وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێم رایدەگەیەنێت، 243 ملیۆن لیتر نەوتی سپی بەسەر ملیۆنێك و 215 هەزار خێزاندا دابەشكراوە .
بەپێی راگەیەندراوێكی وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێم كە وێنەیەكی دەست تۆڕی میدیایی ئێستا كەوتووە و تێیدا هاتووە، وەزارەتی سامانە سروشتییەكان بۆ زستانی ئەمساڵ و لە ماوەیەكی كەمدا بە نرخێكی پاڵپشتیكراو تووانیوویەتی تا رۆژی 31/12/2024 زیاتر لە 243 ملیۆن لیتر نەوتی سپی بە سەر زیاتر لە 1 ملیۆن 215 هەزار خێزان دابەشبكات كە دەكاتە رێژەی لە 86% كۆی نەوتی دابەشكراو و تەنها 127,808 خێزان ماون نەوتییان وەرنەگرتووە.
ئاماژە بۆ ئەوەش كراوە، ئەم دابەشكردنە سەرجەم پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكانی گرتووەتەوە و بە تاوەكو رادەیەك دابەشكردنی نەوت لە ناوچە شاخاوییەكان تەواوبووە.
دابەشكردنی نەوتی سپی بەسەر خێزانەكاندا بەم شێوەیە بووە:
– هەولێر400,398 خێزان كە دەكاتە لە 96,5%
– سلێمانی و ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان و راپەرین 463,869 خێزان، دەكاتە 89,5%
– دهۆك 194,763 خێزان، دەكاتە لە 86,5%
– هەڵەبجە 21,890 خێزان، دەكاتە لە 71%
– ئیدارەی سەربەخۆی سۆران 87,638 خێزان دەكاتە لە 99%
– ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ 47,187 خێزان، دەكاتە لە 72,5%
دەشڵێت، “هاوڵاتییانی هەرێمی كوردستانی ئاگاداردەكەینەوە تا ئێستا پشكی هەرێمی كوردستان لە نەوتی پاڵپشتیكراوی وەزارەتی نەوتی عێراق نەگەیشتووە، وێڕای ئەوەی بڕیارە بڕە نەوتێك كە بڕەكەی تەنها 50ملیۆن لیترە كە زۆر كەمترە لە پشكی هەرێمی كوردستان و تەنها بەشی 19% پێویستیی خێزانەكانی هەرێمی كوردستانە، چاوەڕواندەكرێت بە چەند كاروانێك بڕە نەوتێكی سپی بگاتە هەرێمی كوردستان و لە ڕێگای بەڕێوەبەرایەتییەكانی نەوت و كانزاكان بە هەماهەنگیی لەگەڵ پارێزگاكان و ئیدارە سەربەخۆكان لە هەرێمی كوردستان دەست بە دابەشكردنی بكرێت.