پاش كۆتاییهاتنی دانیشتنەكەی پەرلەمانی كوردستان بە بەشداری سەرۆكایەتیی حكومەتی هەرێم و وەزیری دارایی، فراكسیۆنی پارتی ڕایگەیاند، وەڵامی سەرۆكی حكومەت بۆ پرسیارەكانی پەرلەمانتاران مایەی ڕەزامەندی بوون.
پیشەوا هەورامی، وتەبێژی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا وتی، “یەكەمینجارە كە سەرۆكی حكومەتێك خۆی بڵێت دێمە نێو پەرلەمان و بابەتەكان ڕوون بكاتەوە، ئەو قسەیە پوچەڵكرایەوە كە دەیانوت سەرۆكی حكومەت ترسی هەیە بێتە پەرلەمانەوە”.
سەرۆكی حكومەت وەڵامی سەرجەم پرسیارەكانی دایەوە، وەڵامەكانیش بۆ ئێمە مایەی قبوڵ بوون، ڕاستگۆیانە قسەیكردن بە دڵی ئێمە بوو، پەرلەمانتار هەبووە واژووی كردووە لەسەر پرساندنی سەرۆكی حكومەت ئەمڕۆ وتویەتی هیچم نەما بۆ وتن”.
وتەبێژی فراكسیۆنی پارتی وتیشی، “هەندێك پەرلەمانتار تەنها پرسیارەكانیان لەبەردەم كامێرا دەكەن و دوای پرسیارەكانیان هۆڵەكە جێدەهێڵن”.
سەبارەت بە بابەتی پرساندنی سەرۆكی حكومەت كە لەلایەن چەند پەرلەمانتارێكەوە وروژێنراوە، پێشەوا هەورامی ئاماژەی بەوەكرد، “پرساندن بابەتێكی پەیڕەوییە و دەبێت بزانی بۆ چ بابەتێك بانگی دەكەیت، هۆكارێك نامێنێتەوە بۆ هاتنەوەی سەرۆكوەزیران بۆ حكومەت، 98 پەرلەمانتار پرسیاریان كردووە و وەڵامی سەرجەمی دراوتەوە بەبێ كێشە و بە ئارامی”.
لەكۆتاییشدا ئەندامەكەی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان داوای كرد، هەردوو دامەزراوەكە هەماهەنگییەكانیان بەدەوام بن.