وەزارەتی بەرگریی تورکیا کۆتاییهاتنی ئۆپەراسیۆنەكەی سەر چیای گارە ڕادەگەیەنێت.
بەشی ئینگلیزی ئاژانسی ئەنادۆڵو بڵاویكردەوە خولوسی ئاکار، وەزیری بەرگریی تورکیا ئەمڕۆ یەكشەممە 14ی شوبات سەردانی بنكەی بەڕێوەبردنی ئۆپراسیۆنی (چنگی هەڵۆ-2)ی لە پارێزگای شرناخ لەسەر سنوور کرد و لە وتەیەكدا کۆتاییهاتنی ئۆپەراسیۆنەکەی ڕاگەیاند.
بەپێی وتەی وەزیری بەرگریی توركیا هێرشەكانیان بووەتە هۆی كوژرانی 48 گەریلای پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) و دەستگیركردنی دوانی دیكەیان.
وتیشی، “لە یەكێك لە ئەشكەوتەكاندا تەرمی 13 تورك دۆزراونەتەوە” كە دەستبەربوون لای پەكەكە.
لە 10ی ئەم مانگە وەزارەتی بەرگریی تورکیا دابەزاندنی سوپای وڵاتەکەی لە چیای گارەی پارێزگای دهۆک ڕاگەیاند و ئاشکراشیکرد لە کاتژمێر 2:55 خولەکی بەرەبەیان دەستیان بە ئۆپەراسیۆنی (چنگی هەڵۆ-2) دژ بە پەکەکە کردووە.
ڕۆژێك دواتر زاگرۆس هیوا، وتەبێژی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “بۆردمانی فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای داگیرکەری تورکیا دوێنێ شەویش بە چڕی بەردەوام بوو”.
وتیشی، “لەناو ئەو شوێنانەی بۆردمانکراون کامپێک هەیە کە دیلەکانی شەڕی لێی ڕادەگیران”. ئەوەشی خستەڕوو، “ئارتەشی داگیرکەر” تەنیا دانی بە دوو ئەفسەری کوژراوی خۆیدا ناوە، بەڵام هەژماری کوژراوەکانی سوپای تورکیا “زۆر لەوە زیاترە”.