شێخ جەعفەر لەسەر شەڕەكەی بازگەی تاسڵوجە ڕونكردنەوە دەدات

جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان فۆتۆ: VOA

لەسەر ئەو شەڕەی ئەمڕۆ لەنێوان ژمارەیەك پێشمەرگە و ئاسایشی بازگەی تاسڵوجە ڕویدا، جەعفەر شێخ مستەفا دەڵێت، ئەو پێشمەرگانەمان دەستبەجێ ڕادەستكرد و “خۆمان بە بەشێك لە ئاسایشی ئەم هەرێمە دەزانین”.

جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ چوارشەممە 10ی شوبات ڕونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوە و تیایدا هاتووە، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ لە بازگەی دەروازەی تاسڵوجە، ئاڵۆزییەك دەكەوێتە نێوان چەند پێشمەرگەیەك و برایانی ئاسایشی سلێمانی كە بە داخەوە بوە هۆی شەهیدبوونی برایەكی ئاسایش بە ناوی (شاخەوان ئەحمەد محەمەد).

دەشڵێت، “لەكاتی ئاگاداركردنمان لەم ڕوداوە ئانیە، دەستبەجێ فەرمانماندا كە هەر كەسێك دەستی هەبووە لەو ڕوداوە، ڕوبەڕووی یاسا بكرێتەوە، بۆیە ئەو پێشمەرگانەمان دەستبەجێ ڕادەستكرد كە بەشداری ئەو ئاڵۆزییە بوون”.

جەعفەر شێخ مستەفا دوپاتیشیدەكاتەوە، “ئێمە خۆمان بە بەشێك لە ئاسایشی ئەم هەرێمە دەزانین، هەموو كات ئامادەین بۆ پارێزگاریكردن لە سەروەری یاسا”.

کاتژمێر 10:30ی سەرلەبەیانی ئەمڕۆ لە بازگەی تاسڵوجەی سەر بە پارێزگای سلێمانی لەکاتی تێپەڕبوونی ئۆتۆمبێلێکی هێزەکانی پێشمەرگە لەنێوان پێشمەرگەکە و کارمەندانی بازگەکە لێکتێنەگەیشتنێک ڕویدا و لە ئەنجامدا بووە بە دەمەقاڵێ و شەڕ لە نێوانیاندا ڕویدا.

لەسەر ڕوداوەكە ئاسایشی سلێمانی ڕونیكردەوە، بە چەقۆ لەلایەن پێشمەرگەکانەوە هێرش کراوەتەسەر چەند کارمەندێکی ئاسایشی بازگەکە و بریندارکراون، هەروەها عەریفی ئاسایش، (شاخەوان ئەحمەد مەحمود) کارمەندی بازگەکە گیانیلەدەستداوە و پێنجی دیکە برینداربوون.

 

بابەتی پێشتر

لیژنەی ئەمنی: کشانەوەی حەشدی شەعبی لە ناوچە ئازادکراوەکان کارەسات دروستدەکات

بابەتی دواتر

سەرۆككۆمار پێشوازیکرد لە سەرۆكی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share