لە پارێزگای دهۆک، ئەمڕۆ پێنجشەممە 25ی شوبات ڕێوڕەسمی دەرچوونی ژمارەیەک لە دەرچووانی خولێکی سەربازیی سەربازی بەڕێوەچوو کە تێیدا 88 ژنی ئێزدی بڕوانامەیان وەرگرت.
لیوا عەزیز وەیسی، فەرماندەی هێزەکانی زێرەڤانی لە ڕێوڕەسمەکەدا ڕایگەیاند، “جارێکی دیکە شکۆمەندی گەڕایەوە بۆ قەزای شەنگال، هێزی پێشمەرگە لە ئازادکردنی شەنگالدا لەژێر دەستی داعش موعجیزەی بەدیهێنا”.
ئاماژەی بەوەکرد کە ڕزگارکردنی شەنگال دەرگایەک بوو بۆ عێراق و ناوچەکە تا شکست بە داعش بهێنن.
ڕاشیگەیاند، “ئەوەتا ئەمڕۆ ژمارەیەک ژنی ئێزدی وەکو شێر لە ڕیزەکانی پێشمەرگەدان”.
فەرماندەی هیزەکانی زێرەڤانی باسی لەوەکرد لە ساڵی 2014 داعش قەزای شەنگالی کۆنترۆڵ کرد و کوشتاری بەرامبەر دانیشتوانی قەزاکەدا ئەنجامدا و دواتر لەلایەن هێزەکانی پێشمەرگەوە ئازادکرا، ئێستا بەشێک لە ژنانی ئەو قەزایە بوون دەبنە پێشمەرگە و بەرگری لە خاکی کوردستان دەکەن.