فەرمانگە فیدراڵییەكانی كوردستان لەنێوان بایكۆت و دابەشكردن و وەرنەگرتنی موچەدا

ئەو فەرمانگانەی هەرێمی كوردستان كە سەر بە حكومەتی فیدراڵیی عێراقن، بەشێكیان ماوەی چەند مانگێكە موچەیان وەرنەگرتووە، حكومەتی هەرێم، بەغداد تۆمەتبار دەكات بە نەناردنی موچەكانیان و بۆ چارەسەركردنی كێشەكەش، بڕیاریدابوو موچەكانیان هاوشێوەی فەرمانبەرانی سەر بە حكومەتی هەرێمی كوردستان، بە لێبڕینەوە دابەش بكات، بەشێك لەو فەرمانبەرانە موچەكانیان وەرگرتوون، بەڵام كارمەندانی بەشێك لەو فەرمانگە و بەڕێوبەرایەتییانە ئامادەنین موچە بە لێبڕینەوە وەربگرن و داواكارن موچەی تەواویان بۆخەرجبكرێت.

ڕەحمان خانی، بەڕێوبەری بەنداوی دەربەندیخان لە لێدوانێكدا بۆ تۆڕی میدیایی ئێستا ئاشكرایكرد، “كارمەندان و فەرمانبەرانی بەنداوی دەربەندیخان، ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو دوو موچەیان بە لێبڕینەوە لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە وەرگرتووە.”

وتیشی، “دەوامكردن لە بەڕێوبەرایەتی بەنداوی دەربەندیخان ئاساییە و بایكۆت نەكراوە”، هۆكارەكەشی گەڕاندەوە بۆ دابەشكردنی موچەكانیان.

لای خۆیەوە، عەمیدی مافپەروەر- سالار عەبدوڵا، بەڕێوبەری پاسپۆرتی سلێمانی قسەی بۆ تۆڕی میدیایی ئێستا كرد و ڕایگەیاند، “ماوەی سێ هەفتەیە موچەی مانگی یەكی ئەمساڵ لە گەنجینەكانی وەزارەتی داراییە، بەڵام ئەفسەر و كارمەندانیان وەریناگرن، چونكە بە لێبڕینی 21%ـەوە نێردراوە.”

وتیشی، “بەیانی ئەمڕۆ یەكشەممە دەوام لە پاسپۆرتی سلێمانی ئاسایی بووە و بایكۆت نەبووە، بەڵام لەلایەن وەزارەتی ناوخۆوە پەیوەندیم پێوەكراوە بچمە هەولێر بەمەبەستی بەشداریكردن لە كۆبوونەوەیەكدا بۆ تاووتوێكردنی كێشەی موچە و هەوڵدان بۆ چارەسەركردنی و ئێستا لە هەولێرم بۆ بەشداریكردن لەو كۆبوونەوەیەدا.”

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، سەرچاوەیەك لە یەكێك لە گەنجینەكانی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، بە بڕیارێكی وەزارەتی دارایی موچەی مانگی 1ی 2021ی به‌ڕێو‌به‌رایه‌تیی گشتیی ڕه‌گه‌زنامه‌ی هه‌رێم، هاوشێوەی فەرمانبەرانی دیكەی هەرێم بە لێبڕینەوە دابەشدەكرێت.

وتیشی، “موچه‌ی به‌ڕێو‌به‌رایه‌تیی گشتیی ڕه‌گه‌زنامه‌ی هه‌رێم و چەند بەڕێوبەرایەتییەكی تری فیدراڵی، بۆ مانگی 1ی 2021 به‌ لێبڕینی ڕێژەی 21% و 50%ی پلە باڵاكان دەبێت.”

دواتر وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان، هۆكاری ئەو لێبڕینەی گەڕاندەوە بۆ خەرجنەكردنی موچەی فەرمانگە فیدراڵییەكان لەلایەن بەغدادەوە و ڕایگەیاند، “هەریەك لە مانگەكانی 10- 11-12 ساڵی ڕابردوو لەگەڵ مانگی یەكی 2021 هیچ بڕە پارەیەك لە لایەن حكومەتی فیدڕاڵەوە بۆ هەرێم نەنێردراوە تاوەكو موچەی فەرمانبەرانی بەنداوەكان و ڕەگەزنامەی هەرێم دابەش بكرێت.”

وەك كاردانەوەیەكیش، ئەو فەرمانگانە ڕاگەیەندراوێكیان ئاڕاستەی مستەفا كازمی، سەرۆكوەزیرانی عێراق كرد و داوایان كرد موچەكانیان خەرج بكرێت.

لەو بارەیەوە و لە درێژەی وتەكانیدا بۆ ئێستا، بەڕێوبەری پاسپۆرتی سلێمانی ئاماژەی بۆ ئەوە كرد كە بڕیاربوو ڕۆژی سێشەممەی ڕابردوو، وەزیری ناوخۆی عێراق لە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا نووسراوی داواكردنی موچەی ئەو فەرمانگە فیدراڵییانەی هەرێم لە حكومەتی فیدراڵی، بدات بە كازمی، بەڵام بەهۆی بڵاوبوونەوەی هێزەكانی سەر بە موقتەدا سەدر لەناو بەغداد، وەزیر نەیتوانیبوو بەشداریی كۆبوونەوەكە بكات، بۆیە بڕیارە لە كۆبوونەوەكەی سێشەممەی داهاتووی ئەنجومەنی وەزیراندا، نووسراوەكە بدرێت بە مستەفا كازمی و داوای خەرجكردنی پارەكەی لێبكرێت.”

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، بەڕێوبەری پاسپۆرتی سلێمانی، ژمارەیەك سەبەتەخۆراكی بەسەر ئەفسەران و كارمەندانی بەڕێوبەرایەتیی پاسپۆرتی سلێمانی-دا دابەشكردبوو، لەو بارەیەوە عەمید- سالار عەبدوڵا ڕایگەیاند، “سەبەتەخۆراك بەسەر ئەو ئەفسەر و كارمەندانەدا دابەشكراون كە ئامادەبوون وەریانبگرن و لەم ڕۆژانەدا هەڵمەتەكە دووبارە دەكرێتەوە.”

ئاشكراشیكرد كە تیمێكی پزیشكیی بیانی ئەمڕۆ دەستیانكردووە بە پشكنین و دابینكردنی چەند پێداویستییەكی پزیشكی بۆ ئەفسەران و كارمەندانی پاسپۆرتی سلێمانی و تیمەكە لە چەندین پسپۆڕیی جۆراوجۆر پێكدێت و خزمەیتگوزارییەكان بێبەرامبەرن.”

بابەتی پێشتر

حكومەتی عێراق بڕیاری خەرجكردنی شایستەكانی جوتیارانی دەركرد

بابەتی دواتر

بەرهەمی ئۆپیک لە مانگی ڕابردوودا 180 هەزار بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا زیادیکردووە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share