ستیڤانۆ و سارە باربیریس، كە هەردووكیان لە چلەكانی تەمەنیاندان و دانیشتووی شارۆچكەیەكی بچووكن لە ناوچەی لۆمباری ئیتاڵیا، بڕیاریاندا خانووەكەیان بفرۆشن بۆ ئەنجامدانی گەشتێك كە ماوەی ساڵێك دەخایەنێت.
لەو گەشتەدا منداڵەكانیان لاگۆ (11 ساڵ) و تینا (8 ساڵ) و تیمۆ (3 ساڵ) یاوەری خێزانەكە دەبن، جگە لە پیبەر،ی سەگە بچوكەكەیان.
بە پارەی خانووەكە ئەو خێزانە بەلەمێكی 17 مەترییان كڕیوە و دەشڵێن، منداڵەكان لەگەڵ خۆیان دەبەن بەهۆی ئەوەی گەشتەكە ئەزموونی ژیانیان بۆ فەراهەمدەكات، جگە لە هەلێكی فێربوونی بێ وێنە.
بڕیارە گەشتی خێزانەكە لە كۆتایی ئەم مانگە لە كەرتی لاسپیتسیا لە لیگۆریا،ی باكوری ڕۆژئاوای ئیتاڵیا بەرەو دورگەی بلیاری ئیسپانیا و دواتریش جەبەل تاریق و بەرەو زەریای ئەتڵەسی دەستپێبكات.
دایك و باوكەكە دەڵێن، پاڵنەری گەشتەكەیان ویستی تاقیكردنەوەی شێوازێكی جیاوازی ژیان و فەراهەمكردنی ئەزمونكردنیەتی لەلایەن منداڵەكانیانەوە.
سارە دەڵێت، ئێمە دڵخۆشین و هەست بە حەزێكی زۆر دەكەین بۆ تاقیكردنەوەی جۆرێكی جیاوازی ژیان. دوور لە ڕۆتینی ڕۆژانە و دووبارەبوونەوەی قوتابخانە.
دوو هاوسەرەكە نیگەران نین لەبارەی ئەوەی چییان بەسەردێت پاش كۆتایی گەشتەكە و گەڕانەوە بۆ ئیتاڵیا بەبێ ئەوەی شوێنێكیان هەبێت بۆ مانەوە و لەوبارەیەوە سارە دەڵێت، “خەونی ڕاستەقینەمان دەستكردنە بە گەشتەكە و مانەوەیە لە دەریا بۆ ماوەی ساڵێك یان دوو ساڵ، بەڵام خەون بێ بەرامبەر نییە، ئێستا هەنگاو بە هەنگاو دەڕۆین و چێژ لە هەر ساتێكی ئەو گەشتەی چاوەڕوانین دەبینین”.