پەرلەمانتارێكی كوردستان ئاشكرای دەكات، ڕەنگە حكومەتی هەرێم لە 20ی ئەم مانگەدا پرۆژەیاسای بودجە ڕەوانەی پەرلەمانی كوردستان بكات، بۆ ئەو مەبەستەش داوای كردنەوەی خوول بۆ پەرلەمانتارن كراوە.
شایان عەسكەری، ئەندامی لیژنهی كاروباری پهرلهمان و سكاڵا لە پەرلەمانی كوردستان، ئەمڕۆ سێشەممە 2ی شوبات بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “زانیارییەكی پشتڕاستكراوە نییە، بەڵام ئەوەی بە زارەكی گوێمان لە حكومەتی هەرێم بووە، 20ی شوبات ڕەنگە پرۆژەیاسای بودجەی هەرێم بگاتە پەرلەمان”.
ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوەشكرد، “ئێمەش وەك لیژنهی كاروباری پهرلهمان و سكاڵا، داوامان لە دەستەی سەرۆكایەتی كردووە لەبارەی ئامادەكارییەكان بۆ تاووتوێكردنی بودجەی هەرێم، چاوەڕوانی وەڵامین”.
شایان عەسكەری ئەوەشی خستەڕوو، “داوامانكردووە خوول بۆ پەرلەمانتاران بكرێتەوە، بۆ ئەوەی پەرلەمانتاران زیاتر ئاشنا بكرێن بە كاركردن و تاووتوێكردنی بودجە بۆ ئەوەی باشتر كار لە بودجەدا بكەن”.
“وەك خوێندنەوەی پێشوەختەی خۆم و ئەو بارودۆخەی هەرێمی تێدایە، پرۆژەكە كە دێت پڕ دەبێت لە كەموكورتی و دژی بەرژەوەندیی هاوڵاتییان دەبێت و ڕەنگە ململانێش دروست بێت و كاتیشی پێ بچێت، ئەگەر لایەنەكانی دەسەڵاتیش مەبەستیان بێت بە زۆرینە تێی دەپەڕێنن”، وەك پەرلەمانتارەكەی گۆڕان وتی.
ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، ڕۆژی 7ی كانونی دووەمی ئەمساڵ بڕیاریدا، ڕەشنوسی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2021 ئامادە بكات.