توێژینەوەیەكی نوێی بەریتانی ئاشكرایدەكات هەموو ئەوانەی لە ڤایرۆسی كۆرۆنا چاكدەبنەوە، ئاستێكی بەرزی دژەتەنیان دەبێت لانیكەم بۆ ماوەی شەش مانگ، كە دەیانپارێزێت لە دووبارە توشبوونەوە.
زانایانی بەشداربوو دەڵێن، توێژینەوەكە ئاستی توشبوونی پێشووی لەنێو دانیشتووانی سەرجەم ناوچەكانی بەریتانیا هەڵسەنگاندووە لەگەڵ ئەو ماوەیەی دژەتەنەكان لەنێو توشبوواندا ماونەتەوە.
توێژینەوەكە كارمەندانی بواری چاودێری تەندروستیشی لە وڵاتەكە گرتوەتەوە و ئاشكرایدەكات كە چاكبووان لە كۆرۆنا لانیكەم بەرگریی لەشیان بۆ ماوەی شەش مانگ هەیە، بەڵام ئاماژە بەوەشدەكات كە ئەو كەسانە دەتوانن ڤایرۆسەكە هەڵبگرن و پەتاكە بڵاوبكەنەوە.
نعومی ئەلین، مامۆستا و گەورە زانای بەشداربوو وتی، بەشێكی زۆری دژەتەنەكان لانیكەم بۆ ماوەی شەش مانگی پاش توشبوون بە ڤایرۆسی كۆڤید-19 دەمێننەوە.
بەپێی ئەنجام لەسەر توشبووە بەشداربووەكانی توێژینەوەكەوە دەستكەوتوون، 99%ی دژە تەنەكان بۆ ماوەی سێ مانگ ماونەتەوە، پاش شەش مانگی تەواویش بەدواداچوون دەركەوتووە دژە تەنەكان 88%ن.
ئەلین وتیشی، “سەرەڕای ئەوەی ناتوانین دڵنیاببینەوە لە پەیوەندی ئەو كارە بە بەرگری لەشەوە، بەڵام ئەنجامەكان ئاماژە بەوەدەكەن كە دەكرێت كەسەكان لە دووەمجار توشبوونەوە بە پەتاكە بۆ ماوەی شەش مانگی پاش توشبوونی یەكەمجار بپارێزێت”.
دوپاتیشیكردەوە كە ئەنجامەكان یەكانگیرن لەگەڵ ئەنجامی توێژینەوەكانی دیكە كە پێشتر لە شانشینی یەكگرتوو و ئیسلەندا ئەنجامدراون و گەیشتوونەتە ئەوەی دژەتەنەكانی ڤایرۆسی كۆرۆنا بۆ چەند مانگێك لە چاكبوواندا دەمێننەوە.
س: ئەلحوڕە