پەیامی سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەت بۆ سەردانی پاپا فرانسیس

هەریەکە لە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ دووشەممە 7ی ئازار پەیامێکیان بەبۆنەی سەردانی پاپا فرانسیس بۆ هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە و جەختیان لە دووپاتکردنەوەی پەیامی ئاشتی و لێبوردەیی کردەوە.

لە توێتێکدا نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ” له‌ سه‌ره‌تاى سه‌ردانيدا‌ بۆ كوردستان، شه‌ره‌فمه‌ندم له‌ هه‌ولێر پێشوازى له‌ پاپا دەکەم، پابه‌نديى هه‌ميشه‌ييمان به‌ ئاشتى و ئازاديى ئايينى و برايه‌تى دووپات ده‌كه‌ينه‌وه‌، سەری ڕێز بۆ پێشمه‌رگه‌ قارەمانەکان و ئەوانە دادەنوێنین كه‌ بۆ ئاشتى و ئازاديى ته‌واوى عێراق گیانیان به‌خشى”.

لە تویتێکی دیکەدا بەبۆنەی هاتنی پاپا فرانسیس مەسرور بارزانی دەڵێت، ” شەرەفمەندم پێشوازی له‌ قه‌داسه‌تی پاپا فرانسیس‌ بۆ کوردستان بکەم،  هاتنی جەنابیان و ئەنجامدانی نزا و نوێژی بە کۆمەڵ لە هەولێر، دووپاتکردنەوەی پەیامی خۆشەویستی و لێبووردەییە”.

مەسرور بارزانی ڕاشیگەیاندووە، ” پابەندبوونی خۆمان دووپاتده‌كەینەوە‌ بۆ بایەخدان بە هەژاران و پەراوێزخراو و چه‌وساوه‌ و ستەملێكراوان”.

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان نوسیویەتی، ” سەری ڕێز و نەوازش بۆ خەبات و تێکۆشانی ئەو پێشمەرگە قارەمانانە دادەنوێنم کە گیانی خۆیان لە پێناو پاراستنی بەیەکەوەژیانی ئاشتیانە و لێبوردەیی و بەهاناوەچوونی خوشک و برا مەسیحییەکانی دەشتی نەینەوا کردە قوربانی و خاچی سەر کەنیسەکانیان بەرز کردەوە”.

دەشڵێت، ” ئەمڕۆ ئێمە به‌یه‌كه‌وه‌ جه‌خت لە ڕێزگرتن لە ئازادیی و فرەئایینی ده‌كه‌ینه‌وه‌، ئەو ڕێبازەی کە لەم خاکەوە بۆ چه‌ندین نه‌وه‌ په‌یڕه‌و كراوه‌”.

بەیانی ئەمرۆ کاتژمێر 8:18 خولەک بەکاتی هەرێمی کوردستان پاپا فرانسیس گەیشتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و لەلایەن هەریەکە لە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پێشوازیلێکرا، دواتر لەگەڵ هەریەکە لە نێچیرڤان بارزانی، مەسرور بارزانی و مەسعود بارزانی کۆبووەوە.

بابەتی پێشتر

پاریس هەوڵەکانی بۆ گواستنەوەی ئەستێرەیەکی گەورەی یونایتد دەستپێکردووە

بابەتی دواتر

لیڤاندۆڤیسکی بووەتە هەڕەشە بۆ ڕیکۆردی "بۆمبەرمان"

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share