حوسییەكان دەیانەوێت گەورەترین بەندەری سعودیە بە ئامانج بگرن

بەندەری “ڕەئس تەنورە” دەكەوێتە ناوچەكانی ڕۆژهەڵاتی سعودیە لە كەنداوی عەرەبی، بە گەورەترین مینای سەرخستنی نەوتی خاو دادەنرێت لە جیهاندا.

ئەو بەندەرە توانای هەناردەكردنی 6 ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانەی هەیە، كە دەكاتە 7%ی كۆی خواستی جیهانی بۆ نەوت.

بەندەرەكەی شارە سعودییەكە، گۆڕەپانێك لەخۆ دەگرێت كە چەند كۆگایەكی تێدایە توانای هەڵگرتنی 33 ملیۆن بەرمیل نەوتی هەیە،  چوار دوورگەی دەستكردیش دروستكراون كە توانای هەڵگرتنی شەش گوێزەرەوەی بە كێشی 500 هەزار تۆن هەیە لە یەك كاتدا.

بۆ یەكەمجار لە مێژووی ئەو بەندەرەدا زەیتی خام بۆ بازاڕەكانی جیهان گوازرایەوە لە ساڵی 1939.

هەروەها لە ساڵی 1949، كۆمپانیای ئارامكۆی سعودی پاڵاوگەی ڕەئس تەنورەی دامەزراند، بۆ هەناردەركردنی بەرهەمە هایدرۆكاربۆنییەكان لەڕێی ئەو بەندەرەوە، توانای پاڵاوتنی 525 هەزار بەرمیلی ڕۆژانەی هەیە.

بەندەرە زەبەلاحەكە لە ژێر مەترسیی هێرشەكانی حوسییەكاندایە

شەوی ڕابردوو 7ی ئازار، سعودیە ئاشكرایكرد، هەوڵی بە ئامانجگرتنی بەندەری ڕەئس تەنورە و بنكەیەكی سەربە كۆمپانیای ئارامكۆ دراوە لە زەهران، ئاماژەی بەوەشكردووە، “ئەو جۆرە دەستدرێژییانە هەناردەكردنی نەوت بە جیهان بە ئامانج دەگرێت، نەك تەنها سعودیە”.

لای خۆیەوە توركی مالیكی، وتەبێژی وەزارەتی بەرگریی سعودیە ئاشكرایكردووە، “فڕۆكەیەكی بێ فڕۆكەوانی هێرشبەریان لەناوبردووە بەرلەوەی بگات بە ئامانجەكەی كە لە دەریاوە ئاڕاستە كرابوو، هەروەها موشەكێكی بالیستیش لەناوبراوە كە بە ئاڕاستەی ئارامكۆ لە زەهران تەقێندرابوو”.

لەلایەكی دیكەوە، ئاژانسی هەواڵی سعودیە ئاماژەی بەوەكردووە، دوێنێ یەكشەممە یەكێك لە گۆڕەپانەكانی لە كۆگانانی نەوت لە بەندەری ڕەئس تەنورە، بە فڕۆكەی بێفڕۆكەوان هێرشی كراوەتەسەر.

ئەوەی بەرپرسانی سعودیە ئاشكرایانكردووە، هێرشەكانی دوێنێ هیچ زیانێكی گیانی یان مادییان بەدوادا نەهاتووە.

سعودیە بە ئاشكرا دەستی تۆمەت بۆ چەكدارانی حوسی درێژ دەكات، بەڵام حوسییەكانیش نایشارنەوە كە ئەوان هەوڵی بە ئامانجگرتنی چەند پێگەیەكی گرنگی سعودیە دەدەن.

یەحیا سەریع، وتەبێژی هێزەكانی حوسی ڕایگەیاندووە، “كۆمپانیای ئارامكۆیان بە ئامانج گرتووە لە بەندەری ڕەئس تەنورەی سعودیە، هەروەها چەند ئامانجێكی سەربازییان لە ناوچەكانی دەمام پێكاوە”.

وتەبێژی چەكدارانی حوسی ئاشكراشیكردووە، “چەند پێگەیەكی دیكەی سەربازییان لە ناوچەكانی عەسیر و جیزان بە چوار فڕۆكەی بێفڕۆكەوان و حەوت موشەكی جۆری بەدر بە ئامانج گرتووە”.

لە ڕاگەیەندراوێكی فەرمی چەكدارانی حوسیدا هاتووە، دوێنێ یەكشەممە بە 14 فڕۆكەی بێفڕۆكەوان و هەشت موشەكی بالیستی هێرشیان كردووتە سەر سعودیە.

ئەمریكا شانبەشانی سعودیە دەوەستێت

پاش چڕبوونەوەی هێرشەكانی سەر سعودیە لەلایەن حوسییەكانەوە، بەشێكی زۆری وڵاتانی عەرەبی پشتیوانیی خۆیان بۆ سعودیە دەربڕی، لەلایەكی دیكەشەوە باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە ڕیاز لە ڕاگەیەندراوێكدا، سەركۆنەی هێرشەكانی سەر سعودیەی كرد.

باڵیۆزخانەی ئەمریكا ڕایگەیاندووە، “ئەمریكا شانبەشانی سعودیە و گەلەكەی دەوەستێت، پابەندین بە بەرگریكردن لە سعودیە و ئاسایشی ئەو وڵاتە بڕیارێكی یەكلاكەرەوەیە”.

سەرەتای شەڕی نێوان سعودیە و حوسییەكان

لە ساڵی 2015ەوە سعودیە سەركردایەتیی هاوپەیمانییەكی سەربازیی عەرەبی دەكات بۆ پاڵپشتیی حكومەتی یەمەن دژ بە چەكدارانی حوسی، پاش ئەوەی لە ساڵی 2014 توانی دەست بەسەر سەنعا و چەند ناوچەیەكی دیكەدا بگرێت.

ڕۆژی شەممە 6ی ئەم مانگە چەند سەرچاوەیەك لە حكومەتی یەمەنەوە بە بەشێك لە میدیا عەرەبییەكانیان وتووە، لەماوەی 24 كاتژمێردا لە شەڕی نێوان حكومەتی یەمەن و حوسییەكاندا 90 كەس لە هەردوولا كوژراون.

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی میدیا سعودییەكان ئاشكرایانكردووە، بە درێژایی شەش ساڵی ڕابردوو ئەو شەڕە وێرانكەرەی بەرۆكی یەمەنی گرتووە بووەتە هۆی كووشتنی دەیان هەزار كەس و ئاوارەبوونی ملیۆنان كەس، نەتەوەیەكگرتووەكانیش بە خراپترین كارەساتی مرۆیی لە جیهاندا ناوی بردووە.

بە درێژایی شەڕی نێوان هاوپەیمانییە عەرەبییەكە و حوسییەكان، چەكدارانی حوسیی بە فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی بۆمبڕێژكراوەوە هێرش دەكەنە سەر سعودیە، ناوبەناویش موشەك ئاڕاستەی ئەو وڵاتە دەكەن.

سەبارەت بە ڕوبەڕوبوونەوەی ئەو جۆرە هێرشە، توركی مالیكی دەڵێت، “سعودیە توانای پوچەڵكردنە و لەناوبردنی هەموو ئەو هێرشانەی حوسییەكانی هەیە، بەجۆرێك هیچ وڵاتێك هاوشێوەی سعودیە ئەو توانایەی نییە”.

بابەتی پێشتر

شاخە ئاڵتونییەكە دەركەوت و شەڕە لەسەری

بابەتی دواتر

تاران: هیچ وتوێژێكمان لەگەڵ واشنتندا نییە

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

دامەزراوەیەكی ئەمریكی: كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق واتا “كۆتاییهاتنی” دۆلار

دامەزراوەی لەویی ئەمریكی تایبەتمەند بە لێكۆڵینەوە سیاسییەكان “رێگرییەكانی” بەردەم كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق لەهەر بارودۆخێكدا ئاشكرادەكات و…
Total
0
Share