فریکسا: سێ یاریزانی گەورە بۆ بەرشلۆنە دەکڕین

فریکسا بەڵێنی کڕینی سێ یاریزانی گەورە دەدات

تۆنی فریکسا، کاندیدی پۆستی سەرۆکی یانەی بەرشلۆنە هاندەرانی یانە کەتەلۆنیەکە لە کڕینی سێ یاریزانی گەورە دڵنیادەکاتەوە.

فریکسا یەکێکە لە سێ کاندیدی سەرەکی بۆ پۆستی سەرۆکی یانەی بەرشلۆنە، لە نوێترین لێدوانیدا بە ڕۆژنامەی مارکای ڕاگەیاندووە، ” دەمێکە کار لەسەر بەدەستهێنانی پۆستەکە و ئەرکەکانمان دەکەین لە ئەگەری هەڵبژاردنماندا، دەتوانم دووپاتیبکەمەوە کە توانیومانە ڕێککەوتنێکی بەرهەمدار بکەین و 250 ملیۆن یورۆ بخەینەسەر خەزێنەی یانە، بەهۆی بەدەستهێنانی ئەم بڕە پارەیەوە دەتوانین بڕیاری وەرزشیی باش بدەین، لە وەرزی 2021/2022 سێ یاریزانی گەورە دەکڕین، دوو هێرشبەر و بەرگریکارێک”.

کاندیدەکە جەخت لەوە دەکاتەوە، کە بڕی 250 ملیۆنی بەدەستهاتوو تەنها لە حاڵەتی هەڵبژاردنی وەک سەرۆکی یانە دەچێتە سەر خەزێنەی بەرشلۆنە، بە پێچەوانەوە کار بەو ڕێککەوتنە ناکرێت کە ستافەکەی لەگەڵ چەند سپۆنسەرێکی گەورە کردوویانە.

تۆنی فریکسا، کاندید بۆ پۆستی سەرۆکی یانەی بەرشلۆنە

لە بارەی لیۆ مێسی و بەردوامبوونیەوە دەڵێت، ” زۆری بە بەرشلۆنە بەخشی، لەگەڵ چواردەورەکەی قسەم کردووە نەک خۆی بە تایبەتی، چانسی بەردەوامبوونی لەگەڵماندا زۆرە”.

فریکسا یەکێکە لە کاندیدە سەرەکیەکان بۆ پۆستی سەرۆکایەتی یانەی بەرشلۆنە، لە هەڵبژاردنەکاندا ململانێی خوان لاپۆرتا و ڤیکتۆر فۆنت دەکات.

بابەتی پێشتر

كۆرۆنا لە هەرێم.. توشبوون زیاترە چاكبوون

بابەتی دواتر

دووەمیش ڕویدا.. بزوێنەری فڕۆكەیەكی دیكەی بۆینگ لە ئاسمانی هۆڵەندا گڕیگرت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share