بەرەی عەرەبی یەكگرتوو لە كەركوك هێزە ئەمنییەكانی هەرێمی كوردستان بە دەستگیركردنی 5 هەزار عەرەبی شارەكە تۆمەتبار دەكات، بەرپرسانی كوردی ئاسایشی پێشووی شارەكەش ڕەتیدەكەنەوە هیچ بەندكراوێكیان لابێت.
نەدیم شمەری، جێگری سەرۆکی بەرەی عەرەبی یەکگرتوو ڕایگەیاند، “5 هەزار کەس لە عەرەبی کەرکوک لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستانەوە دەستگیركراون و بەندکراون”.
نەدیم شمەری داوای لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە، ئەو دەستگیرکراوانە ئازاد بکات یان ڕەوانەی دادگایان بکات و هۆشداریشی داوە لە ئازادنەکردنیان و دەڵێت، “ئەو هەنگاوە زیان بە پەیوەندیی کۆمەڵایەتی لە پارێزگای کەرکوک دەگەیەنێت”.
لایەنە كوردییەكان چی دەڵێن؟
ئەندامێكی پێشووی ئەنجومەنی پارێزگای شارەكە ئەو دەنگۆیە ڕەتدەكاتەوە و دەڵێت، دەیانەوێت بەو هەوڵانە ئەو كەسانە بشارنەوە كە داعش بوون و لە بەرەكانی شەڕ كوژراون.
محەمەد كەمال، ئەندامی پێشووی لیژنەی ئەمنیی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك (پارتی) بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، ئەوانەی داعش بوون یان لە بەرەی شەڕ كوژراون یان لە بەرەكاندا دەستگیركراون، لایەنە عەرەبەكان دەیانەوێت لەسەر كوردی ئەژماربكەن.
وتیشی، “بەرەی عەرەبی یەكگرتوو داعشەكانی موسڵ و حەویجە و داعشە عێراقییەكان بەوە حساب دەكات كە گیراون، لەكاتێكدا ئەوانە لە شەڕەكاندا لەناوبراون”.
محەمەد كەمال ئەوەشی خستەڕوو، ڕەنگە خەڵك داعش بوبێت و گیرابێت و چەندین داعش پێش ئەوەی عەمەلییەكەی ئەنجامبدات گیراون، ئەو جۆرە دەستگیركردنە لە عێراق و بەغداد و لە ئەوروپاش هەبووە و هەیە، “هەر كەسێك تاوان بكات كورد بێت یان عەرەب و توركمان، یان ئەوروپی بوبێت ئەوانە حەتمەن دەگیرێن، كە دەستگیریش دەكرێن مانای وایە داعشێك گیراوە نەك ئەوروپییەك یان فەڕەنسییەك”.
تەنها لایەنی عەرەبی شارەكە نییە، بەڵكو پێشتریش ڕێكخراوی هیومان ڕایتس وۆچ، مەترسیی خۆی لە دیارنەمانی 350 زیندانی لای هەرێمی كوردستان نیشاندا، دوای ئەوەی لە چەند ساڵی رابردوودا بە تۆمەتی پەیوەندی بە داعشەوە دەستگیركراون.
ئەو ڕێكخراوە نێودەوڵەتییە لە ڕاپۆرتێكدا لە 21ی كانونی یەكەمی 2017 لە زاری ژمارەیەك شایەتحاڵ و سەرچاوەوە بڵاویكردەوە، “زیندانییەكان زۆرینەیان لە پێكهاتەی عەرەبی سونە و ئاوارەكانی كەركوك بوون، لە دوای دەستبەسەرداگرتنی ناوچەكە لەلایەن هێزە كوردییەكانەوە لە ناوەڕاستی 2014وە دەستگیركراون”.
هەروەها ئاماژە بەوەشكراوە، كاتێك هێزە عیراقییەكان لە 16ی ئۆكتۆبەری 2017دا گەڕانەوە بۆ كەركوك، ئەو دەستگیركراوانە لە شوێنە فەرمی و نافەرمییەكانی دەستبەسەركردندا نەبوون، ئەوەش بە وتەی لێپرسراوانی ناوخۆیی.
لەسەر ئەو تۆمەتانە هەڵكەوت عەبدوڵا، بەڕێوبەری ئاسایشی یەكێتی لە كەركوك بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، “لای ئێمە هیچ بەندكراوێك نییە و ئاگاشمان لێی نییە، پێشتریش چەندین جار ئەو قسە وتراوەتەوە و لێكۆڵینەوە كراوە”.
هەڵكەوت عەبدوڵا وتیشی، “هیچ كەسێكمان دەستگیرنەكردووە و هیچ كەسێكیش لای ئێمە نییە”.
هێزەكانی ئاسایشی یەكێتی تەنها هێزی ئەمنیی شارەكە نەبوون، بەڵكو هێزەكانی ئاسایشی سەر بە پارتیش لە ساڵانی 2017 و پێشتر لە شارەكە دەسەڵاتداربوون جگە لە هێزەكانی پۆلیس و هێزە ئەمنییەكانی عێراق، بەڕێوبەرەكەی ئاسایشی یەكێتی دەڵێت، “چەندین دەزگای ئەمنی لەو شارە هەبوون”.
لای خۆیەوە ئیدریس ڕەفعەت، بەڕێوبەری ئاسایشی پارتی لە كەركوك بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “لای ئێمە وەك بەڕێوبەرایەتیی ئاسایش هیچ بەندێكمان لانییە بە كورد و عەرەبیشەوە”.
ئیدریس ڕەفعەت ئەوەشی وت، “ئەو كەسانەی دەستگیركراون لەڕێی هەڵمەتی هاوبەش بووە كە لەگەڵ پۆلیسدا كراوە و دواتر دراونەتە دادگای كەركوك”.
“ناوی یەك كەسیان لا نییە”
بەرپرسەكەی بەرەی عەرەبی كەركوك ڕوونیدەكاتەوە كە چەندین ساڵە داوای ئازادکردنی ئەو گیراوانە دەكەن، بەڵام حکومەتی عێراق بەدەم داواکارییەکەیانەوە نەهاتووە، لەسەر ئەوە ئەندامێكی پێشووی ئەنجومەنی پارێزگا دەڵێت، تائێستا ناوی یەك كەسیان نەهێناوە.
دڵشاد پیرۆت، ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “هەموو ئەو قسانەی دەیكەن، بانگەشەن و ڕاست نییە، گەر وانییە با ناوەكانیان دەربخەن تا بزانین كێن گیراون”.
ئەندامەكەی پێشووی ئەنجومەنی پارێزگا سەبارەت بەو ڕێژە دەستگیركراوەی عەرەبەكان ئاماژەیان پێكردووە، وتی، “5 هەزار كەس ئەگەر چۆلەكەش بن بۆت ناشاردێنەوە، بۆیە دوورە لە ڕاستییەوە”.
پیرۆت ئەوەشی خستەڕوو، “پێشتریش ئەو بانگەشە كراوە، بەڵام ئەوان داوایان لێكردوون كە ئەو ناوانە كێن بێسەروشوێن بوون و بەڵگەتان هەیە لای كورد بێت، بەڵام چوار ناویان نەهێناوە بڵێن ئەمانەن”.