قەرزەكانی هەرێم بۆ گەیشتە 28 ملیار؟.. ئامانج ڕەحیم ڕونیدەكاتەوە

سكرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم ئەمڕۆ دووشەممە 5ی تشرینی یەكەم وردەكاری ئەو قەرز و پابەندییە داراییانەی ڕونكردەوە كە كەوتوەتەسەر حكومەتی هەرێم هۆكاری زیادبوونیشی بۆ 28 ملیار دۆلار ئاشكراكرد.

پەرلەمانی كوردستان ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم و ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابوری و ژمارەیەك لە بەرپرسانی ئەنجومەنی وەزیران دانیشتنێكی ئەنجامدا.

لەمیانەی دانیشتنەكەدا مەسرور بارزانی ڕاپۆرتێكی لەبارەی بارودۆخی هەرێم و هەنگاوەكانی كابینەكەی و گرفت و ئالنگارییەكان خستەڕوو.

هاوكات قوباد تاڵەبانی وتەیەكی پێشكەشكرد و تیایدا تیشكی خستەسەر هەوڵەكانی حكومەت بۆ ڕێككەوتن لەگەڵ حكومەتی ناوەند و چارەسەركردنی گرفت و كەلینەكان.

دانیشتنەكەی پەرلەمانی كوردستان زیاتر لە 10 كاتژمێری خایاند و تیایدا پەرلەمانتاران پرسیارەكانی خۆیان ئاراستەكرد و لەلایەن هەریەك لە سەرۆك و جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمەوە وەڵامدرانەوە.

لای خۆشیەوە ئامانج ڕەحیم، سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران چەند پرسێكی ڕوونكردەوە و وەڵامی پرسیاری بەشێك لە پەرلەمانتارانیشی دایەوە لە پرسی تایبەت بە زیادبوونی قەرز و پابەندییە داراییەكانی سەر حكومەت.

ئامانج ڕەحیم ڕایگەیاند، هۆكاری ئەو قەرز و پابەندییە داراییەی كەوتووەتە سەر حكومەت ئەو كورتهێنانەیە كە لەنێوان داهات و خەرجییەكاندا ڕوویداوە.

وتیشی، “حكومەتی هەرێم لە شوباتی ساڵی 2014ەوە توانی بەردەوام بێت لە دابینكردنی موچە هەر 30 ڕۆژ جارێك، لە ساڵی 2015شدا هەشت مانگ موچەی تەواو درا لەكاتێكدا بودجە بڕدرابوو”.

ئەوەشی ڕونكردەوە، بۆ پڕكردنەوەی ئەو كورتهێنانە دەستبراوە بۆ پارەی یەدەگی بانكەكان و ئەو چەكانەی پێیان دەوت “چەكی تەعاهود” كە هەریەك لە (تی بی ئای) و (كەی ئای بی) سەرفیانكردوەتەوە و بوونە پابەندی دارایی لەسەر حكومەت.

ئاشكراشیكرد، ئەو قەرز و پابەندییە داراییانە تەعریفی قەرزیان بەسەردا جێبەجێ ناكرێت، چونكە پابەندی دارایین.

ئامانج ڕەحیم، دەربارەی پرسیاری پەرلەمانتارانیش دەربارەی هۆكاری ئەوەی بۆ قەرزەكانی هەرێم بوونەتە 28 ملیار، ڕونیكردەوە، پاش ئەوەی كورتهێنان ڕوویدا لەنێوان خەرجی و داهات، دەستكرا بە گفتوگۆ لەگەڵ ئەو كۆمپانیانەی لەگەڵ هەرێم گرێبەستیان كردووە و شایستەی كۆمپانیاكان بۆ مانگەكانی تشرینی دووەم و كانونی یەكەمی 2019 و كانونی دووەم و شوباتی 2020یان ڕاگیرا، بەهەمان شێوە شایستەی خەرجی بۆری نەوت ڕاگیراوە.

وتیشی، بەشێكی تری ئەو پارەیە پارەی پێشەكی نەوتە كە لە كۆمپانیاكانی كڕیاری نەوتی هەرێم وەرگیراوە.

ڕونیشیكردەوە ئەو 28 ملیار و 477 ملیۆن دۆلارەی لە ڕاپۆرتەكەی سەرۆكی حكومەتدا ئاماژەی پێكرا، هەشت ملیار و 966 ملیۆن دۆلار پارەی پاشەكەوتكراوی موچەی فەرمانبەران و خانەنشینانە، بڕی پارەی پێشەكی كۆمپانیاكانی كڕیای نەوت بووەتە نزیكەی 4.5 ملیار دۆلار.

ئەوەشی خستەڕوو، یەك ملیار دۆلاری بریتیە لە پارەی بودجەكان، ئەوانەی پڕۆژەی وەبەرهێنانیان كردووە و دەبوو لە دوای ساڵی 2014 پێیان بدرێتەوە.

هەروەها پارەی بانكەكان كە مانگانە 10 ملیۆن دۆلار لادەدرا لەو شایستەیەی هەرێم كە لە بەغداد دەهات ئەوەیان كۆتایی هات، بەڵام ئێستا بەغداد داوادەكات بانكەكانی تریش بەتایبەتی (تی بی ئای) موستەحەقاتیان رێكبخرێتەوە، وەك ئەوەی سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران ئاماژەی پێدا.

بابەتی پێشتر

فراكسیۆنی پارتی: وەڵامەكانی سەرۆكی حكومەت مایەی ڕەزامەندی بوون

بابەتی دواتر

چارەنوسی موچەی فەرمانبەرانی عێراق نادیارە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share