ڕێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەبۆنەی نزیکبوونەوە لە ڕۆژی 8ی مارس ڕۆژی جیهانی ژنان ئاماری ساڵێکی خۆکوشتنی ژنانی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند لەو ماوەیەدا 108 ژن خۆیانکوشتووە.
بەپێی ڕاگەیەنراوێکی ڕێکخراوەکە کە ئاماری خۆکوشتنی ژنانی لە مانگی ئازاری 2020 تاوەکو مانگی ئازاری 2021 تێدایە، لەو ماوەیەدا 108 ژن لە شار و ناوچە جیاجیاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان خۆیانکوشتووە.
لە ئامارەکەی ڕێکخراوی هەنگاودا ئاشکراکراوە، ” لە کۆی ئەو 108 کەسەی کە لەو ماوەیەدا خۆیان کوشتووە 30 کەسیان واتە %28ی کۆی حاڵەتەکان تەمەنیان خوار 18 ساڵ بووە هەروەها تەمەنی 10 کەسیشان خوار 15 ساڵ بووە”.
بەپێی ئامارەکە، زۆرترین ڕێژەی خۆکوشتن لە پارێزگای سنە تۆمارکراوە و کێشە خێزانی هۆکاری 81 حاڵەت بووە کە دەکاتە %75ی حاڵەتەکان، چوار حاڵەتیشیان بەهۆی بەزۆر ناچارکردنیان بۆ هاوسەرگیری لەلایەن خێزانەکانیانەوە خۆیانکوشتووە.