كازمی: پێویستە هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵی ڕێكبكەون و كێشە كەڵەكەبووەكان چارەسەر بكرێن

كەمێك لەمەوبەر، مستەفا كازمی سەرۆكوەزیرانی عێراق لە وتارێكی ڤیدیۆییدا كە لە كەناڵی فەرمیی حكومەتەوە پەخشكرا، داوایكرد هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵیی عێراق ڕێكبكەون و كێشە كەڵەكەبووەكان چارەسەر بكەن.

لە وتارەكەیدا سەرۆكوەزیرانی عێراق وتی، “پێویستە دەرفەت بدرێت بە حكومەت بۆ جێبەجێكردنی كارنامەكەی و ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد.”

كازمی داوای گفتوگۆی نیشتمانییانەی لە هەموو لایەنەكان كرد و ڕایگەیاند، “داوا لە لایەنەكان دەكەم گفتوگۆیەكی نیشتمانییەی قووڵ و گشتگیر بكرێت و یەكڕیزی نیشتمانیی پتەوبكرێت و هێزەكانی ئۆپوزسیۆن بێنە ناو گفتوگۆیەكی ڕاشكاوانەوە.”

لە درێژەی وتارەكەیدا، سەرۆكوەزیرانی عێراق باسی لە هەوڵەكان كرد بۆ دەركردنی هێزە بیانییەكان بەگوێرەی ڕێككەوتن، هاوكات “پتەوكردنی هاوئاهەنگیی لەگەڵ هێزەكانی هاوپەیماناندا لەسەر بنەمای پاراستنی سەروەریی عێراق.”

مستەفا كازمی جەختی لە پێویستیی ڕێككەوتنی هەرێمی كوردستان و بەغداد كردەوە و وتی، “پێویستە هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵی ڕێكبكەون و كێشە كەڵەكەبووەكان چارەسەر بكرێن، بەجۆرێك سەروەریی و یەكێتیی خاكی عێراق پارێزراوبن.”

لەسەر ئاستی هەرێمایەتی، سەرۆكوەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، “عێراق بووەتە پردێك بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی ناوچەكە، دوای ئەوەی بەسەر داعشدا سەركەوت پێگەیەكی بەهێزی بەدەستهێنا، بۆیە داوا لە برایان و وڵاتانی دراوسێ دەكەم دەرگای گفتوگۆ بكەنەوە بۆ چارەسەركردنی قەیرانەكانی ناوچەكە و ڕوبەڕوبوونەوەی تیرۆر و هەمووان خۆیان دووربگرن لە ململانێ، داواكارم عێراق نەكرێتە گۆڕەپانی یەكلاییكردنەوەی ململانێكان، بەڵكو هۆكاری پێكهاتن و چارەسەر بێت.”

لە كۆتایی وتارەكەیدا، كازمی سوپاسی پاپای ڤاتیكانی كرد و سەردانەكەی بۆ عێراق بە ئاماژەیەك بۆ ئاشتی و پێكەوەژیان ناوزەد كرد و وتی، “قەداسەتی پاپا سوپاست دەكەم لەپای سەردانەكەت و هەموو ئەو نزایانەی بۆ گەلی عێراقتان كرد.”

بابەتی پێشتر

لە ڕوداوێکی هاتوچۆدا شۆفێری تراکتۆرێک گیانی لە دەستدا

بابەتی دواتر

وەزارەتی پەروەردەی عێراق ڕێژەی نەخوێندەواریی لە وڵاتدا بڵاوکردەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share