عێراق بە فەرمی گرێبەستی بونیادنانی بەندەری فاوی واژووكرد

بەندەری گەورەی فاو

عێراق بە بەهای 2.6 ملیار دۆلار گرێبەستێكی لەگەڵ كۆمپانیای دایۆی كۆریای باشوور واژووكرد بۆ بونیادنانی قۆناغی یەكەمی بەندەری گەورەی فاو، كە چەند ساڵێكە پلانێك بۆ دروستكردنی لە كەناراوەكانی باشوور دادەنێت.

گرێبەستەكە ئەمڕۆ چوارشەممە 30ی كانونی یەكەم واژووكرا و بەپێی ناوەرۆكەكەی دایۆ پێنج سەكۆی بەتاڵكردنەوەی كەشتی دروستدەكات، جگە لە ئامادەكارییەكان بۆ پێشوازیكردن لە گوێزەرەوە دەریاییەكان.

پرۆژەكە لەوەتەی بەردی بناغەی لە ساڵی 2008دا دانراوە چەندین بەربەستی بۆ دروستكراوە و بەهۆیەوە تا نزیكەی مانگێك لەمەوبەر بە هەڵپەسێردراوی مایەوە.

ناسڕ شبلی، وەزیری گواستنەوەی عێراق لە بەیاننامەیەكدا وتی، “پڕۆژەیەكی ستراتیژی و گەورەیە و دەیان هەزار هەلی كار بۆ گەنجان فەراهەمدەكات”.

پێشتر وەزارەتی گواستنەوەی عێراق كۆمپانیای دایۆی بە پاشەكشەكردن لە دروستكردنی بەندەرەكە تۆمەتباركرد، ئەمەش دوای ئەوەی لە 9ی ئەیلولی ڕابردوو كۆمپانیاكە وەستاندنی كارەكانی لە پرۆژەكە ڕاگەیاند پاش دۆزینەوەی تەرمی بەڕێوبەرەكەی بە هەڵواسراوی.

گرنگی بەندەری فاو بووە دوو هێندە پاش تاوتوێكردنی سودە گەورە ئابورییەكەی، هەروەها بەهۆی ئەو مشتومڕە بەردەوامەی لەنێوان عێراق و كوەیتدا هاتە ئاراوە كە لە بەرامبەریدا بەندەری گەورەی موبارەكی بونیادنا.

بەندەرەکە بە دووەمین گەورەترین بەندەر دادەنرێت لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و لەسەر ئاستی جیهانیش دەیەمین بەندەرە، بە جۆرێک ساڵانە توانای هەڵگرتنی 99 ملیۆن تۆن شمەک و کاڵای هەیە، بڕیاریشە دوای تەواوبوونی، پڕۆژەی هێڵی شەمەندەفەری فاو-ئیبراهیم خەلیل جێبەجێ بکرێت.

وەک پسپۆڕانی بواری ئابوری باسیدەکەن، بە تەواوبوونی بەندەری گەورەی فاو، عێراق دەبێتە گەورەترین ناوەندی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەنێوان خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و خۆرئاوادا، تەنانەت ئاڵوگۆڕی بازرگانی و هاتوچۆی ئاویی جیهان بە تەواوەتی دەگۆڕێت، ئەوەش وایکردووە ئێران و کوەیت و بەشێک لە وڵاتانی کەنداو دژی ئەو پڕۆژە ستراتیژییە بن و پێشتر هەوڵی زۆریان خستبوەگەڕ بۆ ئەوەی عێراق نەبێت بە خاوەنی ئەو بەندەرە و لە دروستکردنی پاشگەزببێتەوە.

بابەتی پێشتر

پۆلیسی سلێمانی: پلەدارەكەی پێشمەرگە لەلایەن كوڕەكەیەوە كوژراوە

بابەتی دواتر

ئەمریكا چەكی زەبەلاح دەنێرێتە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و هەڕەشە دەكات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share