دامەزراوەیەكی ئەمریكی: كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق واتا “كۆتاییهاتنی” دۆلار

دامەزراوەی لەویی ئەمریكی تایبەتمەند بە لێكۆڵینەوە سیاسییەكان “رێگرییەكانی” بەردەم كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق لەهەر بارودۆخێكدا ئاشكرادەكات و دەڵێت، كشانەوە واتە “كۆتاییهاتنی” دۆلار و قەڵەمڕەویی ئەمریكا بەسەر جیهانەوە.

دامەزراوەكە روونیكردەوە، حكومەتی ئەمریكا لەماوەی 50 ساڵی رابردوودا و، پاش هەڵوەشاندنەوەی دانانی بودجەی وڵات بە زێڕ، سوورە لەسەر هێشتنەوەی بەهای دۆلار بە بەرزی لەڕێی “کۆنتڕۆڵی سەربازی و سیاسی بەسەر سەرچاوەکانی سەروەت و سامان لە جیهاندا کە گرنگترینیان نەوتە”، دووپاتیشیكردەوە، ئەمەش هۆكاری پاڵنەری بەرگریی سەرۆكەكانی ئەمریكایە لە دیموكراتی یان كۆمارییەكان لە سیاسەتی واشنتن لە عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

دەشڵێت، “سەرەتای ئەم سیاسەتە بە بڕیاری حكومەتی ئەمریكا دێت بە وازهێنان لە دانانی بودجە بە زێر و گۆڕینی بە دۆلار وەك یەكەم دراو لە جیهاندا، دواتر سیاسەتمەدارانی ئەمریکا رێککەوتنێکیان کرد بۆ پاراستنی سیاسەتی کۆنترۆڵکردنی سەرچاوەکانی سەروەت و سامان لە جیهاندا، کە ئێستا مەترسی داڕمانی لەسەرە لە ئەنجامی سیاسەتەکانی حکومەتی ئێستای جۆ بایدن، کە رەچاوی ئەم پلانە ناکات”.

دامەزراوەكە دووپاتیشیدەكاتەوە، لەدەستدانی هاوپەیمانێتییە بەهێزەكەی پێشووی حكومەتی ئەمریكا لەگەڵ وڵاتانی كەنداو، لەگەڵ پاشەكشەی رۆڵە سیاسییەكەی لە جیهاندا، وایكردووە دۆلار لە مەترسیدا بێت. دەشڵێت، “كۆنتڕۆڵكردنی سەرچاوە نەوتییەكان لە عێراق لە ئێستادا بووەتە گرنگترین و بەهێزترین هۆكار، كە ویلایەتە یەكگرتووەكان دەتوانێت لەڕێیەوە پارێزگاری لە بەهای دۆلار بكات كە ئێستا رووبەڕووی پاشەكشە و هەڵاوسان بووەتەوە”، وەك ئەوەی لە راپۆرتەكەدا هاتووە.

هەروەك لە زاری رۆبەرت كیواسكی، توێژەری بواری ئابوری و سیاسی و نووسەری كتێبی (باوكی زەنگین و باوكی هەژار) دەڵێت، كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە عیراق واتە لەدەستدانی یەكێك و دواهەمین هۆكارەكانی هێزی دۆلار لە جیهاندا كە پشتدەبەستێت بە “دەستبەسەراگرتنی سەروەت و سامان” لەجیاتی زێر.

كیواسكی وتیشی، “ئەگەر هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق بكشێنەوە، ئەگەرێكی زۆر هەیە ببێتەهۆی زنجیرەیەك كاردانەوە و پاڵنەر بۆ بانكەكانی جیهان بۆ وازهێنان لە دۆلاری ئەمریكی كە لە بنەڕەتدا رووبەڕووی هەڵاوسان بووەتەوە و لەئێستادا دەناڵێنێت، یەكەم لێكەوتەش لەدەستدانی ئەو پێگەیە دەبێت كە ئێستا دۆلار هەیەتی وەك دراوی یەدەگی نێودەوڵەتی”.

“بانكەكانی جیهان بەشێوەیەكی خێرا واز لە دۆلار دەهێنن لە بەرژەوەندیی دراوی دیكەی زیاتر خاوەن متمانە و جێگیر، نرخی بۆرسەكانی ئەمریكا بەتەواوی هەرەسدێنن و ئابوریی ئەمریكا رووبەڕووی هەڵاوسانێكی گەورە دەبێتەوە بە دوو هێندەی دۆخی ئێستای، ئەوەش دەبێتەهۆی هەرەسهێنانی خێرای ئابوریی ئەمریكا، ئەمەش وادەكات پێگەكەی وەك هێزی دەسەڵاتدار لە جیهاندا لەدەستبدات” وەك ئەوەی ئەو توێژەرە دەیڵێت.

وتەكانی كیواسكی لەلایەن مۆنیكا كرولی، راوێژكاری كاروباری گشتی لە گەنجینەی ئەمریكا دووپاتكرایەوە و لە لێدوانێكدا بۆ تۆڕی فۆكس نیوز وتی، كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق و لێكەوتەكانی دەبێتە هۆی “هەرەسهێنانێكی تەواو لە سیستمی ئابوریی ئەمریكا” دووپاتیشیكردەوە، “مەترسیدارترین فاكتەر لێرەدا تەنها هەرەسهێنان لە ئابوریی ئەمریكادا نییە، بەڵكو لەدەستدانی باڵادەستیی ئابوریی ئەمریكایە بەسەر جیهاندا، هەروەها دۆخی ئێستای وەك هێزی جیهانی” بەپێی وتەی ئەو.

لەئێستادا دۆلاری ئەمریکی بەدەست “هەڵاوسان”ی خێرا و گەورە لە بەهادا دەناڵێنێت لە ئەنجامی لەدەستدانی کۆنترۆڵی حکومەتی ئەمریکا بەسەر سەرچاوەکانی سەروەت و سامان لە سەرانسەری جیهان لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا، کە ناوەندەکە بەرپرسیارێتیی ئێستای دەخاتە ئەستۆی جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا و سیاسەتی ئێستای لە جیهاندا، بەتایبەتی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کە بە وتەی ئەو “واشنتن گرنگترین هاوپەیمانەکانی لەدەستداوە، ئەویش وڵاتانی دەوڵەمەند بە سەرچاوەکانە لە کەنداودا”.

بابەتی پێشتر

وەزیری کۆچبەرانی بەریتانیا دەستی لەکارکێشایەوە

بابەتی دواتر

کەشوهەوای سبەینێ هەینی چۆن دەبێت؟

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

نرخی دۆلار دابەزی

نرخی دراوە بیانییەكان بۆ ئەمڕۆ چوارشەممە 24ی شوبات، لە بازاڕەكانی هەرێم بڵاوکرایەوە، تا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە نرخی…
Total
0
Share