پاپا فرانسیس، ئەمڕۆ چوارشەممە 10ی ئازار دوای گەڕانەوەی لە سەردانێکی بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان وتارێکی لەوبارەیەوە پیشکەش کرد و ڕایگەیاند کە گەلی عێراق شایستەی ژیانێکی ئاشتیانە و گێڕانەوەی کەرامەتن بۆ گەل و وڵاتەکەیان.
پاپا فرانسیس لە وتارەکەیدا ڕایگەیاند، “گەلی عێراق مافی ژیانێکی ئاشتیانە و گێڕانەوەی کەرامەت بۆ گەل و وڵاتەکەیان هەیە، ڕەگی ئاینی و ڕۆشنبیری عێراقییەکان دەگەڕێتەوە بۆ هەزاران ساڵ بەر لە ئێستا”.
پاپا وتی، “وڵاتی دوو ڕوبارەکە ناوەندی شارستانییەتە، مێژووی بەغداد ئەو گرنگییە قوڵەی دەردەخات، بەڵام ئێستا جەنگ وێرانی کردووە”.
ئاماژەی بەوەشکرد، “جەنگ ئەو دێوەزمەیە کە خۆی دەگۆڕێت لەگەڵ گۆڕانکارییەکاندا و بەردەوامە لە لەناوبردنی مرۆڤایەتی جەنگ چارەسەری کێشەکان نییە، بەڵام وەڵامدانەوەی جەنگ جارێکی دیکە جەنگ دروستدەکات، ئەمە وەڵامەکەیە برایان”.
وتیشی، “وەڵامدانەوەی چەک بە چەک نابێت، من پرسیار لە خۆم دەکەم ئایا کێن ئەوانەی ئەمڕۆ چەک بە تیرۆریستان دەفرۆشن”.
پاپا فرانسیس وتی، “جەنگ و تیرۆر ئەو تەحەدییانەن کە ڕوبەڕوی عێراق بوونەتەوە نەک هەر عێراق بەڵکو هەموو جیهان پێوەی دەناڵێنن”.