بیل گەیتس، ملیاردێری ئەمریكی داوای دوركەوتنەوە لە وەبەرهێنان لە دراوی بتكۆین-دا دەكات بۆ ئەوانەی سەرمایەیەكی كەمتریان لە ئیلۆن مەسك-ی دەوڵەمەندترین پیاوی جیهان هەیە، لەكاتێكدا ئەمەی دووەمیان هانی وەبەرهێنان لە دراوەكەدا دەدات.
بیل گەیتس، دامەزرێنەری كۆمپانیای مایكرۆسۆفت-ی ئەمریكی لەمیانەی چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ ئاژانسی (بلۆمبێرگ) وتی، “لەكاتێكدا ئیلۆن مەسك (ملیاردێری ئەمریكی) سەرۆكایەتی كڕینی شێتانەی دراوە ئەلیكترۆنییەكان لە بازاڕدا دەكات، پێویستە لەسەر هەر كەسێك كە سەرمایەكەی كەمترە لە مەسك دوربكەوێتەوە لە وەبەرهێنان لە دراوەكەدا و، هۆشیاربێت”.
وتیشی، “لەكاتێكدا كە بەرزی و نزمی نرخەكان نابێتە سەرچاوەی نیگەرانی بۆ كەسانی وەك سەرۆكی جێبەجێكردنی كۆمپانیای تێسلا، ڕیسك كردن بۆ ئەوانەی دیكە دەبێتە سەرچاوەی نیگەرانی”.
پێشتر گەیتس باسی لەوەكردبوو كە “بتكۆین زیان بە ژینگە دەگەیەنێت”.
ئەو لێدوانە پاش نزیكەی دوو هەفتە دێت بەسەر ئاشكراكردنی ئەوەی دراوی بتكۆین كارەبایەكی زۆر بەكاردەبات زیاتر لەوەی هەندێك وڵاتی وەك ئەرجەنتین بەكاریدەبەن، لەلایەن توێژەرانی زانكۆی (كامبریدج)ەوە.
لە بەرامبەردا مەسك بانگەشە و داوای وەبەرهێنان لە بتكۆین-دا دەكات پێشبینی ئەوەشیكرد كە دراوەكە بەمنزیكانە دانپیادانان لەسەر ئاستێكی فراوانتر بەدەستبهێنێت.
مەسك پێیوایە وەبەرهێنان لە دراوی بتكۆین-دا كەمتر “گەمژانەیە” بەراورد بە وەبەرهێنان لە دراوی كاغەزدا.
لێدوانە دژ بەیەكەكان بووە هۆی وەستانی زیادبوونی نرخی بتكۆین، پاش ئەوەی لە ژمارە پێوانەییەكەیەوە 58000 دۆلار بۆ ئاستی ئێستای نزیكەی 47300 دۆلار دابەزی.
س: RT