ئەمریكا بەڵێنی سزادانی ئەنجامدەرانی هێرشەكەی هەولێر دەدات

نیدس برایس، وتەبێژ بەناوی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا

ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بەڵێنی سزادانی ئەنجامدەرانی ئەو هێرشە موشەكییە دەدات كە شەوی دووشەممە كرایەسەر هەولێر.

نیدس برایس، وتەبێژ بەناوی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا ئەمڕۆ چوارشەممە 17ی شوبات وتی، “دادپەروەرییە كە بڵێین سزای چاوەڕوانی هەر گروپێكی بەرپرسیار لەو هێرشە دەكات”.

باسی لەوەشكرد كە هاوبەشەكانیان لێكۆڵینەوە دەكەن بۆ دیاریكردنی بەرپرس لە هێرشەكەی هەولێر. دوپاتیشیكردەوە، “هەر وەڵامدانەوەیەك بۆ هێرشەكە بە هەماهەنگی تەواو دەبێت لەگەڵ حكومەتی عێراق و هاوبەشەكانمان لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی”.

کاتژمێر 9:30 خولەکی شەوی دووشەممە، بە موشەک هێرشکرایەسەر بنکەی سەربازیی ئەمریکا لە نزیک فڕۆکەخانەی هەولێر و بەشێک لە موشەکەکانیش لە شوێنی نیشتەجێبوون کەوتنەخوارەوە.

بەپێی وەزارەتی تەندروستیی هەرێم زیانی موشەكەكان لەنێو هاوڵاتیانی مەدەنیدا برینداربوونی سێ كەس بووە.

هاوكات وەین مارۆتۆ، وتەبێژی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژی داعش وتی، “لە هێرشە موشەکییەکەدا بەڵێندەرێك كوژراوە كە (ئەمریكی نییە) و نۆ کەسی دیکەش بە شێوازی جیاواز برینداربوون”.

دوێنێش جین بساكی، وتەبێژ بەناوی كۆشكی سپی ئەمریكا وتی، ویلایەتە یەكگرتووەكان تائێستا لایەنی ئەنجامدەری هێرشەكەی هەولێری دیارینەكردووە.

بساكی، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنوسیدا لە واشنتن وتیشی، “تاوتوێی پرسە پەیوەندیدارەكان بە هێرشەكەوە دەكەین و، تائێستا دیپلۆماسیەت كاری پێشینەمانە”.

ئەوەشی خستەڕوو، “كۆشكی سپی توڕەیە لەو هێرشەی بووە هۆی كوژرانی بەڵێندەرێكی مەدەنی و برینداربوونی پێنجی دیكە”.

بابەتی پێشتر

زێڕ بۆ كەمترین ئاستی زیاتر لە دوو مانگی ڕابردوو دابەزی

بابەتی دواتر

(ڤیدیۆ) پۆرتۆ خانمە پیرەکەی پەکخست و هالاند دۆرتمۆندی بەرەو سەرکەوتن برد

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share