دەقی ڕاپۆرتی سەرۆكی حكومەت لەبەردەم پەرلەمانی كوردستان

سەرۆكی حكومەتی هەرێم ئەمڕۆ دووشەممە 5ی تشرینی یەكەم لە بەردەم پەرلەمانی كوردستان ڕاپۆرتێكی خوێندەوە و تیایدا دۆخی هەرێم و كابینەی حكومەتەكەی و ئالنگارییەكانی خستەڕوو.

مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم بە بەشداری شاندێكی حكومەت بەشداری دانیشتنێكی تایبەتی پەرلەمانی كوردستانیان كرد.

لە دانیشتنەكەدا مەسرور بارزانی ڕاپۆرتێكی خوێندەوە، كە ئەمە دەقەكەیەتی:

بە ناوی خوای گەورە و میهرەبان

سەرۆکی پەرلەمان:

بەڕێزان ئەندامانی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان و پەرلەمانتارانی بەڕێز:

خۆم بە بەختەوەر دەزانم ئەمڕۆ هاتوومەتە پەرلەمانی کوردستان بۆ ئەوەی چەند تەوەر و بابەتێکی گرنگ و جێی بایەخی ئێوە و ڕای گشتی کوردستان، بخەمەڕوو.

بێگومان پەرلەمانی کوردستان، وەک دەزگایەکی گرنگی یاسایی و دامەزراوەیەکی باڵای دەستووری، هەمیشە جێگەی بایەخ و ڕێز و پێزانینی ئێمە بووە. لە دوای سوێندخواردنمان لە بەردەم پەرلەمان و لە ماوەی دوای دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان ، پەیوەندیی و هەماهەنگییەکی بەهێز و پتەو و تەواوکەرمان لەگەڵ هەموو دەسەڵاتەکانی دیکەی هەرێم و لە نێویشیاندا لە گەڵ پەرلەمانی کوردستان هەبووە، کە کاریگەری ئەرێنی هەبووە لە سەر جێبەجێکردنی باشتری کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان.

ئێمە ھەر لەسەرەتاوە و لەکارنامەی کابینەی نۆیەمدا، ئاماژەمان بە رۆلی گرنگیی پەرلەمان کردووە بۆ بە دواداچوونی کارەکانی حکومەت و ھەماھەنگیی و ھاوسەنگیی و بەرپرسیارێتی ھاوبەش. لەم ڕووەشەوە، لە کابینەی نۆیەمدا، بە بەراورد لە گەڵ ھەموو خولەکانی پێشووی پەرلەمان، ئێمە زۆرترین ژمارەی وەزیر و بەرپرسانی حکومەتی ھەرێممان ناردووەتە دانیشتنەکانی پەرلەمان و کۆبوونەوەی لیژنەکانی پەرلەمان. لەسەر بنەمای شەفافیەت، بە ئەرکی خۆمان زانیوە، ڕاستییەکان بە خەڵکی خۆمان بلێین و دوور لە هەموو موزایەدەکردنێک، لە پرۆسەی چاکسازی بەردەوام بین.

بۆ ئاگاداری ئێوەی بەڕێزیش ، ئەنجومەنی وەزیران، بەم نزیکانە راپۆرتێکی تایبەت بە گشت وردەکارییەکانی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی،ڕەوانەی پەرلەمانی کوردستان دەکات.

پەرلەمانتارانی بەڕێز:

ئەمڕۆ خۆشحاڵم لێرەدا ڕوونکردنەوە و وردەکارییی پێویستتان، لە بارەی چەند دۆسییەکی ماوەی کارکردنمان وەکو سەرۆک وەزیرانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشکەش بکەم. لەوانە پڕۆسەی چاکسازی و هەنگاوەکانی جێبەجێگردنی یاسای چاکسازی ، دۆخی دارایی و تەندروستی ئێستای هەرێمی کوردستان و ڕێڕەوی پرۆسەی گفتوگۆ و دانوستان لە گەل حکومەتی فیدرالی لە بەغدا.

بەر لەوەی بچمە سەر وردەکارییەکانی ئەو دۆسیانە ، بە پێویستی دەزانم ئاماژە بەوە بدەم کە لە ماوەی یەک ساڵی دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەمدا ، هەرێمی کوردستان وعێراق و جیهان ، دووچاری چەند قەیرانێکی سەختی تەندروستی و ئابووری بوونەتەوە . بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و لێکەوتە نێگەتیڤەکانی و بەتایبەتی دابەزینی نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا ، هەروەها دواکەوتنی خەرجکردنی بەشە بودجەی هەرێم لە لایەن حکومەتی فیدراڵییەوە ، کاریگەریی نەرێنی لە سەر هەموو بوارەکانی ژیاندا دروست کردووە. ئەم قەیرانانە کێشە و گرفت و تەحەدای گەورەی نەک هەر بۆ ئێمە، بە ڵکو بۆ وڵاتانی زلهێزی خاوەن ئابووریی و پیشەسازی گەورەی جیهانیش، دروست کردووە و سیستەمی دارایی و ئابووریی ئەو وڵاتانەی، ڕووبەڕووی داڕمان و زیانی گەورە و بێ وێنە کردووەتەوە .

سەرەڕای هەموو ئەو قەیرانانەش، بەڵام ئێمە هەرگیز لە کارکردن و پێشکەشکردنی پڕۆژە خزمەتگوزاریی و ستراتیجییەکان نەوەستاوین و بە پێی توانای دارایی بەردەست، بەردەوام بووین کە دواتر ئاماژە بە هەندێکیان دەدەین.

بەڕێزان:

لە ڕێورەسمی سوێندخواردنمان لە بەردەم ئێوەدا، لە گوتارێکدا ئاماژەم بەوە دا، کە ئەرکێکی سەختمان لە ئەستۆ گرتووە و چاوەڕوانیی زۆریش لەم کابینەیە دەکرێت و هەوڵ دەدەین لە ئاست ئەم چاوەڕوانییەدا بین، بەڵام لە هەمانکاتدا گوتم، دەبێ واقعبین بین و کۆسپ و کێشە و گرفتە کەڵەکەبووەکانمان، لە بەرچاو بێت ، چونکە تێپەڕاندنی ئەم کۆسپ و تەگەرانە، کاتیان دەوێت . بۆیە پێویستە لەم چوارچێوەیەدا و بە لە بەرچاوگرتنی ئەو قەیران و دۆخە تەندروستی و داراییە سەختەی هاتە پێش ، هەڵسەنگاندن بۆ کارو ئەدای حکومەتی هەرێمی کوردستان بکرێت.

لێرەدا دێمە سەر باسکردنی ئەو دۆسیانەی کە مەبەستی کۆبوونەوەی ئەمڕۆمانن :

تەوەری یەکەم ( 1)

پرۆسەی چاکسازی:

وەک ئاگادارن، چاکسازی بەشێکی گرنگی کارنامەی کابینەی نۆیەمە و، هەر لە سەرەتاوە زۆر بە جیددی کارمان لە سەر کردووە . بەڵام بێگومان چاکسازی پرۆسەیەکی بەردەوامە و بە شەو و ڕۆژێک تەواو ناکرێت و هەموو کەرتەکانیش دەگرێتەوە.

ئێمە لە سەر چەند ئاستێکی جیاواز دەستمان بە ئەنجامدانی چاکسازی کردووە ، کە دەکرێ بۆ دوو بەشی سەرەکی دابەشی بکەین: چاکسازی دارایی و چاکسازی کارگێڕی.

یەکەم : چاکسازی دارایی:

چاکسازی داراییش هەردوو بواری داهات و خەرجییەکان دەگرێتەوە، بەم شێوەیەی خوارەوە:

چاکسازی لە بواری داهات:

ئەمەش سێکتەرەکانی باج و گومرگ و دەروازی سنوورییەکان دەگرێتەوە، کە بەم شێوەیە بە وردی ئاماژە بە گرنگترین ئەو هەنگاوانە دەکەین کە لەم بوارانەدا ئەنجام دراون:

چاکسازی لە بواری باج:

پشتبەست بە بڕگەی (هەشتەم) لە هێڵە گشتییەکانی بەرنامەی کاری کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمـی کوردستان تایبەت بە چاکسازی کە تیایدا هاتووە: (هەشتەم: چاکسازی لە سیستەمی باج دەکەین و دەبێ دادپەروەری لە وەرگرتنی باج جێگیـر ببێت و هەموو رێکارێکی یاسایی و کارگێڕی دەگرینەبەر بۆ رێگەگرتن لە خۆدزینەوە لە باج و میکانیزم و پێوەری تازە دەگرینە بەر بۆ سەپاندنی باج) ، لە سەر ئەم بنەمایە، لیـژنەیەکى باڵا پێكهێنـرا بۆ پێداچوونەوە بە بوارى باج له هەرێمـی كوردستان. ئەنجومەنی وەزیران سەرجەم ڕاسپاردەکانی لیـژنەکەی بە بڕیاری ژمارە (64)پەسەند کرد و ئێستا کەوتوونەتە بواری جێبەجێکردنەوە. بەتایبەتی لە دانانی باج لە سەر پەیوەندی و گەیاندن و باج لە سەر پڕۆژەکانی وەبەرهێنان.

باجدانان لە سەر کۆمپانیاکانی پەیوەندی و گەیاندندا:

1- لە چوارچێوەی دانانی باج لە بواری پەیوەندی و گەیاندندا ( وەک مۆبایل وئینتەرنێت)، كۆمپانیاكانی گەیاندن لە هەرێمـی كوردستان پابەندکراون بە پێدانی ئەو شایستە داراییانەی كە لە

ئەستۆیانە وەك بەشی حكومەتی هەرێمـی كوردستان، بەپێـی گرێبەستی هاوبەشی حكومەت و ئەو كۆمپانیایانە، یان ئەو بڕە پارانەی وەك باج یان ڕەسم یان سزای دواكەوتن لەسەریان كەڵەكە بووە.

2- راسپاردنی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن بۆ دابینكردنی بەشی هەرێمـی كوردستان لە باجی فرۆشتنی سەر كارتی مۆبایل بەپێـی ڕێژەی فرۆشتنی كارت لە هەرێمـی كوردستان، كە ڕێژەی بەشداربووان و فرۆشتنی كۆمپانیاكانی (كۆڕەك، ئاسیاسێل و زین العراق) لە هەرێمـی كوردستان زۆرە و بەهۆی ئەوەی ئەم باجە لەلایەن هاووڵاتییانی هەرێمـی كوردستانەوە دەدرێت، بۆیە پێویستە بۆ بەرژەوەندی و خزمەتی هاووڵاتییانی هەرێم خەرج بكرێتەوە.

3- پێویستە لەسەر كۆمپانیاكانی مۆبایل كە قەرزاری باجی هاتوون لە بڕگەی سەرەوە، پێداچوونەوە بە خشتەی دانەوەی قەرزەكانیان بكەن (إعاده‌ جدوله‌ الدیون) بە شێوەیەكی گونجاو و كەمكردنەوەی ئەو ماوەیەی كە قیستەكانیان لەسەر دابەشكراوە.

4- پابەندکردنی كۆمپانیاكانی بواری خزمەتگوزاریی ئینتەرنێت، كە گرێبەستی ڕاستەوخۆیان لەگەڵ وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن لە حكومەتی هەرێمـی كوردستان هەیە، بە پێدانی باجی پێویست بە وەزارەتی دارایی و ئابووری بە مەرجێك كاریگەریی لەسەر كواڵێتی و نرخی خزمەتگوزارییەكە نەبێت.

5- وەزارەتی دارایی و ئابووری/ بەڕێوەبەرایەتی گشتی باجەکان و خانووبەرەی میری، نووسراویان کردووە بۆ سەرجەم بەرێوەبەرایەتییەکانی باجی دەرامەتی کۆمپانیاکان (هەولێر سلێمانی و دهۆک) و بەرێوەبەرایەتی گەورە باجدەران کە پێویستە سەرجەم کۆمپانیاکانی بواری گەیاندن پێڕاگەیاندنیان بۆ بکرێت و مل کەچ بکرێن بە پێدانی باجەکانیان بە زووترین کات، تاوەکو ئێستا 49 کۆمپانیای بواری گەیاندن ئاگادارکراوەنەتەوە لە لایەن وەزارەتی گواستنەوەو گەیاندن بۆ ئەوەی پابەندبن بە شایستە داراییەکان لە گەڵ کۆمپانیای فرۆکەوانی عیراقى و 7 کۆمپانیا دراونەتە دادگا بۆ پابەندبوون بە پێدانی شایستە داراییەکان.

6- جیا لەم هەنگاوانەی ئاماژەمان پێدان ، کاریشمان کردووە بۆ نەهێشتنی رووتین و بیرۆکراسی لە دامودەزگاکانی حکومەت و ڕاییکردنی ئیشوكار و مامەڵەی هاووڵاتییان لە فەرمانگەکانی حکومەت، بە شێوەیەکی ئاسان و خێرا. هەروەها دەست بە پێشکەشکردنی چەند خزمەتگوزارییەکی گشتیش کراوە بە شێوەیەکی ئەلیکترۆنی، ئەمە جیا لە بەستنەوەی دەروازە سنووری و فرۆکەخانەکان، بە سیستەمی ئەلیکترۆنی کە ئاسانکارییەکی باشی کردووە لە بواری کۆکردنەوەی گومرگ و باشتربوونی کوالیتی کۆنترۆلدا.

باج لەسەر پڕۆژەکانی وەبەرهێنان و گۆڕانکاریی لە ڕێکار و میکانیزمی وەرگرتنی باج

ئەژمارکردنی باج لەسەر گشت پڕۆژەكانی وەبەرهێنان كە مۆڵەتیان لە دەستەی وەبەرهێنان وەرگرتووە و ماوەی بەخشینەكانی باج و گومرگیان تەواو بووە كە لەبەر ڕۆشنایی یاسای

وەبەرهێنان ژمارە (4) ساڵی 2006 وەریانگرتبوو.

ڕاسپاردنی (دیوانی چاودێری دارایی لە هەرێمـی كوردستان، وەزارەتی دارایی و ئابووری، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ووەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی) بۆ پەلەكردن لە جێبەجێكردنی پەیڕەوی ژمارە (3)ی ساڵی 2020 تایبەت بە پیادەكردنی پیشەی چاودێری و وردبینـی هەژمارەكان و پێكهێنانی (ئەنجومەنی پیشەی چاودێری و وردبینـی هەژمارەكان لە هەرێمـی كوردستان) و ڕێکارەکانی تایبەت بە پەیمانگای باڵای زانستە دارایی و ژمێرییەکان. جێبەجێ کردنی ئەم پڕۆژەیە،ڕۆڵێکی گرنگ دەبینێت لە ڕێگەگڕتن لە خۆدزینەوە لە دانی باج.

پابەندکردنی گەورە باجدەران ( لە بوارەکانی نەوت ، کارگەکانی ئاسن و چیمەنتۆ، وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا و پەیوەندی و گەیاندن) بە پێشكەشكردنی هەر دەفتەرێكی بازرگانی و بەڵگەنامەیەك كە ڕاستی و دروستیی داهاتی بەدەستهاتوو دەخاتەڕوو و وازهێنان لە خەمڵاندنی لەگۆترە (التقدیر الجزافی) كە ڕاست و دروستی قازانجی بەدەستهاتوو لەلایەن ڕاسپێردراو بە پێدانی باج، ناخاتەڕوو. بۆ ئەم مەبەستەش ئەنجومەنی وەزیران (پێـڕەوی تیانووسگرتنـی بازرگانی بۆ مەبەستەكانی باجی دەرامەت ژمارە (2)ی ساڵی 1985 لە هەرێمـی كوردستان-عێـراق هەمواركردەوە بەپێـی پەیڕەوی ژمارە (1)ی ساڵی 2019).

هەڵوەشاندنەوە و ڕاگرتنـی گشت ئەو بڕیار و فەرمان ونووسراوانەی لێخۆشبوون لە باج لە هەر سەرچاوەیەكەوه دەرچوو بن، ئەگەر لە دەرەوەی یاسا پەیوەندیدارەكاندا درا بن.

گومرگ و دەروازە سنوورییەکان :

بەڕێزان:

سەبارەت بە گومرگ و دەروازە سنوورییەکان لێرەدا دەمەوێت چەند ڕوونکردنەوەیەک بدەم

1- ئێمە بۆ ڕێکخستنەوە و پێداچوونەوە بە کاروبارەکانی دەروازە سنوورییەکان ، لیژنەیەکمان پێک هێنا لە وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتی پێشمەرگە بۆ کۆنترۆڵکردنی سنوورەکان.

2- بڕیاری پێداچوونەوەمان بە گرێبەستەکانی دەروازە سنوورییەکان داوە . بە شێوەیەک ئەو خزمەتگوزارییانەی کە حکومەت خۆی دەتوانێ ئەنجامیان بدات، ئەوا لە لایەن حکومەتەوە ئەنجام دەدرێن. بەڵام ئەو خزمەتگوزارییانەی حکومەت ناتوانێ بیانکات، لە ڕێگەی گرێبەستی شەفاف و روونەوە ، دەدرێنە کەرتی تایبەت بەمەرجێک بۆ ماوەیەکی دیاریکراو و لە بەرژەوەندی گشتیشدا بێت.

3- یەکێک لە کێشە سەرەکییەکانی دەروازە سنوورییەکان ، بەداخەوە بوونی دیاردەی قاچاخچییەتییە لە هەندێک لە دەروازە سنوورییەکان. بۆ نەهێشتنی ئەم دیاردەیەش ، لیژنەیەکمان لە وەزارەتی ناوخۆ و ئەنجومەنی ئاسایش پێکهێناوە و هیوادارین بە هاوکاری پەرلەمانی کوردستان و هەموو لایەنەکان، بتوانین سنوورێک بۆ ئەم دیاردە و کێشەیە دابنێین.

چاکسازی لە بواری ڕێکخستنەوەو زیادکردنی داهات:

1- وەزارەتی دارایی و ئابووری/ بەڕێوەبەرایەتی گشتی باجەکان و خانووبەرەی میری، بە چەندین نووسراو بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی هەموو ئەو لێخۆشبوونانەی داوە کە پێشتر دراون و لە گەڵ یاسا و ڕێنماییەکان ناگونجێن. هەروەها دەبێ هەموو کۆمپانیاکان تۆمار بکرێن لە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تۆماری کۆمپانیاکان و ملکەچی پێدانی باج بن.

2- کارمان کردووە بۆ کۆکردنەوەی زانیاری و داتا، لەسەر ڕسووماتی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە مەبەستی ڕێکخستنەوەی میکانیزمی کۆکردنەوەی ئەو لایەنانەی ڕسووماتی خزمەتگوزاری وەزارەتەکان بە شێوەی گرێبەست کۆدەکەنەوە، بە جۆرێک لە خزمەتی بەرژەوەندی گشتیدا بێت و بە شێوەی ئەلیکترۆنی تۆمار بکرێن لە لایەن فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاری سەر بە ئەنجومەنی وەزیران .

3- دەستەی وەبەرهێنان بە هەماهەنگی لە گەڵ وەزارەتی شارەوانی و گەشت و گوزار، دەستیان کردووە بە هەڵوەشاندنەوەی زەوی تەرخانکراو بۆ ئەو پڕۆژانەی وەبەرهێنا تا ئێستا دەست بە کار نەبوون کە تا ئێستا 30 پڕۆژە هەڵوەشاونەتەوە . هەروەها وەرگرتنی ڕێکاری یاسایی بەرامبەریان لە بەر ڕۆشنایی یاسای وەبەرهێنان ژمارە 4 ی ساڵی 2006. پرۆسەکە لە قۆناغی جێبەجێکردندایە و بەردەوامە . هەروەها وەزارەتی شارەوانی بە هەمان شێوە ، دەستی بە هەڵوەشاندنەوەی تەرخانکردنی ئەو زەویانە کردووە، کە بە موساتەحە دراون بەڵام دەست بە جێبەجێکردنی پڕۆژەکان نەکراوە.

5- لیژنەی هاوبەش لە وەزارەتی شارەوانی و کشتوکاڵ و داد، پێکهێنراوە بۆ تاپۆکردنی ئەو زەوییانەی کە بە شێوەی کارت بۆ هاووڵاتیان تەرخانکراوە وەک قەرەبووی جووتیارانی خاوەن گرێبەست، دوای ووردبینیکردنی دۆسیەکانیان. پڕۆسەکە بەردەوامە و لە قۆناغی جێبەجێکردندایە .

6- لیژنەی هاوبەش لە وەزارەتی شارەوانی و داد و دەستەی وەبەرهێنان، پێکهێنراوە بۆ تاپۆکردنی یەکەکانی نیشتەجێبوون لە پڕۆژەکانی وەبەرهێنان کە بە ناوی هاووڵاتیانەوەیە.

7- لیژنەی هاوبەش لە وەزارەتی شارەوانی و پارێزگاکان و یەکە کارگێرییەکان، پێکهێنراوە بۆ پێداچوونەوە بە نرخی خزمەتگوزاری کۆمەڵگاکانی نیشتەجێبوون . وەک قۆناغی یەکەم زۆربەی کۆمەڵگەکانی نیشتەجێبوون پێداچوونەوەیان بۆ کراوە و نرخەکانیان کەم کراونەتەوە بە مەبەستی کەمکردنەوەی بارگرانی لە سەر هاووڵاتیان . پرۆسەکەش بەردەوامە.

8- حکومەتی هەرێم دەستی کردووە بە جەردکردن و پۆلینکردنی سەرجەم مۆڵک و ماڵی وەزارەت و دەستە و لایەنە نەبەستراوەکان بە وەزارەت و سەرجەم دامەزراوەکان لە هەرێمی کوردستان ، بۆ ئەوەی موڵکەکانی حکومەت، وەک سەرچاوەیەک بۆ داهاتی گشتی مامەڵەیان پێوە بکرێت .

9- پێداچوونەوە کراوە بەو زەوییە کشتوکاڵییانەی بە گرێبەست بە کرێ دراون لە ڕووی نرخ و شێوازی گرێبەست ، هەروەها پۆلینکردنی سەرجەم ئەو زەوییە کشتوکاڵییانەی کە زێدەڕۆییان لە سەر کراوە، بۆ ئەوەی وەک سامانێکی نیشتیمانی مامەڵەیان پێوە بکرێت و ببێتە سەرچاوەیەکی دیكەی داهات بۆ حکومەت .

10- سەبارەت بە زێدەڕۆیی لە سەر زەویی حکومی کشتوکاڵی و زەوییەکانی تر لە سەر ئاستی پاڕیزگاکان و یەکە کارگێڕییەکان بە بەردەوامی ڕێگری دەکرێت لە سەر ئەم زێدەڕۆییانە و پڕۆسەکە بەردەوامە .

11- بۆ خێرا کردنی پڕۆسەی وەرگرتنەوەی داهاتەکانی حکومەت، داشکاندن کراوە بە ڕێژەی 15% لەو پێشینانەی حکومەت کە لە لای هاووڵاتیانە، وەک پیشینەی خانووبەرە و پێشینەی هاوسەرگیری و قەرزی بچووک و پێشینەکانی بانکی کشتوکالی و پێشینەکانی پڕۆژەکانی پیشەسازی گەشتیاریی . بە هەمان شێوە 15% لێخۆشبوون لە قەرزەکانی کارەبا بۆ هاوبەشانی کارەبا کراوە بۆ ماوەیەکی دیاریکراو.

12- پێداچوونەوە بە چەندین کۆنتراکت کراوە کە لە بەرژەوەندی لایەنی دووهەم ڕێکخرابوون بەڵام ئێستا بە پێچەوانەوە لە بەرژەوەندی گشتیی و حکومەتدا گۆڕانکارییان تێدا کراوە.

چاکسازیی لە خەرجییەکان :

1- خەرجییەکانی مووچە و خانەنشینی و بەخشین و ئیمتیازات( یاسای ژمارەی 2 ی ساڵی 2020 :

هەر لە دوای دەستبەکاربوونمان، لیژنەیەکی باڵامان لە لایەنە پەیوەندیدارەکانی ناو حکومەت پێکهێنا بۆ ئامادەکردنی (پڕۆژە یاسای چاکسازی لە خانەنشینی و مووچە و دەرماڵە و بەخشین و ئیمتیازاتەکانی دیکە لە هەرێمی کوردستان) و ناردنی بۆ پەرلەمانی کوردستان ، کە دواجار لە لایەن ئێوەوە پەسەند کرا و لە 2020/7/1 ەوە، یاسای چاکسازی چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە .

لە ماوەی سێ مانگی پەسەندکردنیشیدا ، ئەم هەنگاوانەی یاسای چاکسازی لە بواری کارگێڕی و دارایی جێبەجێ کراون:

1- دەرچوواندنی پەیڕەوی دامەزراندنی سندوقی خانەنشینی فەرمانبەرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان ژمارە 7 ی ساڵی 2020.

2- یەکخستنی یەکەکانی ژمێریاری هێزەکانی 70 و 80 لە یەک، یەکەی ژمێریاری.

3- ئامادەکردنی پەیڕەوی ڕێکخستنەوەی پاسەوانیی لە لایەن وەزارەتی ناوخۆ بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە و ئەنجومەنی ئاسایش.

4- وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە، دۆسییەکانی (شەهیدان و کۆچکردووان و خانەنشینان بە گشت جۆرەکانی و پەکەوتەی سەنگەر) یان ئامادە کردووە بۆ گواستنەوەی بۆ سەر وەزارەتی دارایی و ئابووری / بەڕێوەبەرایەتی گشتی خانەنشینی و ڕێکخستنەوەیان لە سەر بنەمای دادپەروەریی و شایستەبوون و بە پێی رێنماییە بەرکارەکان.

5- ڕێکخستنەوەی هەژماری خزمەت بە شێوەیەک، کە گشت وەزارەت و لایەنی نەبەستراو بە وەزارەت، دەستیان بە پێداچوونەوە بە دۆسیەی فەرمانبەران کردووە.

6- پێداچوونەوە بە خانەنشینی پلە باڵاکان لە لایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی خانەنشینی.

7- بەڕێوەبەرایەتی گشتی خانەنشینی، بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی پلاندانان و رێکخراوی UNDP و فەرمانگەی تەکنۆلۆجیای زانیاری، سیستەمێکی ئەلیکترۆنی داناوە بە مەبەستی دروستکردنی دۆسێیەی ئەلیکترۆنی بۆ گشت خانەنشینکراوەکان. ئەم پرۆسەیە یارمەتیدەر دەبێ بۆ لێک جیاکردنەوەی کەسانی شایستە و ناشایستە و یەکخستنەوەی مافی خانشینان و پاشان بەستنەوەی سیستەمی خانەنشینی بە سیستەمی بایۆمەتری.

8- گرێدانی سەرجەم مووچەو منحە و شایستە داراییەکان، بە سیستەمی بایۆمەتری بۆ ئەوەی لە مەودوا بەپێی سیستەمی بایۆمەتری، گشت مووچە و منحە وەربگیرێت، یەکەم هەنگاویش بریتییە لە پێداچوونەوە، بە لیستی ئەوانەی لە مووچە و منحەیەک زیاتر وەردەگرن لە دەرەوەی یاسا و ڕێنماییە بەرکارەکان.

9- ئەنجومەنی وەزیران پەیڕەوی مەرجەکانی دامەزراندنی پلە باڵاکان، لە بەڕێوەبەری گشتی و ڕاوێژکار بەرەو سەرەوە، دەرکردووە و چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە.

10- سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران، داتای گشت بەڕێوەبەری گشتی و پلەباڵا و پارێزگار و قایمقام و بەڕێوەبەری ناحیەی معەوەمی، لە هەموو وەزارەتەکان دەستنیشانکردووە و پڕۆژە بڕیارێک ئامادەکراوە ، بۆ گونجاندنیان لەگەڵ یاسای چاکسازی.

11- دەستکراوە بە وەرگرتنەوەی قەرزە بازرگانیی و حکومییەکان. بۆ ئەم مەبەستەش بۆ وەرگرتنەوەی قەرزە بازرگانییەکان وەزارەتی دارایی و ئابووری، تاپۆی سەرجەم ماڵ و موڵکی ڕەهنکراوی قەرزارانی ئاراستەی فەرمانگەی جێبەجێکردن لە وەزارەتی داد کردووە، بە مەبەستی فرۆشتنەوەی موڵکەکان بە پێی یاسای (وەرگرتنەوەی قەرزە حکومییەکان) ژمارە 56 لە ساڵی 1977. هەروەها وەزارەتی داد ، فەرمانگەی جێبەجێکردنی دادی تایبەتی لە پارێزگای هەولێر دامەزراندووە، تایبەت بە وەرگرتنەوەی قەرزە حکومییەکان.

——

خەرجییەکانی نەوت و گاز:

پێداچوونەوە بە باج و مەرج و بڕگە داراییەکانی گرێبەستەکانی بواری نەوت و گاز:

1- دەستبەکاربوونی تیمێكی شارەزا بۆ ئامادەكردنی ڕاپۆرتێك لەسەر بابەتی پێداچوونەوە بە مەرجە داراییەکان و باج لە گرێبەستە نەوتییەكان لە هەرێمـی كوردستان، لەبەر ڕۆشنایی یاسای نەوت و گاز لە هەرێمـی كوردستان ژمارە (22)ی ساڵی 2007 و مەرجەكانی گرێبەستی لە هاوبەشیكردن لە بەرهەمهێنان (Production Sharing Contract) کە ژمارەیان (78) حەفتا و هەشت گرێبەستە و (41) چل و یەک گرێبەستیان کۆتایی پێهاتووە و (37) سی و حەوت گرێبەستیان چالاکە و (11) یانزە گرێبەستیشیان چالاکن و نەوتیان لێ بەرهەم دەهێنرێت. لەگەڵ (1) یەک گرێبەستی خزمەتگوزاری، بە ڕەچاوکردنی یاساكانی باج لە هەرێمـی كوردستان و بەراوردكردنیان لەگەڵ مەرجە داراییەكانی ئەو گرێبەستانە و ماف و شایستە داراییەكانى هەرێمـی كوردستان هاتوو لەو گرێبەستانە، بە ڕەچاوكردنی بەرژەوەندیی گشتی و بنەمای هاوسەنگی لەم بوارە، بە گوێرەی ئەو ڕێكار و میكانیزمانەی لە گرێبەستەكاندا هاتوون، بە ئاراستەی کەمکردنەوەی خەرجییەکانی کۆمپانیاکانی بواری نەوت و گاز، کە بەپێـی ڕاپۆرتی (دیلۆیت) بۆ ساڵی 2019 کۆی گشتیی داهاتی نەوت لە هەرێمی کوردستان، بریتیـی بوو لە (8) ملیار و (439) ملیۆن دۆلار. لەم بڕە پارەیە: (4) ملیار و (515) ملیۆن دۆلاری وەک سافی داهات بۆ وەزارەتی دارایی و ئابووری ماوەتەوە و باقییەکەشی کە دەکاتە نزیکەی (4) ملیار دۆلار ، خەرجیـی كۆمپانیاكانی بواری خزمەتگوزاریی نەوت و گاز بووە. بەم شێوەیە، لە ساڵی 2019 ڕێژەی (47%)ی داهاتی نەوت بۆ خەرجیی کۆمپانیاکان بوو.

2- پابەندکردنی سەرجەم كۆمپانیاكانی بواری خزمەتگوزاریی نەوت و گاز لە هەرێمـی كوردستان، کە ژمارەیان (822) هەشت سەد و بیست و دوو کۆمپانیایە ، بە پێدانی باجی پێویست، بەپێـی یاسا بەركارەكان و ڕاسپاردنی لایەنە پەیوەندیدارەکان ، بۆ پێداچوونەوە بە دۆسیەی ئەو كۆمپانیا خزمەتگوزارییانەی نەوت و گاز، کە دەبێت ئەو كۆمپانیایانەی خۆیان تۆمار نەكردووە لە هەرێمـی كوردستان ، خۆیان تۆمار بكەن له بەڕێوەبەرایەتی تۆماری كۆمپانیاكان و لە بەڕێوەبەرایەتییەكانی باج، بە پێچەوانەوە، ڕێكاری یاسایی پێویست بەرامبەریان وەردەگیـرێت و چالاكییەكانیان رادەگیـرێت.

3- دەستەی وەبەرهێنان، پێداچوونەوەی پێویستی کردووە بە دۆسێیەی پڕۆژەكانی وەبەرهێنان لە بوارەكانی نەوت و گاز ، كە مۆڵەتی دەستەیان وەرگرتووە. هەروەها جێبەجێكردنی حوكمەكانی ماددەی (پێنجەم) لە یاسای وەبەرهێنان ژمارە (4)ی ساڵی 2006 تایبەت بە (بەخشینەكانی باج و گومرگ) كە تیایدا هاتووە ، دەستپێكردنی ماوەی (10) دە ساڵ لێبووردن لە باج لە ڕۆژی بەرهەمهێنان بە كردەنی دەست پێدەكات ، نەك ڕۆژی وەرگرتنـی مۆڵەتی وەبەرهێنان.

4- پابەندکردنی ئەو كەسانەی كە لە بواری هاوردەكردنی سووتەمەنی بۆ ناو هەرێمـی كوردستان كاردەكەن، بە پێدانی باجی پێویست ، بە مەرجێك ئەو باجە لە داهاتی بەدەستـهاتووی چالاكییەكانیان بدەن و هیچ كاریگەرییەكی نەبێت لەسەر زیادكردنی نرخی سووتەمەنی لەسەر هاووڵاتییانی بەكاربەر.

5- سەبارەت بە سەپاندنی باج لە سەر کۆمپانیا ناوخۆییەکانی بواری نەوت و گاز ، هەماهەنگیی تەواو هەیە لە نێوان وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و وەزارەتی دارایی و ئابووری/ بەڕێوەبەرایەتی گشتی باجەکان و خانووبەرەی میری، بە شێوەیەک کە نووسراوی هیچ کۆمپانیایەک ڕایی ناکرێت، تاوەکو پاکانەی باجی لە گەڵدا نەبێت ، هەروەها وەزارەتی سامانە سروشتییەکان ووردبینی دەکات لە بڕی باجی خەملێنراو لە سەر کۆمپانیاکان بەرامبەر بەو کارانەی کە هەیانه‌ لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان ( بۆ نموونە حاڵەتی وا هەبووە پاش پێداچوونەوە بە پارەی خەملێنراوی باج دە هیندە پارەکە زیادی کردووە لە بەر ئەوەی پارەی کەم خەملێنراوە لە باج ) . سەبارەت بەو کۆمپانیا و لایەنانەی کە لە بواری هاوردەکردنی سووتەمەنی بۆ ناو هەرێمی کوردستان کاردەکە ، چ کەسیی سروشتی بن یان مەعنەوی ، ئەوا بە بڕی 2.25 % باج دەدەن.

چاکسازی لە بواری خەرجییەکانی بەکاربردن ( تەشغیلی )

1- وەزارەتی دارایی و ئابووری بە ڕێنمایی دارایی ژمارە 14 ، بودجەی بەکاربردنی بۆ نزمترین ئاست کەم کردووەتەوە، بە جۆرێک تەنیا بوارە سەرەکییەکانی خەرجی بگرێتەوە: وەکو دابینکردنی دەرمان و پێداویستی پزیشکی و خواردنی نەخۆشەکان و زیندانیەکان و خانەی بەساڵاچووان و کارەبا و بوارە گرنگەکانی دیکە.

2- لە سەرەتای مانگی حەفتی ئەمساڵ دەست بە پەیڕەوکردنی سیستەمی نوێی ئۆنڵاین تایبەت بە خەرجییەکان (IIS) کراوە ، بۆ خەرجکردنی بودجەی بەکاربردن ( تەشغیلی) و کۆنترۆڵکردنی سیستەمی کڕینی پێداویستییەکان بە پێی سیستەمێکی ئەلیکترۆنی کە جۆر و نرخ و هۆکارەکانی کڕین وبەکارهێنانی پێداویستییەکانی تێدا روون کرابێتەوە ، لە پێناو کەمکردنەوەی خەرجییەکان و برەودان بە شــــــــــــــــەفافیەت و کەمکردنەوەی ڕووتین.

———

دووەم: چاکسازی کارگێڕیی :

سەبارەت بە چاکسازیکردن لە بواری کارگێڕیدا ، ئەم خاڵانە ئەنجام دراون:

1- کردنەوەی چەندین فەرمانگەی خزمەتگوزاری بۆ نموونە نووسینگەی پاسپۆرت لە شارەکانی سۆران و زاخۆ و کۆیە ، کاردەکرێت بۆ کردنەوەی نووسینگەی پاسپۆرت لە چەمچەمال و ئاکرێ . بێگومان کردنەوەی ئەم فەرمانگانە ئاسانکارییەکی زۆر دەکات بۆ هاووڵاتییانی نیشتەجێی ئەو شارانە و گوند و دێهاتەکانی دەوروبەریان. 2- پێداچوونەوە بە هەیکەلیەتى سەرجەم وەزارەت و دامو دەزگاکانى حکومەتى هەرێمى کوردستان، لە چوارچێوەی پڕۆسەى چاکسازى لە ئاستى کارگێڕیدا، بە ڕەچاوکردنى پێداویستى فیعلى و تایبەتمەندیەکانیان. بە هەمان شێوە پێداچوونەوەو دابەش کردنەوەى میلاکى سەرجەم دام و دەزگاکانى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە سەر ئەم بنەمایانەی خوارەوە:

3- دابەشکردنى پەیکەرى ئیدارى هەر وەزارەت و دامو دەزگایەک بۆ سێ ئاستى (سەرکردایەتى، سەرپەرشتیارى، جێبەجێ کارى ) هەروەها جیاکردنەوەى ئیشوکارەکانى سەرجەم وەزارەت و دامو دەزگاکان بۆ دوو بەشى سەرەکى لایەنى کارگێڕى و دارایى و لایەنى پسپۆڕى و بچووک کردنەوە و داڕشتنەوەى قەبارەى یەکە کارگێڕییەکان بە ڕەچاوکردنى سروشتى کارو چالاکیەکانیان.

4- گونجاندنى ناوى یەکە کارگێڕییەکان لەگەڵ سروشتى کارو چالاکیەکانیان.

5- هەڵوەشاندنەوە، یەکخستن و پێکەوەلکاندنى ئەو پێکهاتە ئیداریانەى کە ئەرک و چالاکیان وەکو یەکن، یان وەکو پێویست چالاک نەبوون، لە پێناو دووبارە نەبوونەوەو بەریەک نەکەوتنى ئەرک و بەرپرسیاریەتیەکانیان.

هەروەها لە بواری پێداچوونەوەو دابەشکردنەوەى میلاکى فەرمانبەرانیش دەست بە چەندین بە چاکسازی کراوە کە دواتر لە ڕاپۆڕتێکی گشتیدا دەخرێتەڕوو و بڵاودەکرێتەوە.

——————————–

تەوەری دووەم ( 2) :

بارودۆخی دارایی هەرێمی کوردستان و دابەشکردنی مووچە و پلانی ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانی دارایی :

وەک ئاگادارن لە سەرەتای ئەمساڵەوە ، بە هۆی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا و دابەزینی نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا ، هەرێمی کوردستانیش وەک هەموو ناوچە و وڵاتانی دیکەی جیهان ڕووبەڕووی دۆخێکی سەختی ئابووری بووەوە . نەناردنی ئەو بەشە بودجەیەی کە لە لایەن حکومەتی فیدراڵییەوە دەنێردرا بۆ چەند مانگێک، دۆخەکەی زیاتر سەختتر کرد. ئێمە هەر زوو هەوڵماندا پلانێک بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەم قەیرانە دابنێین بە ئاراستەی کەمکردنەوەی خەرجییەکان و زیادکردنی داهات کەبەشێکە لە تەوەری چاکسازییەکان کە لە سەرەتای ئەم ڕاپۆرتەدا خرانەڕوو .

بێگومان ئەم قەیرانە داراییە، زیاتر هانمان دەدات لە سەر درێژەدان بە جیبەجێکردنی پرۆسەی چاکسازی و هەوڵدان بۆ کەمکردنەوە و سنووردارکردنی کاریگەرییە نەرێنیەکانی قەیرانی دارایی ، لە ڕێگەی کارکردن لە سەر کارنامەی کابینەی نۆیەم بۆ هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی داهات و پشت نەبەستن بە تاکە سەرچاوەیەک و گرنگیدان بە کەرتەکانی وەک کشتوکاڵ و پیشەسازی و گەشتوگوزار و پێشکەشکردنی ئاسانکاری پێویست بۆ وەبەرهێنەرانی ناوخۆیی و بیانی .

لە سەرەتای دروستبوونی ئەم قەیرانەدا ، هەموو هەوڵێکمانداوە بۆ دابینکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، کە لە ماوەی دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەمدا، توانیومانە تا ئێستا دوازدە مووچە دابەش بکرێت و لەم ماوەیەدا، تەنیا دوو مووچە دواکەوتووە، ئەویش بە هۆی نەناردنی بەشە بودجەی هەرێم بۆ مانگەکانی پێنج و شەش و حەفت لە لایەن حکومەتی فیدراڵییەوە .

بە ھۆی کەمکردنەوەی تەمویلکردنی مووچە لەلایەن حکومەتی فیدرالی و ئەو دۆخە سەختە ئابوورییەی کە هەموو جیهانی گرتەوە بە ھۆی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا و دابەزینی نرخی نەوت و قەدەغەی ھاتوچۆ و دابەزیننێکی زۆری ڕێژەی داھاتی ناوخۆیی، کە ھەمووی بووە هۆی دۆخێکی نا ئاسایی و ئەنجومەنی وەزیران بە ناچاری بڕیاریدا بە پێی توانا و داھاتی بەردەست مووچە دابەش بکات و دوو مووچە بە تەمویلکردنی 79٪‏ بدات.

ئەم دۆخە سەختە داراییە، دۆخێکی نەخوازراوە و حکومەتی هەرێم دروستی نەکردووە و تەنیا تایبەتیش نییە بە ناوچە و هەرێمی ئێمە، بەڵکو نزیکەی هەموو جیهانی گرتووەتەوە. بۆیە دەبێ بە ناچاری خۆمان لە گەڵ ئەم دۆخە سەختە بگونجێنین. لە هەمانکاتدا حکومەتی هەرێم هەموو هەوڵی خۆی داوە بۆ ئەوەی بەو داهات و توانا داراییەی لە بەردەستدایە و لە ڕێگەی ڕێکخستنەوەی مووچەی فەرمانبەران و کەمکردنەوەی خەرجییەکانی حکومەت و جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی، ئەم قۆناغە سەختە تێپەڕینین.

سەبارەت بە قەرز و پابەندییە داراییەکان :

لە چەند بۆنەیەکی جیاوازدا ئاماژەم بەوەداوە، کە حکومەتی هەرێمی کوردستان چەندین ملیار دۆلار قەرز و باپەندی دارایی لە سەرە . بەشێکی زۆری ئەو قەرزانەش لە ئەستۆی حکومەتی فیدرالە، بە هۆی نەناردنی بودجەی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکومەتەکانی پێشووی عێراق، هەربۆیەشە بەداخەوە حکومەتی هەرێم خاوەنی هیچ یەدەگ و پاشەکەوتێکی دارایی نییە، کەواتە ئیمە تەنیا پشت بەو سەرچاوە داراییانە دەبەستین کە مانگانە دێتە بەردەستمان، ئەمەش وادەکات لە هەر قەیرانێکی دارایی رووبەڕووی کێشە ببینەوە.

لێرەدا دووبارە بە پێویستی دەزانم لە بابەتی قەرز و پابەندییە داراییەکان ئاماژە بە چەند خاڵێک بکەم:

لە ڕوانگەی پەیڕەوکردنی شەفافیەت، حکومەتی هەرێم بڕیاری خستنەڕووی سەرجەم قەرز و پابەندییە داراییەکانی ئەستۆی هەرێمـی کوردستانی دا. بۆ ئەم مەبەستەش، سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران خشتەی قەرز و پابەندە داراییەکانی نارد بۆ دیوانی چاودێری دارایی لە هەرێم بە مەبەستی چاوپێداخشانەوە و ڕادەربڕینـی چاودێری دارایی. سەرۆکایەتی دیوانی چاودێری دارایی، دەستەیەکی دارایی بۆ ئەم مەبەستە پێکهێنا و یەکەمین ڕاپۆرتی خۆی لەمبارەیەوە ئامادە کردووە.

دواتر بە فەرمانێکی دیکەی سەرۆکایەتی دیوانی چاودێری دارایی، هەمان دەستە ڕاسپێردرا بە کۆکردنەوەی زانیاری و دۆکیومێنتی پێویست و ئامادەکردنی ڕاپۆرتی کۆتایی. پاش گەیشتنی راپۆرتی کۆتایی دیوانی چاودێری دارایی، ئەنجومەنی وەزیران ، راپۆرتێکی ورد لەسەر بڕی قەرز و پابەندییە داراییەکانی دەنێرێت بۆ پەرلەمانی کوردستان.

زۆربەی داتاکانی ئەم خشتەیە لەلایەن وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە تا ڕێکەوتی 15ی ئەیلولی 2020 نوێکراوەتەوە لەگەڵ ڕەچاوکردنی هەندێک لە داتاکان کە مێژووەکەیان بۆ پێش ئەم ڕێکەوتە دەگەڕێتەوە.

بەڕێوەبەرایەتی بەڕێوەبردن و هەماهەنگی قەرزی گشتی لە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران، کاری کۆکردنەوەی زانیارییەکان و پۆڵێنکردن و ڕێکخستنەوەی ئەنجامداوە. کە ئێستا قەرز و پابەندییە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بەم شێوەیەیە:

تەوەری سێیەم ( 3)

دۆخی تەندروستی و ڕووبەڕووبوونەوەی پەتای کۆرۆنا:

ئاشکرایە حکومەتی هەرێمی کوردستان ، هەر لە ڕۆژانی یەکەمی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەستی بە گرتنەبەری ڕێکارەکانی خۆپارێزی کرد . تەنانەت ئەزموونی سەرکەوتووی حکومەتی هەرێم، لە ڕووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا و جێبەجێکردنی ڕێکارەکانی خۆپارێزی و ڕینماییە تەندروستییەکان، بووە مایەی ستایشی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی و زۆر ڕیکخراو لایەنی دیکە .بەڵام بەداخێکی زۆرەوە خەڵکانێک، لە جیاتی هاوکاریکردن وپشتیوانیکردنی هەنگاوەکانی حکومەت بۆ پاراستنی کۆمەڵگە، هەوڵی ناشرینکردنی هەنگاو و پلانەکانی حکومەتیان داو بابەتەکەیان بە سیاسی کرد و سەرەنجام، بەداخەوە بە هۆی پابەندنەبوون بە ڕێنماییەکان ، ئەمڕۆ کۆرۆنا ڕۆژ بەڕۆژ لە زیادبووندایە و بووەتە هەڕەشەیەکی بەرچاو لە سەر تەندروستی گشتی و چەندین کەس بەداخەوە گیانیان لە دەستداوە. لێرەدا پرسە و سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکارەکانیان دەکەم و هیوای چاکبوونەوەش بۆ تووشبووان دەخوازم.

بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا ، حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوامە لە پیادەکردنی پلانێکی تایبەت و تەرخانکردنی بودجەی پێویست بۆ ئەم مەبەستە .

لێرەدا ئاماژە بە چەند خاڵێک دەکەین کە حکومەتی هەرێم بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا گرتوویەتیە بەر:

1- خەرجکردنی نزیکەی بیست و هەشت ملیار دینار بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆنا لە بوارەکانی خۆپارێزی و بەرەنگابوونەوە و زوو دەستنیشانکردن و چارەسەرکردنی نەخۆشی ڤایرۆسی کۆڕۆنای نوێ.

2- (159) ئامێرێ هەناسەی دەستکردی تایبەت بە پێشکەشکردنى خزمەتی پزیشکی بۆ نەخۆشییەکانی کۆرۆنا ئێستا لەکارکردندان و (72) لە پلاندانانن بۆ ئەم مەبەستە و، زیاتر لە (85) ڤێنتەلەیتەری نوێ و مۆدێرن کڕدراون.

3- چالاککردنی سیستەمی هێلی گەرمی (122) و ئامادەکردنی (186) تیمی وەڵامدانەوەی خێرا.

4- ( 40 ) شوێن لە نەخۆشخانەکان جیاکراونەتەوە و ئامادەکراون بۆ وەرگرتنی کەیسی نوێی کۆرۆنا . هەروەها دابینکردنی ئامرازەکانی خۆپارێزی (PPE) بۆ ستافی نەخۆشخانەکان .

5- ئەنجامدانی زیاتر لە (5) هەزار تێستی ڕۆژانە بۆ دەستنیشانکردنی نەخۆشی کۆڕۆنا کە تا ئێستا نزیکەی نیو ملیۆن تێست ئەنجام دراون و 28 تاقیگەی گشتی و تایبەت پشکنین ئەنجام دەدەن. .

6- زیاتر لە (3400) بوتڵی پلازما وەرگیراوە بۆ پێدان بە تووشبووانی کۆڕۆنا کە لە نێوان پارێزگاکان ئالوگۆڕکراوە. هەر بوتڵێکی پلازماش بڕی زیاتر لە (400) هەزار دینار خەرجی پێویستە.

7- راگەیاندنی کەمپەینێکی سەرتاسەری سەبارەت بە بڵاوکردنەوەی هوشیاریی تەندروستی بۆ هاووڵاتییان و بڵاوکردنەوەی هەموو ئەو پەیام و رێنماییە تەندروستییانەی، کە لەلایەن وەزارەتی تەندروستی و رێکخراوی تەندروستی جیهانییەوە پەسندکراون.

—–

جیا لەو پلانەی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا دانراوە و جێبەجێ کراوە.ئەم هەنگاوانەش بۆ پێشخستن و باشترکردنی کەرتی تەندروستی ئەنجام دراون:

1- دانانی بەردی بناغەی نەخۆشخانەی سەد قەرەوێلەیی لە کۆمەڵگەی ( هیتوتێ) لە قەزای ئامێدی بە بڕی 43 ملیۆن دۆلار.

2- بڕی 23 ملیار دینار بۆ دابینکردن و سازدانەوەی ئامێرەکانی پزیشکی خەرجکراوە.

3- زیاتر لە 40 ملیار دینار بۆ کڕینی دەرمان و پێداویستی شێرپەنجە و دابینکردن و سازدانەوەی ئامێرەکانی شێرپەنجە خەرجکراوە بە پاڵپشتی سندوقی کۆمەک بۆ تووشبووانی شێرپەنجە.

4- کەمکردنەوەی کرێی نەخۆش بە ڕێژەی 25٪ لە نەخۆشخانە تایبەتەکان بۆ کەمکردنەوەی بارگرانی لە سەرشانی هاووڵاتییان لەم بارودۆخە نالەبارەدا.

5- هەموارکردنی رێنمایی پێدان و نوێکردنەوەی کۆمپانیاکانی دەرمان و پێداویستی پزیشکی و تاقیگەیی و ئامێری پزیشکی و ڕاگرتنی چالاکی گشت ئەو کۆمپانیایانەی، کە پابەندنەبوون بە ڕێنماییەکان کە ژمارەیان (33) کۆمپانیایە. هەروەها هەموارکردنی ڕێنماییەکانی پێدان و نوێکردنەوەی نەخۆشخانە و سەنتەرەکانی کەرتی تایبەت و هەموارکردنی ڕێنماییەکانی پێدانی مۆڵەتی هاوردەکردنی خۆراك بە ڕێگای زانستی.

6- ئامادەکردنی پڕۆژە یاسای مافی نەخۆش بۆ خزمەتکردنی زیاتری نەخۆش و پاراستنی ماف و تایبەتییەکانی نەخۆش لە هەرێمی کوردستان.

————–

بەردەوامبوونی پڕۆژە خزمەتگوزاریی وستراتیجییەکان :

وەک پێشتر ئاماژەم پێدا، سەرەڕای قەیرانی دارایی و ئەو دۆخە سەختەی ڕووبەڕوومان بووەتەوە، بەڵام حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام بووە لە پێشکەشکردن پڕۆژەی خزمەتگوزاریی و ئەنجامدانی پڕۆژەی ستراتیجی لە چوارچێوەی کارنامەی کابینەی نۆیەم بۆ بە هێزکردنی ژێرخانی ئابووری هەرێمی کوردستاندا.

لێرەدا بە گرنگیی دەزانم هەر تەنیا بۆ نموونە ئاماژە بە هەندێک لەو پڕۆژانە بکەم:

یەکەم: کارکردن بۆ هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی داهات و بەهێزکردنی ژێرخانی ئابووری :

لە چوارچێوەی کارکردنمان بۆ هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی داهات و پشت نەبەستن بە تاکە سەرچاوەیەک ، حکومەتی هەرێم کاری کردووە بۆ گرنگیدان بە سەرجەم کەرتەکان بەتایبەتی کشتوکاڵ و پیشەسازی . بۆ ئەم مەبەستە و لە ماوەی یەک ساڵی دەستبەکاربوونماندا، دەست بە جێبەجێ کردنی ئەم پلان و پڕۆژانە کراوە:

1- دەستکردن بە دروستکردنی چەند ناوچەیەکی پیشەسازی خۆراک لە شارەکانی کوردستان بە هاوکاری کەرتی تایبەت لەوانە: ناوچەی پیشەسازی خۆراک لە دهۆک کە سەدان کارگە و کۆگای خۆراکی لە سەر دروست دەکرێت بە گوژمەی 70 ملیار دینار.

2- کارکردن لە سەر دروستکردنی یازدە ناوچەی پیشەسازی خۆراکی هاوشێوە لە هەولێر و سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان . بەم نزیکانە لە هەڵەبجە بەردی بناغەی دادەنرێت.

3- کارکردن بۆ دروستکردنی 5 سایلۆ لە شارەکانی دهۆک، هەڵەبجە ، زاخۆ ، کفری و هەریر. هەر سایلۆیەک خەرجیەکەی نزیکە 20 ملیار دینارە.

دووەم: لە بواری گرنگیدان بە کەرتی کشتوکاڵ و بەرهەمی ناوخۆیی :

1- تەرخانكردنی نزیكەی 33 ملیار دینار بۆ تەواوكردنی ( 12) پڕۆژەی بەنداو لە هەرێم.

2- قەدەغەكردن و دانانی باجی پێویست لەسەر بەرهەمی هاوردە بۆ پارێزگاریکردن لە بەرهەمی ناوخۆیی بۆ ئەو بەروبوومانەی كە خواستی بازاڕەکان پڕدەكەنەوە.

3- پڕۆژەی بە بازاڕكردنی گەنم لە هەرێمی كوردستان بە دروستكردنی سێ كارگەی گەورە لە هەولێر، سلێمانی و دهۆك کە بڕی پێنجسەد هەزار تۆن گەنم لە ساڵێكدا وەردەگرنەوە بۆ دروستكردنی ئاردی سپی و هەموو ئەو خۆراكانەی لە گەنم بەرهەمدەهێنرێن.

4- دانانی باج لەسەر هێلكەی هەڵهێنەر ، بەم هۆیەوە 13 پڕۆژەی ستراتیجی ناوخۆیی دەست بەكار بوونەتەوە و سەدان هەلی كار رەخسێنراوە.

5- دروستكردنی بۆردی باڵای پەرەپێدانی كەرتی كشتوكاڵ لە هەرێمی کوردستان .

دەیان پڕۆژەی تر لە بواری گرنگیدان بە کەرتی کشتوکاڵ ئەنجامدران کە دواتر لە راپۆرتی گشتیدا دەخرێنەڕوو.

سێیەم: لە بواری کارەبا:

لە بواری زیادکردنى بەرهەمهێنانى کارەبادا لە ڕێگەی چارەسەرکردنى کێشەى یەکەکانى کارەبا و زیادکردنى بڕى گازى سروشتى و بەگەڕخستنى وێستگەى هەڵمی خەبات کە بووە هۆی ئەوەی 843 مێگاواتى کارەبا زیاد بکرێت لە ناو تۆڕەکانى هەرێم و سەرەنجام بۆ یەکەمین جار ئاستى بەرهەمهێنانى کارەبا گەیشتە (3،700 مێگاوات).ئەمە جیا لەوەی کە 260 مێگاوات بە پارێزگای موسڵ و 56 مێگاواتیش بە کەرکووک دراوە . تێکڕای پێدانی کاتژمێرەکانی کارەبا ئێستا لە هەرێمی کوردستان لە نێوان 20- 21 کاتژمێرە سەرەڕای کەمکردنەوەی خەرجییەکان و زیادکردنی داهاتی کارەبا و دابەشکردنی پێوەری زیرەک بۆ دابەشکردنی کارەبا.

لە ڕووی هەموارکردنی گرێبەستەکانی کارەبا:

1- نرخی كڕینی یەك مێگاوات/كاتژمێر لە كۆمباین سایكل، بە پێی گرێبەست 63 دۆلار بوو کەمکراوەتەوە بۆ 45 دولار.

2- قەرەبووی وەبەرهێنەران بە پێی گرێبەست (یەك مێگاوات/كاتژمێر) بە 32 دولار بوو کەمکراوەتەوە بۆ 16 دولار.

3- گۆڕینی جۆری سووتەمەنی وێستگەكان لە دیزل بۆ نەوتی ڕەش، بەم هەنگاوەش تێچوی یەكەی كارەبا لە 22 سنتەوە بووەتە 7.2 سەنت.

لە ڕێگەی ئەنجامدانی ئەو هەموار و ڕێکخستنەوانە لە کەرتی کارەبا ، پارەیەکی زۆرمان بۆ حكومەت گەڕاندووەتەوە کە ساڵانە زیاتر لە 300 ملیون دولارە.

چوارەم:لە بواری ڕێگاوباندا:

1- دانانی بەردی بناغە و دەستکردن بە پڕۆژەی ستراتیجی شەقامی سەد مەتریی سلێمانی کە درێژیەکەی 146 کیلۆمەترە بە تێچووی چوارسەد ملیار دینار . ئەم پڕۆژە گرنگە قەرەباڵغییەکی زۆر لە سەر شاری سلێمانی کەم دەکاتەوە .

2- کارکردن لە شەقامی 150 مەتری هەولێر . ئەو بەشەی ئێستا کاری تێدا دەکرێت، لە قۆناغی کۆتاییدایە. بە تەواوبوونی ئەم پڕۆژە گرنگە ، قەڵەباڵغی و جەنجاڵییەکی زۆر لە سەر شاری هەولێر کەم دەکاتەوە .

3- رێگای جووتسایدی هەولێر – دهۆک (گۆپاڵ) کە درێژییەکەی ( 60 ) کیلۆمەتر دەبێت و لە قۆناغی کۆتاییدایە .

4- دروستکردنی ڕێگای کەلار-سلێمانی کە ڕێژەی 36 % جێبەجێکراوە.

5- یەکێک لەو پڕۆژە گرنگانەی کە لەسەرەتای دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەمدا ئەنجامدراوە ، جێبەجێکردنی نۆژەنکردنەوەی ڕێگاوبانەکانی هەمو ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بووە هەر لە زاخۆوە تا گەرمیان بە بودجەی 43 ملیار دینار کە 79 پڕۆژە بوون و بە ماوەیەکی پێوانەیی لە ماوەی 70 ڕۆژدا تەواو کران. ئەمە جگە لە تەواو کردنی 22 پڕۆژەی تری ڕێگاوبان بە بڕی زیاتر لە سەد و دە ملیار دینار کە دواتر وردەکارییەکانی لە ڕاپۆرتێکدا دەخرێتەڕوو.

تەوەری چوارەم ( 4)

پڕۆسەی گفتوگۆ و دانوستان لە گەڵ بەغدا:

هەر لە سەرەتای دەستبەکاربوونمانەوە ، كارمان کردووە بۆ ئەوەی پەیوەندییەکی باش و بنیاتنەرانەمان لە گەڵ حکومەتی فیدرالی لە بەغدا هەبێت کە یەکێکە لە ئەرکە لە پێشینەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان. هەر لەم ڕوانگەیەوە، یەکەمین سەردانی فەرمیمان دوای دەستبەکاربوون بۆ بەغدا بوو، کە مەبەستمان نیشاندانی نیازپاکی بوو بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان بە شێوەیەکی بنەڕەتی و گەیشتن بە چارەسەرێکی گشتگیر و هەمەلایەنە، لە سەر بنەمای دەستوور.

تا ئێستا گفتوگۆکانمان لە گەڵ حکومەتی فیدرالی بەردەوامە لە سەر ئەم دۆسییانە :

یەکەم : دۆسییە ناوچه‌‌ کوردستانییه‌کانی ده‌ره‌وی ئیداره‌ی هه‌رێم:

کابینه‌ی نۆیه‌می حکومه‌تی هه‌رێم له ‌یه‌که‌م کۆبوونه‌وی له‌گه‌ڵ شاندی حکومه‌تی فیدراڵی له‌ ڕێکەوتی 2019/7/25 له‌ دوای (15) ڕۆژ له‌ ده‌ستبه‌کاربوونی، ده‌ستی کردووه‌ به ‌دانوستان له سه‌ر کێشه‌ی ئه‌م ناوچانه‌ و پڕۆژه و تێڕوانین و پێشنیاری پێویستیشی، بۆ چارەسەر پێشکه‌شی حکومه‌تی فیدراڵ کردووه‌ . دوای چەند ڕۆژێکیش له‌ ده‌ستبه‌کاربوونی حکومه‌تی هه‌رێمیش ، له‌ کۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران له 2019/7/30 به‌ بڕیاری ژماره‌ ( 7 ) لیژنه‌ی باڵای دانوستان بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ پێکهات، کە پڕۆژه‌ی حکومه‌تی هه‌رێمیش پڕۆژه‌یه‌کی هه‌مه‌لایه‌نه‌ و له‌سه‌ر دوو ئاست کار بۆ چارەسەرکردنی ئەم دۆسییەیە دەکات ، ئاستی یه‌که‌م بریتییە لە ئاساییکردنه‌وه‌ی بارودۆخی سەربازی و ئیداری و ئه‌منی و سیاسی و ڕێگه‌گرتن‌ له‌ پڕۆسه‌ی ته‌عریبکردنی ناوچه‌ کوردستانییه‌کانی ده‌ره‌‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم، کە بەداخەوە تا ئێستاش بە چڕی بەردەوامە . حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان ڕۆژانە له‌سه‌ر کۆی ئه‌و ڕه‌فتارانەی دژی هاووڵاتییانی ئه‌و ناوچانه‌ ده‌کرێت، له‌ له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌کانی حکومه‌تی ئیتیحادی، لە په‌یوه‌ندیدایه‌ به‌ مه‌به‌ستی ڕێگرتن له‌ سیاسه‌تی ته‌عریب.

بۆ چاره‌سه‌ری کێشه‌ی گۆڕینی باری دیموگرافی ئه‌م ناوچانه‌، له‌ سه‌ردانه‌کانی شاندی حکومه‌تی هه‌رێم بۆ به‌غدا له‌گه‌ڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق و بەرپرسانی باڵای دیکەی عێراق کوبوونەتەوەو، ڕوانگەی حکومەتی هەرێمیان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان پێ ڕاگەیاندوون. بڕیاره‌ له‌ ماوه‌ی داهاتوودا لیژنه‌ی باڵای دانوستان تایبه‌ت به‌م دۆسێیە‌، سه‌ردانی به‌غدا بکاتەوە . ئاستی دووه‌می چارەسەرکردنی ئەم دۆسییەیە، بریتیە لە جێبه‌جێکردنی مادده‌ی (140) ی ده‌ستوور‌ و له ‌کۆبوونه‌وه‌ی ڕۆژی 2019/7/25 شاندی حکومه‌تی ئیتیحادی له‌گه‌ڵ حکومه‌تی هه‌رێم که‌ له‌ هه‌ولێر ئه‌نجام درا ، پڕۆژه‌ و تێڕوانینی حکومه‌تی هه‌رێم، سه‌باره‌ت به‌ جێبه‌جێکردنی مادده‌ی (140) پێشکه‌ش به‌‌ حکومه‌تی ئیتیحادی کراوه‌ ‌. گرنگتـرین بڕگه‌کانی پڕۆژه‌که‌ش بریتییە له‌ دروستکردنه‌وه‌ی لیژنه‌ی باڵای جێبه‌جێکردنی مادده‌ی(140) و ده‌ستپێکردنه‌وه‌ی هه‌نگاوه‌کانی ئاساییکردنه‌وه‌ و قه‌ره‌بووکردنه‌وه‌ی زیانلێکه‌وتووان. به‌ڵام تا ئێستا حکومه‌تی فیدرالی ، وه‌ڵامی فه‌رمی و ئەرێنی، حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستانی لە سەر ئەم بابەتە نه‌داوه‌تەوە.

ئه‌وه‌ی زۆر جێگەی نیگەرانیی قووڵی ئێمەیە ، بەردەوام بوونی سیاسەتی بە عەرەبکردنی ناوچە کوردستانییەکانە . کە ئێمە بە وردی چاودێری بارودۆخی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم دەکەین، کە بە شێوەیەکی بەرنامە بۆ داڕێژراو، گۆڕینی دیمۆگرافی ئەو ناوچانە بەردەوامە و ئەمەش دووبارەکردنەوەی هەمان سیاسەتی ڕژێمەکانی پێشووی عێراقە لە دژی خەڵکی ئەو ناوچانە. ئەم سیاسەتە لە کاتێکدا پیادە دەکرێت، کە بەپێی دەستوور نەخشەڕێگەیەک بۆ چارەسەکردنی ئەم دۆسیەیە و چۆنیەتی ئاساییکردنەوەی بارودۆخی ناوچە کێشە لەسەرەکان و دیاریکردنی چێرەنووسیان، دیاریکراوە.

حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەرگیز سیاسەتی تەعریب قبوڵ ناکات و ڕەتی دەکاتەوە . بە تایبەت گەڕاندنەوە و نیشتەجێکردنی خەڵکانێک کە دانیشتووی ڕەسەنی ئەو ناوچانە نین، یان داگیرکردنەوەی گوند و ناوچە کوردستانییەکان و دەرکردنی هاووڵاتییانی کورد و تورکمان لەسەر خاکی خۆیان و داگیرکردنەوەی زەوییە کشتوکاڵییەکانیان و جارێکی دیکە بەخشینی بەو کەسانەی، لەژێر سایە و بە پشتیوانیی ڕژێمی پێشوو، زەوییەکانیان داگیرکرد بوو.

داوا لە حکومەتی فیدڕاڵی دەکەین کە ڕێکاری پێویست بگرێتە بەر و ڕێگری بکات لە درێژەدان بەم جۆرە سیاسەتە و ڕێگە نەدات هێزە چەکدارەکان بۆ زوڵمکردن لە خەڵکی ئەو ناوچانە بەکاربهێنرێت . چونکە ئەم جۆرە سیاسەتانە، هەڕەشە لە ئاشتی کۆمەڵایەتی و بەیەکەوە ژیانی ئاشتییانەی پێکهاتە و نەتەوەکانی ئەو ناوچانە دەکات .

دووەم :دۆسییەی دارایی :

به‌مه‌به‌ستی ده‌سته‌به‌رکردنی بودجه‌ و شایسته‌ داراییه‌کانی هه‌رێمی کوردستان و به‌تایبه‌تی مووچه‌ی مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی کوردستان، حکومه‌تی هه‌رێم ، هەموو هەوڵێکی خستووەتە گەڕ به‌ ئاراسته‌ی چاره‌سه‌ر کردنی ئه‌م کێشانه‌ به‌شێوه‌یه‌کی بنه‌ڕه‌تی ، کابینەی نۆیەمی حکومه‌تی هه‌رێم له‌ 2019/7/25 یه‌که‌م کۆبونه‌وه‌ی فه‌رمی له‌گه‌ڵ حکومه‌تی فیدڕاڵ ئه‌نجامدا و هه‌ردوولا رێککه‌وتن له‌سه‌ر چاره‌سه‌رکرنی کێشه‌کان، ئەوە بوو دوای چەندین سەردانی شاندی هەرێم بۆ بەغدا و کۆبوونەوە لە گەڵ بەرپرسانی حکومەتی فیدراڵی، له‌ 2019/12/1 شاندی حکومه‌تی هه‌رێم گه‌یشته‌ رێکه‌وتنێکی سه‌ره‌تایی له‌گه‌ڵ حکومه‌تی فیدراڵی و به‌ پێی رێکه‌وتنه‌که‌ ، حکومه‌تی هه‌رێم، ئامادەیی خۆی دەربڕی بۆ ‌ڕاده‌ستکردنی بڕی (250)هه‌زار به‌رمیلی نه‌وتی ڕۆژانه‌ به‌حکومه‌تی فیدڕاڵ ، له‌ به‌رامبه‌ردا حکومه‌تی فیدڕاڵی شایسته‌ داراییه‌کانی هه‌رێم دابین بکات که‌ مانگانە بە (900) ملیۆن دۆلار دیاریکرا بوو. دواتر ئه‌م ڕێکه‌وتنه‌ خرایه‌ چوارچێوه‌ی پڕۆژه‌ی یاسای بودجه‌ی ساڵی 2020 وه‌ ، به‌ڵام بەهۆی تێکچوونی بارودۆخی سیاسی عێراق و دەستپێکردنی خۆپیشاندانه‌کان و به‌ بیانووی ده‌ست له‌کار کێشانه‌وه‌ی حکومه‌ته‌که‌ی به‌ڕێز عادل عبد المهدی، ئه‌گه‌رچی له‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی فیدراڵ ده‌نگیش له‌سه‌ر پڕۆژه‌که‌ درابوو ، به‌ڵام پڕۆژه‌ یاساکه‌، نه‌ ناردرا بۆ په‌رله‌مان . بێگومان ئه‌گه‌ر ئه‌و ڕێککه‌وتنە لەوکاتەوە تا ئێستا‌ جێبه‌جێ بکرایە،‌ هه‌رێم تووشی ئه‌م قه‌یرانه‌ داراییەی ئێستا نه‌ده‌بوو. بۆیە ئەوەی پابەندبوونەکانی خۆی جێبەجێ نەکرد، حکومەتی فیدرال بوو نەک حکومەتی هەرێمی کوردستان.

بەداخەوە له‌ ڕێکەوتی 2020/4/16 به‌ بیانووی ده‌رنه‌چوونی یاسای بودجه‌ ، حکومه‌تی فیدڕاڵ به‌شه‌ مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی بڕی که‌ بڕه‌که‌ی (453) ملیار دینار بوو. بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیەش، حکومه‌تی هه‌رێم، شاندێکی ناردە به‌غدا بەڵام تاده‌ست به‌کاربوونی حکومه‌ته‌که‌ی به‌ڕێز مستەفا کازمی، ئه‌م کێشه‌یه‌ چاره‌سه‌ر نه‌کرا . ته‌نیا بۆ یه‌ک مانگیش بڕی (400) ملیار دینار ڕه‌وانه‌ی هه‌رێم کرا . دوای دەستپێکردنەوەی دانوستان به‌مه‌به‌ستی گه‌یشتن به‌چاره‌سه‌رێکی بنه‌ڕه‌تی. دوای چه‌ندین سه‌ردانیش بۆ بەغدا و گۆڕینه‌وه‌ی (12) نامه‌ و پێشنیار، له‌گه‌ڵ حکومه‌تی فیدڕاڵ گەیشتینە ڕێککەوتنێک ، هەرچەندە ئه‌و شایسته‌ داراییانەی‌ ڕه‌وانه‌ی هه‌رێم ده‌کرێت، زۆر که‌متره‌ له‌ شایسته‌ یاساییەکانی هه‌رێم.

ئێستا که‌ یاسای بودجه‌ی ساڵی 2020 پەسەند نەکراوە و حکومه‌تی فیدراڵ کار به‌یاسای ئیداره‌ی دارایی ژماره‌(6)ی ساڵی 2019 ده‌کات . له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌م یاسایه‌شدا ، ئێمه‌ ڕازیبووین که‌داهاتی غه‌یره‌ نه‌وتی به‌ پێی ئه‌م یاسایه‌ مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا بکرێت. هەروەها لاریمان نه‌بوو له‌ ئیداره‌دانی ده‌روازه‌ سنوورییه‌کان بەهاوبەشی به‌پێی مادده‌ی (114) بڕگه‌ی (یه‌که‌م )له‌ ده‌ستوور و به‌ ئه‌لیکترۆنیکرنی ده‌روازه‌ سنوورییه‌کان و به‌ستنه‌وه‌یان به‌ ده‌روازه‌ سنوورییەکانی دیکەی حکومه‌تی فیدڕاڵی.

حکومه‌تی هه‌رێم لاری نییە له‌سه‌ر وردبینی کردنی داهات و خه‌رجییەکان و ئه‌و قه‌رزانەی له‌ ئه‌ستۆی حکومه‌تی فیدراڵه‌ ، یان ئه‌وه‌ بڕه‌ پارانه‌ی حکومه‌تی فیدڕاڵی بانگەشەی ده‌کات که‌له‌ ئه‌ستۆی حکومه‌تی هه‌رێمه‌، له‌ لایەن دیوانی چاودێری دارایی هه‌رێمی کوردستان به‌ هه‌مه‌هه‌نگی له‌گه‌ڵ دیوانی چاودێری دارایی فیدڕاڵی ، به‌پێی یاسای ئیداره‌ی داراییی فیدڕاڵی ژماره‌ (6)ی ساڵی 2019.

له‌ پڕۆژه‌ یاسای بودجه‌ی عێراق‌ ، خه‌رجییه‌کان بە زیاتر لە سەدو چل و هەشت تریلیۆن دینار (148،606،809،164) خه‌مڵێنراوه‌ به‌ڵام داهاته‌که‌ی بە شەست و حەوت تریلیۆن دینار خەملێنراوە (67425220454) به‌مه‌ش بودجه‌ی فیدڕاڵی زیاتر لە (60%) کورتهێنانی هه‌یه‌ و‌ ئه‌م کورتهێنانەش بەداخەوە به‌شی هه‌رێم که‌م ده‌کاته‌وه.

سێیەم : دۆسییەی نه‌وت:

سه‌باره‌ت به‌ دۆسییه‌ی نه‌وت ، به‌هۆکاری ده‌رنه‌چوونی یاسای بودجه‌ی ساڵی 2020‌‌ ، حکومه‌تی فیدڕاڵی داوای ڕاده‌ستکردنی نه‌وتی نه‌کردووه‌، به‌ڵکو باسی داهاتی نەوت دەکات و حکومه‌تی هه‌رێم له‌مه‌شدا پابه‌ندی خۆی نیشانداوه‌ به‌ ڕاده‌ستکردنی داهاتی نه‌وت، بەمەرجێک له‌ به‌رامبه‌ردا حکومه‌تی فیدڕاڵ شایسته‌ داراییه‌کانی هه‌رێم دابین بکات.

هه‌روه‌ها حکومه‌تی هه‌رێم ، رازیبووه ‌ له‌سه‌ر ڕاده‌ستکردنی (250) هه‌زار به‌رمیل نه‌وت به‌ حکومه‌تی فیدڕاڵی، تاکو له‌ ڕێگای سۆمۆ بفرۆشرێت ، ئه‌مه‌ش له‌پڕۆژه‌ یاسایی بودجه‌ 2020 ئاماژه‌ی پێکراوه‌. ئێستا که‌ ڕه‌شنووسی پڕۆژه‌ی بودجه‌ ئاماده‌ کراوه‌ تێبینیه‌کانی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستانمان داوه‌ته‌ حکومه‌تی فیدڕاڵ ، به‌ مه‌به‌ستی چاره‌سه‌رکردنی هه‌ندێک بڕگه و‌ مادده‌ی پرۆژه‌ی بودجه‌.

سه‌باره‌ت به‌پابه‌ندبوون به‌ بڕیاره‌کانی ڕێکخراوی ئۆپێک OPEC+ حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان پابه‌ندبوونی خۆی ڕاگه‌یاندوه‌ به ‌که‌مکردنه‌وه‌ی به‌رهه‌م هێنانی نه‌وت ، به‌ڵام به‌پێوه‌رێکی دادپه‌روه‌رانه‌ بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش وه‌فدی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان، له‌ ڕێککەوتی 2020/4/18 له‌گه‌ڵ حکومه‌تی فیدڕاڵ گه‌یشتوونه‌ته‌ رێکه‌وتنێک که‌ پابه‌ندبوونی حکومه‌تی هه‌رێم نیشان ده‌دات به‌ مه‌رجێک ڕێژه‌ی که‌مکردنه‌وه‌که‌ دادپه‌روه‌رانە بێت و زیان به‌ بارودۆخی دارایی و ئابووری هه‌رێمی کوردستان نه‌گه‌یه‌نێت. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش نووسراوی فه‌رمیمان ئاراسته‌ی حکومه‌تی فیدڕاڵ کردووه‌.

سه‌باره‌ت به‌دابینکردنی پێداویستیه‌ ناوخۆییه‌کانی نه‌وتی سپی بۆ هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان، حکومه‌تی هه‌رێم پێویستی به‌ (260) ملیۆن لیتره‌ ، به‌ڵام تا ئێستا حکومه‌تی فیدڕاڵ، ئه‌گه‌رچی پێشتر ره‌زامه‌ندی مه‌بده‌ئی له‌سه‌ر(100) ملیۆن لیتر ده‌ربڕیبوو‌ ، به‌ڵام تائێستا تەنیا ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ر (50) ملیۆن لیتر داوە .

هه‌روه‌ها له‌ بواری وزه‌ و کاره‌با و گاز ، له‌ نێوان حکومه‌تی هه‌رێم و حکومه‌تی فیدراڵ گفتوگۆ هەیە و له‌م ڕووه‌وه‌ حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان، ئاماده‌باشی نیشان داوه‌ بۆ هەماهەنگیی کارکردن، سه‌باره‌ت به‌م دۆسییەیە ‌.

ئێمە پێموانوایە پەسەندکردنی یاسای نه‌وت وگاز و هه‌موارکردنی یاساکانی وه‌زاره‌تی نه‌وت و کۆمپانیای نه‌وتی نیشتمانی و کۆمپانیای به‌ بازاڕکردنی نه‌وت (سۆمۆ)، به‌ شێوه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ ده‌ستوور گونجاو بێت. چارەسەریی بەشێکی زۆری ئەو کێشانە دەکات کە پەیوەندیدارن بە نەوت و گازەوە.

چواره‌م: دۆسییەی هێزی پێشمه‌رگه :

شاندی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان چه‌ندین کۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ل حکومه‌تی فیدڕاڵدا کردووە و وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ و وه‌زاره‌تی به‌رگری عێراق، له‌سه‌ر گرنگیی هەماهەنگیی و کاری هاوبه‌ش، بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆرو پڕکردنه‌وه‌ی بۆشایی‌ ئه‌منی و دەستەبەرکردنی شایسته‌کانی پێشمه‌رگه‌ له‌لایه‌ن حکومه‌تی فیدڕاڵه‌وه لە گفتوگۆدان.

سه‌باره‌ت به‌هه‌ماهه‌نگیی ئه‌منی و عه‌سکه‌ری، رێککه‌وتنێک کراوه‌ له‌نێوان وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ و لایه‌نە پەیوەندیدارەکانی حکومه‌تی فیدراڵی، بۆ دروستکردنی شه‌ش ناوه‌ندی هاوبه‌شی زانیاریی له‌ دیالا و که‌رکووک و مه‌خموور و موسڵ و هه‌ولێر و به‌غدا. هه‌روه‌ها ده‌رفه‌تی کاری هاوبه‌ش و ئۆپەراسیۆنی هاوبه‌ش، له‌ نێوان هێزی پێشمه‌رگه و سوپای عێراق لە ئارادایە ، به‌ڵام تا ئێستا ده‌ستبه‌کار نه‌بوون وبڕیاره‌کان نه‌چوونه‌ته‌ بواری جێبه‌جێکردنه‌وه‌ و گفتوگۆکان لەمباریەوە بەردەوامن.

سه‌باره‌ت به‌ مووچه‌ و شایستە داراییەکانی هێزه‌کانی پێشمه‌رگه‌ش ، ئه‌گه‌ر چی ساڵانه‌ له‌ بودجه‌کانی عێراقدا بڕه‌ بودجه‌یه‌ک بۆ هێزی پێشمه‌رگه‌ داده‌نرێت، به‌ڵام بەداخەوە، دواتر به‌ بیانووی جیاجیای ناقانوونی و به‌بێ هیچ پاساوێک، خەرج ناکرێت ، بۆ بودجه‌ی ساڵی 2020 له‌ ئەنجامی دانوستانی شاندی حکومه‌تی هه‌رێم، له‌ بودجه‌ی عێراقدا، هێزی پێشمه‌رگه‌ وه‌ک هێزه‌ هاوشێوه‌کانی، لە ناو خه‌رجییە سیادییه‌کان جێگەی بۆ کراوەتەوە . هیوادارین له‌ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پەسەند بکرێت و ئاسته‌نگی بۆ دروست نه‌کرێت.

ئومێدەوارم هەردوولامان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵی، ئەو کەشە ئەرێنی و ئەو دەرفەتە لە دەست نەدەین کە ئێستا لە ئارادایە بۆ چارەسەرکردنی سەرجەم پرس و کێشە هەڵپەسێردراوەکان بە شێوەیەکی بنەڕەتی و لە سەر بنەمای دەستوور. چونکە چارەسەکردنی کێشەکانی نێوانمان و هەبوونی پەیوەندییەکی بنیاتنەرانە و هاوبەشانە لە نێوان هەرێم و حکومەتی فیدراڵی، فاکتەرێکی زۆر گرنگیی سەقامگیریی و ئارامیی عێراق و ناوچەکەیە و لە بەرژەوەندی گشت هاووڵاتییانی عێراقیشدایە.

بەڕێز سەرۆکی پەرلەمان:

پەرلەمانتارانی بەڕێز :

ئەمە ئەو زانیاریی و بەرچاوڕوونیانە بوون کە بە پێویستم زانی، ئەمڕۆ بۆ ئێوەی بەڕێزی بخەمەڕوو. دواتر حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی ڕاپۆرتێکدا بە داتا و وردەکاریی پێویستەوە، کۆی چالاکیی و زانیارییەکان دەخاتە بەردەستی ئێوەی بەڕێز و ڕای گشتی .

لێرەدا بە پێویستی دەزانم، سوپاسی خۆڕاگریی خەڵکی هەرێمی کوردستان بکەم بۆ تێگەیشتنیان بۆ ئەم دۆخە سەختە و ئەو ئاستانگانەی ئێستا ڕووبەڕوومان بوونەتەوە. دڵنیام بە پشتیوانیی و هاوکاریی و پشوودرێژی ئێوەی بەڕێز، ئەم ڕۆژە سەختانەش تێدەپەڕێنین و هەرێمی کوردستان ، بەرەو قۆناغێکی پێشکەوتووتر و گەشەسەندووتر هەنگاو دەنێت.

هەر شاد و تەندروست بن.

بابەتی پێشتر

كاربەدەستێكی تری كۆشكی سپی توشی كۆرۆنا بوو

بابەتی دواتر

فراكسیۆنی پارتی: وەڵامەكانی سەرۆكی حكومەت مایەی ڕەزامەندی بوون

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share