قوباد تاڵەبانی: دڵخۆش نیم بەم دۆخە سیاسیەی ئێستا لە هەرێم دەگوزەرێت

جێگری سەرۆك وەزیران رایدەگەیەنێت، دڵخۆش نیم بەم دۆخەی ئێستای هەرێمی كوردستان و پێویست بوو پەیوەندییەکانی نێوان لایەنەکان باشتربوایە.

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران ئەمڕۆ لە هەولێر پێشوازیکرد لە ئۆلیڤییە دیکۆتینێ، کونسوڵی گشتی فەڕەنسا لە هەرێمی کوردستان.

سەبارەت بە رەوشی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، قوباد تاڵەبانی رایگەیاند، “دڵخۆش نیم بەم دۆخەی ئێستای هەرێم و پێویست بوو پەیوەندییەکانی نێوان لایەنەکان باشتر بوایە، بەتایبەت ئەمڕۆ لەهەموو کات زیاتر کورد پێویستیی بە یەکدەنگی و رێکخستنەوەی نێوماڵی خۆی هەیە، چونکە تەحەداکانی بەردەم کوردستان ئێستا گەورەتر و زەقترن”.

ئاماژەی بەوەشدا، هێشتا کات لەبەردەستدا ماوە بۆ ئەوەی بە لەبەرچاوگرتنی مەترسییەکان، لایەنەکان بگەن بە رێککەوتن و یەکدەنگی بەشێوازێک کە لەگەڵ ئەم قۆناغەدا بگونجێت.

سەبارەت بە پێگەی هەرێم لە بەغداد و پەیوەندییەکانی نیوان هەرێم و بەغداش، جێگری سەرۆک وەزیران ئەوەی خستەڕوو، ئەوەی لە بەغداد دەگوزەرێت رەنگدانەوەی دۆخی ناوخۆی هەرێمی کوردستانە، بۆیە پێویستە بەر لەهەر شتێک ناوماڵی خۆمان رێکبخەین، ئەوکات دەتوانین لە بەغداد بەهێزتر و یەکگرتووتر دەرکەوین و پێکەوە باشتر بەرگری لە ماف و شایستە دەستورییەکانمان بکەین و وتی، “بۆ ئەوەی بتوانین بەم یەکدەنگییە بگەین، دەبێت هەموو لایەکمان پێداچوونەوە بە هەڵوێستەکانماندا بکەینەوە”.

لە کۆتاییشدا سوپاسی کونسوڵی گشتی فەڕەنسای کرد کە پسپۆڕی تایبەت بە چاکسازیی ئابورییان تەرخانکردووە بۆ نوسینگەی جێگری سەرۆک وەزیران تا هاوکار بێت لە جێبەجێکردنی پلانەکانی چاکسازی.

بابەتی پێشتر

لە بارەی پاشەكەوتی مووچەوە مژدەیەك بە مووچەخۆران دەدرێت

بابەتی دواتر

بافڵ جەلال تاڵەبانی بۆ دژەتیرۆر: ئێوە نمونەی فەرماندەی دڵسۆز و بەئەمەكی کوردستانن

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share