حكومەتی كەنەدا، لێكۆڵینەوە لە تۆمارێكی دەنگیی وەزیری دەرەوەی ئێران دەكات كە تیایدا دەڵێت، “پێدەچێت فڕۆكە ئۆكرانییەكە بە ئەنقەست خرابێتەخوارەوە.”
تۆڕی هەواڵی بی بی سی بەریتانی ئەمڕۆ چوارشەممە 10ی شوبات بڵاویكردەوە، “دەسەڵاتدارانی كەنەدا، تۆمارێكی دەنگییان دەستكەوتووە كە دەیگەڕێننەوە بۆ دەنگی وەزیری دەرەوەی ئێران و تیایدا ئاماژە بۆ ئەوە دەكات فڕۆكە ئۆكرانییەكە، لەلایەن خوودی ئێرانییەكانەوە بە ئەنقەست خرابێتەخوارەوە.”
تۆمارە دەنگییەكە بەر لە سێ مانگ گەیشتووەتە لای حكومەتی كەنەدا، بەڵام ئێستا ئەو وڵاتە زانیاری لەبارەوە ئاشكرادەكات، لەو تۆمارە دەنگییەدا كەسێك قسەدەكات كە دەوترێت محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێرانە، ئەو دەڵێت، “هەزار بەڵگە هەیە لەبارەی خستنەخوارەوەی فڕۆكە ئۆكرانییەكەوە، یەكێكیان ئەوەیە دوو یان سێ كەس دزەیانكردبێتە سیستمی فڕۆكەوانییەوە و بە ئەنقەست فڕۆكەكەیان خستبێتەخوارەوە، یاخود لەڕێگەی تێكدانی سیستمی ڕادارەوە ئەو كارە كرابێت، ئەم ئەگەرانە دوورنین لە ڕاستییەوە.”
سەرەتای ساڵی ڕابردوو، هێزەكانی ئێران فڕۆكەیەكی ئۆكرانییان لە ئاسمانی وڵاتەكەیاندا خستەخوارەوە، دواتر هێزەكانی پاسەوانی شۆڕشی ئیسلامی (پاسداران) ڕایگەیاند، فڕۆكەكە كە سەر بە گەشتی ئاسمانیی نێودەوڵەتیی ئۆكرانیا بووە، پاش ماوەیەكی كەم لە فڕینی، بە هەڵە لەلایەن هێزەكانییەوە خراوەتەخوارەوە بە گومانی ئەوەی موشەكە.
خستنەخوارەوەی فڕۆكەكە، چەند ڕۆژێكی كەم بوو پاش كوژرانی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودس و ئەبومەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی لە بەغداد لە 3ی كانونی دووەمی 2020ـدا لەلایەن ئەمریكاوە، بۆیە لەكاتی ڕوداوی فڕۆكەكەدا، ناكۆكییەكانی ئێران و ئەمریكا لە ترۆپكدا بوون و گەیشتبوونە ڕادەی تەقینەوە.
دوای ساڵێك لە ڕوداوەكە و لە ڕۆژی چوارشەممە 30ی كانونی یەكەمی ڕابردووا، حكومەتی تاران ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و ڕایگەیاند، “ئەنجومەنی وەزیران ڕەزامەندی نیشانداوە لەسەر تەرخانكردنی 150 هەزار دۆلار یان هاوتاكەی بە یۆرۆ بۆ هەر خێزانێكی قوربانیانیی خستنەخوارەوەی فڕۆكە ئۆكرانییەكە.”
خستنەخوارەوەی فڕۆكەكە لەلایەن ئێرانەوە، 176 كەسی كوشت، بەشێك لە قوربانییەكان هاوڵاتیی كەندی یان نیشتەجێبووی هەمیشەیی ئەو وڵاتە بوون.
ئێستا دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە ساڵێك بەسەر ڕوداوەكەدا، ڕاپۆرتەكەی بی بی سی باس لەوە دەكات كە راڵف گودڵ، ڕاوێژكاری تایبەتی جەستن ترودۆ سەرۆكوەزیرانی كەنەدا لە بەدواداچوون بۆ ئەو كەیسە ڕایگەیاندووە، “تۆمارە دەنگییەكە زانیاریی هەستیار لەخۆدەگرێت و حكومەتی كەنەدا لێكۆڵینەوە لەو بارەیەوە دەكات.”
ناوبراو دەڵێت، “ئاشكراكردنی ناوەڕۆكی تۆمارە دەنگییەكە، ڕەنگە ژیانی هەندێك كەس بخاتە مەترسییەوە”، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بەڵێنی دا كە دۆسیەكە زۆر بەجدی وەردەگرن و بەدواداچوونی بۆدەكەن و هەموو ڕاستییەكان و هۆكارەكانی خستنەخوارەوەی فڕۆكە ئۆكرانییەكە ئاشكرادەكەن.
لە بەرانبەر هەموو ئەو پێشهات و گۆڕانكارییە تازانەدا، ئێران هاتەدەنگ و سەعید خەتیب زادە، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە، بایەخی تۆمارە دەنگییەكەی بە كەم زانی و داواشی لە دەسەڵاتدارانی كەنەدا كرد، گوێ بەو پڕوپاگەندانە نەدات كە “خەم و ئازاری كەسوكاری قوربانییەكان زیاتر دەكات.”
ئەوەی وادەكات ڕوداوەكە دوای زیاتر لە ساڵێك هێشتا كاردانەوە بەدوای خۆیدا بهێنێت و دۆسیەكەی دانەخرێت، ئەوەیە كە فڕۆكە ئۆكرانییەكە، لە خاكی خوودی ئێرانەوە فڕیبوو، نەك لە وڵاتێكی ترەوە بەڕێكەوتبێت و بەسەر ئاسمانی ئێراندا گوزەری كردبێت.
ئەوەی یەكلایی بووەتەوە ئەوەیە، فڕۆكەكە لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی خومەینی لە تارانەوە گەشتەكەی دەستپێكردبوو، كەچی دوای تەنها چەند خوولەكێك، لەلایەن سوپای پاسدارانەوە موشەكباران كرابوو و خرابووەخوارەوە، بەوەش كۆی سەرنشینانی كە 176 كەس بوون، گیانیان لەدەستدابوو.