ژمارەیەك دیپلۆماتكاری ئەوروپی و ئەمریكی لێدوانیان بۆ ڕۆژنامەی “نیویۆرك تایمز” داوە و ئاشكرایانكردووە، “دانوستاندن لەنێوان واشنتن و تاران دەستپێدەكەنەوە.”
ڕۆژنامە ئەمریكییەكە لە زاری ئەو دیپلۆماتكارانەوە بڵاویكردووەتەوە، “دانوستاندنی نافەرمی لەنێوان ئێران و ئەمریكادا دەكرێن و بڕیارە لە هەفتەی داهاتووەوە دانوستاندن و وتووێژەكان لەنێوان ئەو دوو وڵاتەدا دەستپێبكەن.”
ئاماژە بۆ ئەوەش كراوە كە هەردوولا هەوڵدەدەن لەبارەی ڕێككەوتننامەی ئەتۆمی و دۆسێی ئەتۆمیی ئێران گفتوگۆ بكەن و هەوڵی گەڕانەوە بۆ ڕێككەوتنە ئەتۆمییەكەی ساڵی 2015ی نێوان ئێران و خۆرئاوا بدەن.
بەگوێرەی ڕۆژنامەكە، ئیدارەی جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكا ئێستا لەنێوان دوو بەرداشدایە، لەلایەن هاوپەیمانە ئەوروپییەكانی ئەمریكا دەیانەوێت ڕێككەوتن لەگەڵ ئێران بكرێت و هاوكاتی ئەوەش سیاسەتمەدار و یاسادانەرانی ئەمریكا دژی ئەوەن ئیدارەی جۆ بایدن هەر سازشێك بۆ ئێران بكات.