پاپا مەرجی هاوسەرگیری نەکردنی قەشە هەڵدەوەشێنێتەوە

بەپێی رۆژنامەی تایمزی بەریتانی ، پاپا فرانسیس دەرگای پێداچوونەوەی بە یاساکانی کڵێسای کاسۆلیکی سەبارەت هاوسەرگیرنەکردنی قەشەکان کردووەتەوە و قەدەغەکردنی بە “کاتی” وەسفکردووە.

ئەم لێدوانەی پاپا فرانسیس لە میانی چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ گۆڤاری “ئینفۆبای” ئەرجەنتینی، بەبۆنەی دەیەمین ساڵیادی چوونە سەر کورسی پیرۆزەوە بوو.

پاپای تەمەن 86 ساڵ بە روونی ئەوەی خستەڕوو کە هیچ دژایەتییەک لە نێوان هاوسەرگیریی قەشە و خزمەتکردنی کڵێسادا نییە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە مەرجی هاوسەرگیری نەکردن لە کەنیسەی کاسۆلیکیدا مەرجێکی کاتییە.

لە درێژەی قسەکانیدا وتی، “هاوسەرگیرنەکردن بۆ ئەوەی ببیت بە قەشە مەرجێکی ئەبەدی نییە، چونکە هیچ دژایەتی و رێگرییەک لەنێوان ئەو دووانەدا نییە”.

پاپا دەڵێت، کە مەرجدارکردنی بوون بە قەشە بەوەی نابێت هاوسەرگیری بکەن لە سەدەی چوارەمی زایینیدا دانراوە و یۆحەنا پاوڵی دووەم و بەنێدیکتی شانزەهەم بە توندی بەرگریان لەم بنەمایە کردووە.

گۆڤاری  ئیکۆنۆمیست  لە راپۆرتێکی پێشوودا باسی لەوەکردووە کە کەنیسەی کاسۆلیکی پێویستە مەرجی هاوسەرگیرنەکردنی قەشە هەڵبوەشێنێتەوە، بەو پێیەی ئەمە رێگایەک دەبێت بۆ دانانی ئەو پیاوە ئایینیانەی کە دەستدرێژی ناکەنە سەر منداڵان.

ئەمە لە کاتێکدایە قەشە کاسۆلیکییەکان، بە نزیکەیی لە هەموو ئاستێکدا، بە دەستدرێژیکردنە سەر منداڵان لە زۆرێک لە وڵاتان تۆمەتبار کراون.

تەنها لە فەرەنسا ژمارەی قوربانییەکان لە ماوەی 70 ساڵی رابردوو پێش ساڵی 2020 بە 216 هەزار کەس مەزەندە دەکرێت.

گۆڤارەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، لابردنی مەرجی هاوسەرگیرینەکردنی قەشەکان “هەروەها دەبێتە هۆی کەمکردنەوە ئەو لێشاوەی بەجێهێشتنی کڵێساکان لەلایەن باوەڕدارانەوە ئەوەش بەهۆی ئەوە متمانەیان نەماوە بەهۆی بڵاوبوونەوەی هەواڵەکانی دەستدرێژیکردنەوە”.

بابەتی پێشتر

براوەکانی ئۆسکاری 2023 کێن؟

بابەتی دواتر

ساڵانە 60 تۆن ئاڵتوون لە هەرێمەوە دەهێنرێتە عێراق

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share