کۆرۆنا کاریگەری لەسەر یادگەی کەسانی تووشبوو دروستدەکات تەنانەت گەنجانیش

توێژینەوەیەکی نوێ دەریدەخات، ئەوانەی تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەبن کاریگەریی نەرێنی دەکاتە سەر یادگەیان تەنانەت دوای حەوت مانگیش ئەو کاریگەرییە دەمێنێتەوە.

بەپێی توێژینەوەکە کاریگەرییەکانی کۆرۆنا لەسەر یادگەی تووشبووان تەنها کەسانی بەتەمەن ناگرێتەوە بەڵکو ئەو کێشەیە تووشی گەنجانیش دەبێت.

تۆڕی NBC News تویژینەوەیەکی بڵاوکردووەتەوە کە سەرجەم زانیارییەکانی تووشبووانی کۆرۆنای ناو نەخۆشخانەی ماونت سینای لە نیویۆرک بەکارهێناوە و دەڵێت، “ئەوانەی تووشی ڤایرۆسەکە دەبن بۆ ماوەیەکی درێژ هەندێک کاریگەریی لاوەکیی نەرێنیی ڤایرۆسەکەیان تێدا دەمێنێتەوە کە دەکرێت چەند هەفتە یان چەند مانگ بخایەنێت”.

بەپێی توێژینەوەکە، ڕێژەی زیاتر لە 24%ی ئەوانەی لە کۆرۆنا چاکدەبنەوە تووشی گرفتی زانیاری و تێگەیشتن دەبن، ئەمەش کێشەیە لە یادگە و توانای بیرکردنەوەی کەسەکەدا.

جاکلین بیکەر سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە و پسپۆڕی نەخۆشییە دەروونی و ژیرییەکان دەڵێت، “کێشە لە توانای درککردنی بەشێک لەوانەی تووشی کۆرۆنا دەبن دروستدەبێت و لە تەمەنە جیاوازەکانیشیان تێدایە”.

توێژینەوەکە لەسەر 740 تووشبووی کۆرۆنا ئەنجامدراوە کە زانیارییەکانیان لە نەخۆشخانەکەدا هەبووە، لە ماوەی نێوان مانگی نیسانی 2020 بۆ ئایاری 2021 لەو نەخۆشخانەیەدا چارەسەری کۆرۆنایان بۆکراوە.

ئەوانەی لە توێژینەوەکەدا بەشدارییان پێکراوە لە تەمەنی 18 ساڵ بۆ سەرەوە بوون و پێشتر هیچ نیشانە و حاڵەتێکی بیرچوونەوەیان نەبووە.

ئەنجامی توێژینەوەکە دەریدەخات باوترین کاریگەری لەسەر یادگەی تووشبووەکان، کەموکوڕی لە هۆشیاریی کەسەکەدا بووە، کە لە هەر چوار تووشبوویەک، یەكێكیان ئەو حاڵەتەی تووشبووە.

هەروەها کێشە لە هەڵگرتن و پاراستنی زانیاریی نوێدا لە پلەی دووەمی کێشەکانی یادگەی کەسانی تووشبوودا دێت، بەدوای ئەوانیشدا کێشەکانی دیکەی پەیوەست بە یادگە لەو تووشبووانەدا تۆمارکراون.

بابەتی پێشتر

وەزیرێك: لوبنان لە تەنگژەیەكی گەورەدایە

بابەتی دواتر

لایەنگرانی فەتح هەوڵی هەڵكوتانەسەر ناوچەی سەوزیان داوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share