وەزارەتی ناوخۆی عێراق ڕایدەگەیەنێت، سێ برا بە تۆمەتی كوشتنی باوكیان لە بەغداد دەستگیركراون، دوای ئەوەی هەوڵیانداوە ڕوداوەكە وەك خۆكوشتن ناوببەن و پاڵنەری تاوانەكەشیان “بەدەستهێنانی میرات” بووە.
وەزارەتەكە ئەمڕۆ چوارشەممە 10ی شوبات لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاند، گومانكردنی دادگا لەبارەی ڕوداوێك گوایە (خۆكوژییە) هۆكار بووە بۆ لێكۆڵینەوەی زیاتر لەو دۆسیەیەی هەفتەیەك پێشتر ڕویداوە.
ڕوداوەكە پێشتر وا تۆماركراوە كە كاری خۆكوشتن بووە لەلایەن (ق. ح. خ.) “بەڵام ناڕۆشنی ڕوداوەكە بووە هۆی دووبارە لێكۆڵینەوە و پشكنین و پلان و كۆكردنەوەی بەڵگە و دۆخی دەوربەری پرسەكە”.
بەپێی بەیاننامەكەی وەزارەتی ناوخۆ دوای ڕێوشوێنەكان هەر سێ كوڕی قوربانییەكە كە لەهەمان ماڵدا لەگەڵیدا نیشتەجێن دانیان بە كوشتنیدا ناوە بەهۆی “ناكۆكی لەسەر میرات و پشكیان تیایدا”.
لە ڕوداوێكی دیكەشدا، بەیاننامەیەكی وەزارەتی ناوخۆ كە ئەمڕۆ بڵاوكرایەوە دەڵێت، ژنێك دانی بە تاوانی كوشتنی كچێكی دراوسێكەیاندا ناوە كە تەمەنی دوو ساڵە بە هەڵدانی بۆ ناو ئاوی ڕوبارێكی نزیك، لە شاری كەحلاء-ی سەر بە پارێزگای میسان لە باشووری عێراق.
بەپێی بەیاننامەكە، ژنەكە دانی بە تاوانەكەدا ناوە كە منداڵەكەی هەڵداوەتە ناو ئاوێكی نزیك لە خانووەكەیان و بینیویەتی كە نقوم دەبێت و كۆتایی بە ژیانی دێت.
بەمدواییە تاوانی لەو جۆرە لە چەند ناوچەیەكی جیاجیای عێراق سەریانهەڵداوە. دوێنێش سێ منداڵ لەسەر دەستی باوكیان لە پارێزگای میسان خنكێندران، لەهەمان پارێزگا كوڕێك باوكی خۆی سوتاند، لە بەغدادیش برایەك بەهۆی ناكۆكی نێوانیان فیشەكی بە برایەكی خۆیەوە نا.