بەشیر حەداد: پرۆژەی بودجەی 2021 گۆڕانكاری و هەمواری تیادەكرێت

بەشیر حەداد، جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق

جێگری دووەمی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران دەڵێت، پەرلەمان چاوەڕوانە لەم هەفتەیەدا پرۆژەیاسای بودجەی 2021 بگات و پێشبینی ئەوەشدەكات گۆڕانكاری و هەموار بەسەر دەقی پرۆژەكەدا بكرێت.

بەشیر حەداد، جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئەمڕۆ دووشەممە 28ی كانونی یەكەم وتی، پرۆژەیاسای بودجەی گشتی بۆ ساڵی 2021 هێشتا نەگەیشتووەتە پەرلەمان و چاوەڕوان دەكرێت لەماوەی ئەم هەفتەیەدا بگات.

وتیشی، “ڕاستەوخۆ لەگەڵ گەیشتنی، ڕێوشوێنە یاساییەكان دەگیرێتەبەر بۆ تاوتوێكردن و دەنگدان لەسەری”.

بەشیر حەداد لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراق پێشبینی ئەوەشیكرد سەرەتای مانگی داهاتوو خوێندنەوەی یەكەم بۆ پرۆژەیاساكە بكرێت و دواتریش خوێندنەوەی دووەم و تیایدا پێشنیاری لیژنە پەیوەندیدارەكان زیاددەكرێت، لەمەشدا گۆڕانكاری و گفتوگۆی زۆر لەبارەی بڕگە و مادەكانی یاساكە دەكرێت.

هەروەك ئاماژەی بەوەشكرد، ئەگەری هەیە هەمواری پرۆژەكە بكرێت وەك كەمكردنەوەی تێچوو یان گواستنەوەی مادەكان یاخود داواكردن لە حكومەت بۆ هەمواری هەندێك لە بڕگەكان.

جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران پێشبینی ئەوەشیكرد تاوتوێكردنی پڕۆژەكە تا پەسەندكردنی نزیكەی 20 ڕۆژ تا مانگێك بخایەنێت.

سێشەممەی ڕابردوو 22ی كانونی یەكەم قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكوەزیران و سەرۆكی شاندی باڵای حكومەتی هەرێم بۆ بەغداد وتی، توانیمان لەگەڵ حكومەتی ناوەند بگەینە ڕێككەوتن دەربارەی پرۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2021.

قوباد تاڵەبانی لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنوسیدا لە بەغدادەوە ڕێككەوتنەكەی بە “سەركەوتن” ناوبرد و هیواشیخواست لە پەرلەمانیش پرۆژەكە تێپەڕێنرێت. ئەوەشی خستەڕوو، پرۆژەكە توانیویەتی بەرژەوەندییە هاوبەشەكانی عێراق بە هەرێمی كوردستانەوە بپارێزێت.

بەپێی ڕەشنوسی پرۆژەیاساكە نرخی یەك بەرمیل نەوت بە 42 دۆلار دیاریكراوە و بەهای دۆلاریش بۆ 100 دۆلار 145 هەزار دینار دانراوە.

لە مادەی یەكەمی ڕەشنوسەكەدا هاتووە، “حسابكردنی داهاتی پێشبینیكراو لە نەوتی هەناردەكراوی عێراق دەبێت كە نرخی یەك بەرمیل نەوت بە 42 دۆلار دانراوە، ڕۆژانەش 3 ملیۆن و 250 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە دەكرێت كە لەنێویدا 250 هەزار بەرمیل نەوتی هەرێمی تێدایە”.

لەو ڕەشنوسەدا كە وێنەیەكی دەستی تۆڕی میدیایی ئێستا كەوتووە، لە مادەی دوودا هاتووە، بودجەی گشتیی وڵات پشت دەبەستێت بە پارەداركردن لە ڕێی دوو ڕەگەزەوە كە بریتین لە “داهاتی نەوتی و داهاتی نانەوتی، قەرزە ناوخۆیی و دەرەكییەكان”.

مادەی 13ی ڕەشنوسەكە تایبەتە بە ماف و پابەندییەكانی هەرێم و لە حەوت خاڵ پێك دێت، لە خاڵی یەكەمیدا باس لە موچەی پێشمەرگە كراوە و تیایدا دەڵێت، “دژبەیەكییەك هەیە لەوەی موچەی پێشمەرگە لەنێو خەرجییە سیادییەكانی عێراقدا جێیكراوەتەوە، بەڵام لە بودجەی هەرێمی كوردستانیشدا موچەی پێشمەرگە دەدرێت”.

سەبارەت بە ڕادەستكردنی ئەوەی لە ئەستۆی هەرێمدایە، لە ڕەشنوسەكەدا هاتووە، “حكومەتی هەرێم پابەندە بەوەی داهاتی نەوتی و نانەوتییەكانی ڕادەستی ناوەند بكات بەپێی یاسای بەڕێوەبردنی دارایی عێراق ژمارە 6ی ساڵی 2019 (50%ی داهاتی ناوخۆ و خاڵە سنوورییەكان و 250 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە)”.

لە خاڵی شەشی مادەی 13دا هاتووە، “پێویستە حكومەتی ناوەند تێچووی تەشغیلی گواستنەوەی 350 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە بدات كە لەڕێی بۆری نەوتی هەرێمی كوردستانەوە هەناردە دەكرێت، لە بری 250 هەزاری ئەو نەوتەی هەرێم ڕادەستی دەكات و 100 هەزاری نەوتی كەركوك”.

لە خاڵی حەوت و كۆتایی مادەكەی تایبەت بە هەرێم ئاماژە بەوەكراوە، “وای دەبینین هەرێم پابەند بێت بە پێدانی داهاتە نەوتییەكانی بە بە پشت بەست بەو نرخەی كە سۆمۆ پێی دەفرۆشێت، پابەندیش بێت بە پێدانی داهاتە نانەوتییەكانی بەپێی ئەوەی وەزارەتی (پلاندانان و دارایی) دیاریدەكەن و بخرێتە خەزێنەی گشتیییەوە.

بابەتی پێشتر

بینیتێز دەگەڕێتەوە؟ پاڵێوراوە بۆ پۆستی ڕاهێنەری زەبەلاحێکی پریمەرلیگ

بابەتی دواتر

کۆستا داوای هەڵوەشاندنەوەی بۆندەکەی دەکات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
24
Share