن. یەكێكیان پێیدەڵێت، “پڕۆفیسۆر، تكایە زەردەخەنەیەك، دەمەوێت وێنەیەكت بگرم”.
وێنەیەك بۆ مێژوو
ئەنیشتاین-ی خاوەن مێشكی نائاسایی و ئازاد و خاوەن ڕۆحی گاڵتەكردن، زمانی بۆ ڕۆژنامەنوسان دەردەهێنێت و لەو كاتەدا ئارسەر ساسە-ی وێنەگر پەنجە بە كامێراكەیدا دەنێت، بەمەش وێنەیەك دەگرێت كە دەبێتە یەكێك لە بەناوبانگترین وێنەكان و نیشانەیەكی دیاری ئەنیشتاین. كە خاوەنەكەی مامۆستایەكی خاوەن قژێكی درێژ و ئاڵۆسكاوە بە جلوبەرگێكی ئاسایی و سادەوە، ئەو كەسەی تەنانەت زۆرجار لەبیریدەكات گۆرەییەكانی لەپێ بكات، خاوەنی هەردوو بیردۆزی ڕێژەیی گشتی و تایبەت كە زۆرێك تەنانەت لێی تێناگەن، ژمارەیەكی كەمی شارەزایان نەبێت. وێنەیەكی نامۆی یەكێك لە زیرەكترین مرۆڤەكانی سەر هەسارەی زەوی.
وێنەكە زۆر بەناوبانگ بوو، هۆكارەكەشی تەنها بۆ ئارسەر ساسە-ی وێنەگری ناگەڕێتەوە بەڵكو بۆ ئەنیشتاین-یش، كە سەرسامبوو بە وێنەكە و داوای نوسخەیەكی كردووە و دواتر وێنەكەی وا بڕیووە كە تەنها خۆی و زمانە درێژەكەی دەربكەوێت بەبێ دەركەوتنی بەڕێوبەری پەیمانگەكە و هاوسەرەكەی.
ئەنیشتاین نوسخەیەك لە وێنە دەستكاریكراوەكە بۆ ژمارەیەك لە هاوڕێ و هاوەڵاتی دەنێرێت، یەكێك لەو هاوڕێیانەی یوحەننا ڤانتۆفا-یە كە بەگاڵتەوە پێی دەڵێت، “زمانە درێژەكەم لە وێنەكەدا هەڵوێستم بەرامبەر سیاسەتی جیهانی نیشاندەدات”. ئەو هیچكات پشتگیری جەنگی سارد و ئەو سیاسەتی شوێنكەوتنەی نەدەكرد كە شوێنكەوتووانی جەنەڕاڵ كۆن ماكارسی دژ بە شیوعییەكان لە ویلایەتە یەكگرتووەكاندا ئەنجامی دەدات بەبیانووی ئەوەی “ئەمریكی نین”.
ئەنیشتاین دوو ڕستەی بەناوبانگی هەیە دەربارەی دەبەنگیی هەندێك كەس. لە یەكەمیاندا دەڵێت، “ناتوانرێت بەسەر حوكمی دەبەنگەكاندا سەربكەویت، لەبەر ئەوەی ئەوان زۆرینەن و دەنگیان وەك دەنگی ئێمە ئەژماردەكرێت”. لەدووەم ڕستەی بەناوبانگیشیدا دەڵێت، “دوو شت كۆتاییان نایەت: گەردوون و دەبەنگیی مرۆڤایەتی، بەڵام تائێستا بەتەواوی دڵنیانیم لە كۆتایی گەردوون”، بەو واتایەی زۆر دڵنیایە لەوەی دەبەنگیی مرۆڤ كۆتایی نایەت.
دەبەنگی، ئەوەیە كە ئەنیشتاین بە بلیمەتییە دەگمەنەكەیەوە ڕوبەڕووی دەبێتەوە، بەو زمانەی لە وێنەكەیدا دەردەكەوێت و لەئێستادا لە زۆر شوێنی جیهاندا دەیبینین، لەسەر تیشێرت و كارتی پیرۆزبایی یان لەسەر كتێب و كوپی چا و تابلۆ گەورەكانی سەر دیواری باڵەخانەكان.
ئەلبێرت ئەنیشتاین، لە 14ی ئازاری 1879 لە شاری ئۆلم-ی ئەڵمانی لە دایك و باوكێكی جولەكە لەدایكبووە و لە شاری میونیخ گەورە بووە. ئەنیشتاین-ی منداڵ تا تەمەنی سێ ساڵی نەیتوانیوە قسە بكات، بەڵام دواتر بووە ئەو كەسەی ئەوپەڕی گرنگی بە سروشت بدات و تێگەیشتە قورسەكان لەبارەی بیركاری و فیزیاوە شی بكاتەوە.
س: DW