فایزەر ڕێژەی کاریگەریی ڤاکسینەکەی بۆ منداڵان ئاشکرادەکات

کۆمپانیای فایزەر ئاشکرایکرد ژەمی بچوکی ڤاکسینی دژە کۆرۆنا بۆ منداڵان سەلامەتە و ڕێژەی کاریگەرییەکەی بەڕێژەی 91% بۆ منداڵانی 5  بۆ 11 دەردەکەوێت، هەروەها ئەمریکا کۆتانی منداڵانی ئەو تەمەنە دەستپێدەکات.

کۆمپانیاکە ڕایگەیاندووە، ئەگەر سیستمی تەندروستیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕەزامەندی بدات لە سەرەتای مانگی تشرینی دووەمەوە دەستدەکرێت بە دابەشکردنی ڤاکسینی ئەو تەمەنە.

لە حاڵەتێکدا ئەگەر دەزگای خۆراک و دەرمانی ئەمریکا “FDA” ڕەزامەندی بدات لەسەر وەرگرتنی ڤاکسین بۆ ئەو تەمەنە، ناوەندی چاودێریکردن و ڕووبەڕووبوونەوەی نەخۆشییەکانی ئەمریکا دوایین ڕێنماییەکانی لەوبارەیەوە بڵاودەکاتەوە.

سیستمی تەندروستیی ئەمریکا ڕەزامەندیی داوە لەسەر وەرگرتننی ڤاکسین بۆ ئەوانەی لەسەروو تەمەنی 12 ساڵەوەن، بەڵام پزیشکانی منداڵان و ژمارەیەکی زۆر لە باوک و دایکان نیگەرانن سەبارەت بە منداڵەکانیان کە تەمەنیان لەخوار 12 ساڵەوەیە، بەتایبەت دوای تەشەنەسەندنی گۆڕاوی دەلتا و بەردەوامیی خوێندن لە قوتابخانەکاندا.

زیاتر لە 25 هەزار پزیشکی منداڵان واژوویان لەسەر پێدانی ڤاکسین بە منداڵان کردووە.

ئیدارەی بایدن بڕیاریداوە بە کڕینی دۆزی تەواوی ڤاکسینی دژە کۆرۆنای منداڵان کە ڕەنگی پرتەقاڵییە بۆ جیاکردنەوەی لە ڤاکسینی کەسانی پێگەیشتوو، بۆ پێدانی ڤاکسینەکە بە 28 ملیۆن منداڵی ئەو تەمەنە کە لە ئەمریکا هەن.

توێژینەوەکەی فایزەر دوو هەزار و 264 منداڵی تێیدا بەشدارییان کردووە، لەماوەی سێ هەفتەدا هەردوو ژەمە ڤاکسینەکەیان وەرگرتووە، هەر ژەمێکی ڤاکسینی منداڵان یەک لەسەر سێی ڤاکسینی پێگەیشتووان و هەرزەکارانی تێدایە.

توێژەران باس لەوە دەکەن، ڤاکسینەکە بەڕێژەی 91% کاریگەری دەبێت، بەجۆرێک 16 لەو منداڵانەی ڤاکسینەکەیان وەرنەگرتووە تووشی کۆرۆنا بوون لەکاتێکدا تەنها سێ منداڵ لەوانەی وەریانگرتووە تووشبوون و بەشێوەیەکی کەمیش کاریگەریی هەبووە لەسەریان.

بابەتی پێشتر

بینیت و پۆتن لەسەر پرسی سوریا و ئێران کۆبوونەوە

بابەتی دواتر

سەندیکا و وەزارەتی گواستنەوە دەنگۆی بەرزکردنەوەی کرێی هاتوچۆ ڕەتدەکەنەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share