لەسەر ناردنی بەشە بودجەی هەرێم لە بەغدادەوە دڵنیایی دەدرێت

دابەشكردنی موچە ئەمڕۆ چوارشەممە 7ی تشرینی یەكەم لەلایەن حكومەتی ناوەندەوە دەستیپێكرد و پەرلەمانتارانی كوردیش دەڵێن، لە سبەینێوە تا ماوەی هەفتەیەك ئەگەری ناردنی بەشە بودجەی هەرێم هەیە.

وەزارەتی دارایی عێراق ئەمڕۆ دابەشكردنی موچەی مانگی ئەیلولی فەرمانبەرانی وەزارەتەكانی دەستپێكرد، پاش ئەوەی بەهۆی كێشەی كەمی پارەوە موچەی ئەو مانگە دواكەوت.

لە هەرێمی كوردستانیش موچەی مانگی نیسان كە بڕیاربوو لە مانگی ڕابردوو خەرجبكرێت هێشتا دابەشنەكراوە، بەرپرسانی هەرێمیش دەڵێن چاوەڕوانی گەیشتنی ئەو 320 ملیار دینارە دەكەن كە بڕیارە لە بەغدادەوە تایبەت بە موچە ڕەوانە بكرێت.

شیروان میرزا، ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕایگەیاند، دابەشكردنی موچەی عێراق ئەمڕۆ دەستپێدەكات، بەڵام زانیاریم نییە لەبارەی وادەی ناردنی بەشی هەرێم ئایا سبەی دەبێت یان دەكەوێتە هەفتەی داهاتوو.

دەربارەی ئەوەی ئایا هیچ مەترسییەك نییە بەغداد بەهۆی كێشە ئابورییەكانییەوە پشكی هەرێم نەنێرێت، شیروان میرزا وتی، “ڕێككەوتنەكەی نێوان هەولێر و بەغداد بۆ سێ مانگە بۆ ئەو ماوەیە جێبەجێدەكرێت و پارەكە دەنێردرێت”.

پێشتر وەزارەتی دارایی عێراق دابەشكردنی موچەی بەستبوەوە بە پەسەندكردنی پڕۆژەیاسای قەرز لەلایەن پەرلەمانەوە، ئەو پەرلەمانتارە ئاشكرایكرد، شەممە دانیشتنەكانی پەرلەمان دەستپێدەكاتەوە، بەڵام هێشتا پڕۆژە نوێیەكەی وەزارەتی دارایی دەربارەی وەرگرتنی قەرزی زیاتر نەگەیشتووەتە پەرلەمان.

هاوكات ئەحمەد حاجی ڕەشید، ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، ئەمڕۆ دابەشكردنی موچە لە بەغداد دەستی پێكردووە كە بەپێی وەزارەتەكان و ئەو تەمویلەیە كە لە بەردەستیاندایە.

وتیشی، “بەشێوەیەكی گشتی دابەشكردنی موچە هەفتەیەك دەخایەنێت و چاوەڕوان دەكرێت لەو ماوەیەدا 320 ملیارەكەی هەرێمیش بنێردرێت”.

ئەحمەد حاجی ڕەشید، كە ئێوارەی دوێنێ لەنێو وەفدێكی كۆمەڵی ئیسلامی كوردستاندا بەشداری كۆبوونەوەیەكی لەگەڵ مستەفا كازمی سەرۆكوەزیرانی عێراق كردووە، ئەوەی خستەڕوو، عەلی باپیر، ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی داوای لە كازمی كردووە موچەی فەرمانبەران جیابكاتەوە لەو كێشە سیاسییەی هەیە، كازمی-یش وتویەتی “هەوڵی جدی دەدەم و دەشبێت ڕێكبكەوین لەگەڵ هەرێم”.

زیاتر لە 50 ڕۆژ بەسەر دابەشكردنی دواین موچە لە هەرێم تێدەپەڕێت، ئەمەش نیگەرانی موچەخۆرانی هەرێمی لێكەوتووەتەوە و بەهۆیەوە ئەمڕۆ بەڕێوبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی سلێمانی بایكۆتی دەوامی ڕاگەیاند.

بابەتی پێشتر

ئامادەکارییەکانی هەڵبژاردەی ئیسپانیا بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی پۆرتوگال و سویسرا و ئۆکرانیا

بابەتی دواتر

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم پێشنیاری دەستپێکردنەوەی قەدەغەی هاتوچۆ تاووتوێ دەکات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share