ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی هەوڵی چارەسەركردنی كێشەكانی پێوەری ئاو دەدات

ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكاندا كۆبووەوە بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی پێوەری ئاو، بڕیاریاندا لیژنەیەكی هاوبەش لە سلێمانییەوە بە ڕاسپاردەیەكەوە سەردانی وەزارەتی شارەوانی بكەن.

سەبارەت بەو پرسە، ئازاد محەمەد ئەمین، سەرۆکى ئەنجومەنى پارێزگاى سلێمانى بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “گلەیی و گازندەیەكی زۆری هاوڵاتییان ڕووی كردووەتە ئەنجومەنی پارێزگا و بەڕێوبەرایەتییەكانی ئاو و قائیمقامیەت و ناحییەكانی سنووری پارێزگای سلێمانی، بەو هۆیەوە ئێمەش بە ئامادەبوونی لیژنی شارەوانی و قائیمقامەكان و بەڕێوبەری ئاوی سلێمانی و دەوروبەر و نوێنەری كۆمپانیا گرنگ، كۆبووینەوە”.

ئازاد محەمەد ئەوەشی خستەڕوو، “خۆی پێشتر بۆ بڕیاردان لەسەر پێوەری ئاو، دەبوو بە بەشداریی لایەنە پەیوەندیدارەكان بدرایە، هیچ نەبێت دەبووایە پارێزگارەكان بە نوێنەرایەتی ناوچەكان ئامادە بوونایە”.

كێشەكان چین؟

سەبارەت بەو كیشانەی هاتوونەتە پێش، سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ئاشكرایكرد، “كەسمان دژی بەستنی پێوەری ئاو نیین، بەڵام شێوازی تەندەری پێدانی ئەو پرۆژەیە بە كۆمپانیاكە، كوالێتی پێوەرەكان، گرفتی گەورەن”.

ئاماژەی بەوەشكرد، “كێشەی ئەو پێوەرانە ئەوەن بەرگەی سەرما و گەرما ناگرن، دواتر بۆڕییەكانی دابەشكردنی ئاوی سلێمانی بەردەوام ئاویان تێدا نین، كە ئاو بەردەدەرێتەوە پێوەرەكان هەوا دەخوێننەوە، كوالێتی پێوەرەكانیش باش نین و هەندێكیشیان بە پێچەوانەوە بەستراون”.

“یەكێكی دیكە لە كێشەكان كە كێشەی گەورەیە، ئەوەیە ئەوانەی پێوەرەكان دەخوێننەوە گەر ژمارەیەك بگۆڕن، بڕێكی زۆر پارە لەسەر ماڵەكە هەژمار دەكرێت”، وەك ئازاد محەمەد وتی.

چارەسەر چییە؟

سەبارەت بە چارەسەری ئەو كێشانە، سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی وتی، “لەگەڵ لایەنە بەشداربووەكانی كۆبوونەوەكە، ئەو گفتوگۆیەی كردوومانە لە ڕاسپاردەیەكدا كۆدەكرێتەوە، دواتر لەڕێی لیژنەیەكی هاوبەشەوە كە نوێنەری لیژنەی شارەوانی و بەڕێوبەرایەتیی ئاوی سلێمانی و قائیمقامەكانی تێدا دەبێت، ڕاسپاردەكە بە نوسراوێك دەبەن و لەگەڵ وەزیری شارەوانی گفتوگۆ دەكەن بۆ چارەسەری كێشەكان”.

باسی لەوەشكرد، “با ئێمە پەلە نەكەین لەوەی هەڵوێستمان چی دەبێت، هەنگاوی چارەسەر قورس نییە، ئێمە لەگەڵ وەزیر و وەزارەت قسە دەكەین، دڵنیام چارەسەرەكان هێندە قورس نین كە وەزارەت نەتوانێت بڕیار بدات، ئێمەش مامەڵە لەگەڵ وەڵامی ئەواندا دەكەین”.

سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلیمانی ئاماژەی بەوەشكرد، “لە ڕاستیدا ناكرێت لە شەستەكان پێوەر هەبووبێت و بەبێ كێشە و گرفت كاری كردبێت، كەچی ئێستا كە ساڵی 2021ە، پێوەرێك بەستراوە بووەتە كێشە، ئێمە دژی بەستنی پێوەر نیین، بەڵام ئەم جۆرەشمان قبوڵ نییە”.

بابەتی پێشتر

ئاسایشی شارەزوور: سێ کەس بە تۆمەتی ساختەکردنی دراو دەستگیرکران

بابەتی دواتر

عێراق و توركیا لە هەوڵی دروستكردنی خاڵێكی سنووریی نوێن لەنێوانیاندا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share