ئەمریكا بۆ پڕكردنەوەی كەمی هێزەكانی لە عێراق تەكنەلۆجیا بەكاردەهێنێت

ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا ژمارەی هێزە سەربازییەكانی وڵاتەكەی لە عێراق بۆ 3000 سەرباز كەمدەكاتەوە و بۆ پڕكردنەوەی ئەو بۆشاییەش لە هێزەكانیدا دروست دەبێت پشت بە تەكنەلۆجیا و ئامێری پێشكەوتوو دەبەستێت.

بەپێی دوایین بڕیاری ویلایەتە یەكگرتووەكان ژمارەی سەربازانی ئەمریكا لە عێراق لە 5200 سەربازەوە بۆ نزیكەی 3000 سەرباز كەمدەكرێتەوە، ئەمەش واتە پێویستە واشنتن ئەركێكی زیاتر بە سەرچاوەیەكی مرۆیی كەمتر جێبەجێ بكات بەتایبەت پاش زیادبوونی هێرشە موشەكیەكان بۆ سەر باڵیۆزخانەكەی لە بەغداد كە هەمیشە “میلیشیاكانی پەیوەندیدار بە ئێران” لە كاری لەو جۆرە تۆمەتبار دەكات.

سایتی (زە هێل) بڵاویكردوەتەوە پاش شكستی داعش لە عێراق لە ساڵی 2017 هێزە عێراقییەكان كە لەلایەن هێزەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانانەوە ڕاهێنانیان پێكراوە توانای شكست پێهێنانی پاشماوەكانی ڕێكخراوەكەیان هەیە.

بەڵام ئەو ئالنگارییەی ئێستا ڕووبەڕووی واشنتن دەبێتەوە لە بەغداد، ئەو موشەكانەیە كە لەلایەن میلیشیا ئێرانییەكانەوە دەكرێتەسەر بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا، وەك ئەوەی سایتەكە دەیڵێت.

لەماوەی حەوت مانگی ڕابردوودا ویلایەتە یەكگرتووەكان و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی هەشت بنكە و مۆڵگەیان ڕادەستی حكومەتی عێراق كردوەتەوە، ئەمەش واتە هێزەكانی ئەمریكا تەنها لە چەند ناوچەیەكی كەمی عێراقدا ماونەتەوە وەك بەغداد و بنكەی ئەسەدی ئاسمانی و هەرێمی كوردستان ئەمەش وادەكات پنتاگۆن پێویستی بە ئەنجامدانی كاری زۆرتربێت بە سەرچاوەی مرۆیی كەمتر.

هەرێمی كوردستان وەك جێگرەوە
سایتەكە بڵاویكردوەتەوە ئەمریكا خاوەن كەلوپەل و تەكنەلۆجیایە بۆ ئەو ئەركە، لەڕێی بەكارهێنانی فڕۆكەی بێفڕۆكەوان و هەواڵگری.

ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە، فڕۆكەی بێفڕۆكەوان جەنگی پێ نابرێتەوە، بەڵام ویلایەتە یەكگرتووەكان لە جەنگێكی گەورەدا نییە لە عێراق، بەهۆی ئەوەی داعش بە گروپی بچوك لە ئەشكەوت و ناوچە بیابانییەكاندا ماونەتەوە.

هەروەك تیشكی خستوەتەسەر بەكارهێنانی سیستمی (C-RAM) كە لە 14ی ئەم مانگە بەكارهێنرا بۆ ڕێگری لە دوو مووشەك كە كرایەسەر ناوچەی سەوز، ئەمەش نیشانەیە بۆ بوونی جێگرەوەی بەرگری خاوەن توانای بەرزی تەكنیكی لەلایەن ئەمریكاوە.

داخستنی بنكە و مۆڵگەكان بە ئامانجگرتنیان لەلایەن میلیشیاكانەوە كەمدەكاتەوە و بڵاوكردنەوەی هێزەكان لە هەرێمی كوردستان لەلایەن سایتەكەوە بە یەكێكی تر لە چارەسەرەكان بۆ پاراستنی سەلامەتییان ناوبراوە.

زیادبوونی هێرشی سەر هێزە بیانییەكان
پەنابردن بۆ تەكنەلۆجیا و ئامێرە پێشكەوتووە سەربازییەكان دوای زیادبووونی ژمارەی هێرشە جۆراوجۆرەكان دێت بۆ سەر هێزەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانان لە عێراق.

دوێنێ شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنیی عێراق بڵاویكردەوە، بۆمبێکی چێنراو بە کاروانێکی ئۆتۆمبێلەکانی کۆمپانیایەکدا تەقیوەتەوە کە گرێبەستی لەگەڵ هێزەکانی هاوپەیمانان هەیە بە مەبەستی گواستنەوەی کەلوپەلی لۆجستی، تەقینەوەکە لە ناحیەی نیل لە پارێزگای بابل باشووری عێراق ڕویداوە.

هێرشەكە بە سێیەم هێرشی هاوشێوە دادەنرێت کە لەماوەی 24 کاتژمێردا ئەنجامبدرێت، تائێستاش هیچ لایەنێک بەرپرسیاریەتیی خۆی لە ئەنجامدانی ئەو هێرشە ڕانەگەیاندووە.

لە مانگی تەموزی ڕابردووەوە تائێستا چەندینجار کاروانی گواستنەوەی کەلوپەلی لۆجستی و سەربازیی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش لە چەند پارێزگایەکی عێراق لەلایەن کەسانی نەناسراوەوە کراونەتە ئامانج.

ڕۆژی سێشەممەش هێرشێكی مووشەكی كرایەسەر ناوچەی سەوزی بەغداد بێ ئەوەی هیچ زیانێکی گیانی هەبوبێت، بەپێی ڕاگەیەنراوێكی شانەی ئەمنی، هێرشەکە بە سیستمی C-RAM وەڵامدراوەتەوە.

لە دوای کوژرانی مەهدی موهەندیس و قاسم سولەیمانی، فەرماندەی هێزی قودسی ئێرانی، وەک دوو سەرکردەی سەربازی و مەیدانی هێزە شیعەکانی عێراق هێرشی ناو بەناو بۆ سەر ناوچەی سەوز و فڕۆکەخانەی بەغداد بەردەوامی هەیە و بەرپرسانی ئەمریکاش گروپە چەکدارەکانی لایەنگری ئێران بەو هێرشانە تۆمەتبار دەکەن، ئەگەرچی دوو مانگ پێش ئێستا هێزە عێراقییەکان چەند چەکدارێکی حزبوڵایان بە تۆمەتی هێرشی موشەکی لەناو خاکی عێراقدا دەستگیرکرد، بەڵام هەرزوو ئازادکران.

كشانەوەی ئەمریكا و ئەڵمانیا
لە 10ی ئەم مانگە جەنەڕاڵ كینیس ماكنزی، فەرماندەی ناوەندی هێزەكانی ئەمریكا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕایگەیاند، لەم مانگەدا ژمارەی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق بۆ سێ هەزار سەرباز كەمدەكرێتەوە.

لە ساڵی 2016وە ئەمە گەورەترین هەنگاوە كە ئیدارەی ئەمریكا بۆ كەمكردنەوەی هێزەكانی وڵاتەكەی لە عێراق بینێت.

ڕۆژێك دواتریش دەسەڵاتدارێتیی بەرلین سوربوونی وڵاتەكەی لەسەر كەمكردنەوەی هێزەكانی لە عێراق بۆ لانی كەمی 500 سەرباز ڕاگەیاند و بەمەش 200 سەربازی ئەو وڵاتە دەكشێندرێنەوە.

بابەتی پێشتر

پرۆژەیاسای 'لە ئەستۆكردنی فەرمانبەران' دەتوانێت سامانی بەهەدەردراو بگەڕێنێتەوە؟

بابەتی دواتر

جێ پێیەکی 120هەزار ساڵی لە سعودییە دۆزرایەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share