ئەندامێکی ئەنجومەن: ئەگەر هەرێم و بەغداد ڕێکنەکەون سلێمانی ڕاستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ ناوەند دەکات

قەیرانی دارایی لە هەرێمی کوردستان و دابەشنەکردنی موچە لەکاتی خۆیدا، پاڵنەرێکی پارێزگای سلێمانی، چالاکوانان و ڕێکخراوەکانی پارێزگاکەن کە پێشنیازی لامەرکەزی و مەمەڵەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ بەغداد بکەن لە ئەگەری ڕێکنەکەوتنی شاندی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق.

لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەی فەرمیی عێراق، ڕێکەوت زەکی، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ڕایگەیاند، “لە ئەگەری نەگەیشتنی عێراق و هەرێمی کوردستان بەتایبەت لەسەر پرسی نەوت، ئەگەری هەیە پارێزگای سلێمانی بە پشتبەستن بە دەستور ڕاستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ عێراقدا بکات”.

ئاماژەی بەوەشکردووە، “پارێزگای سلێمانی دەتوانێت داهاتەکانی ڕادەستی بەغداد بکات و لەبەرامبەردا بەغداد ڕاستەوخۆ موچەی فەرمانبەرانی پارێزگاکە دابەشبکات”.

ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دەڵێت، “ئەو بەندە یاساییە بۆ ماوەی ساڵێکە و هەریەکە لە پارێزگاکانی هەولێر و دهۆکیش دەتوانن هەمان مامەڵە لەگەڵ بەغداد بکات”.

باسی لەوەکرد، لە ساڵی 2020دا حکومەتی هەرێمی کوردستان حەوت موچەی فەرمانبەرانی دابەشنەکردووە لەبەرامبەر دابەشکردنی پێنج موچەدا ئەویش بە لێبڕینی لەسەدا 18 – 22ی موچەکانیان جگە لە موچەی مانگی کانونی دووەم کە موچەی تەواو دراوە.

لە مانگی نیسانی ساڵی ڕابردوودا حکومەتی فیدراڵی بڕیاری ڕاگرتنی ناردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی دەرکرد بەهۆی ئەوەی هەرێمی کوردستان پابەند نەبوو بە ڕادەستکردنی بڕی 250 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە، ئەمەش کێشەی بۆ دابەشکردنی موچە دروستکرد و شەپۆلی ناڕەزایی لە هەرێمی کوردستان بەدواداهات.

 

بابەتی پێشتر

بومەلەرزەیەك ئیزمیری هەژاند

بابەتی دواتر

چۆن منداڵێکی چوار ساڵە جێگەپێیەکی 220 ملیۆن ساڵی دایناسۆرێکی دۆزییەوە؟

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share