بڕیارى هەڵوەشاندنەوەى پەکەکە و چەکدانان لەلایەن حزبەکەوە لەلایەن سەرکردەکانى پەکەکەوە رووندەکرێتەوە و موراد قەرەیلانیش مەرجەکانى چەکدانان رووندەکاتەوە.
رۆژى دووشەممە 12ى ئایار پارتى کرێکارانى کوردستان “پەکەکە” راگەیەندراوى ئەنجامى کۆنگرەى 12ى حزبەکەى، کە لە 5-7ى ئەم مانگە بەڕێوەچوو، بڵاوکردەوە و دەڵێت، کۆنگرەکەمان سەرەڕای هەلومەرجی سەخت کە پێکدادان بەردەوام بوو، هێرشی ئاسمانی و زەمینی بەردەوام بوو، گەمارۆدانی ناوچەکانمان و گەمارۆی پارتی دیموکراتی کوردستان بەردەوام بوو، بە سەلامەتی لە دوو ناوچەی جیاواز لە یەک کاتدا بە بەشداریی 232 نوێنەر بەڕێوەچوو.
راشیگەیاند، پرسی کورد گەیشتووەتە ئاستێک کە لەڕێگەی سیاسەتی دیموکراسییەوە چارەسەری بکرێت، لەو رووەوە ئەرکی مێژوویی پەکەکە تەواو بوو، “لەسەر ئەم بنەمایە کۆنگرەی دوازدەهەم بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی هەیکەلی تەشکیلاتی پەکەکە-ى دا و کۆتایی بە میتۆدی خەباتی چەکداری هێنا”.
موراد قەرەیلان، ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەری پەکەکە، کۆنگرەى 12هەمین بە “ساتێکی زۆر گرنگ و مێژوویی” لە مێژووی تێکۆشانیاندا ناوبرد و رایگەیاند، راپەڕینى رێبەر ئاپۆ کە 52 ساڵ و مانگێک و دوو هەفتەیە بەردەوامە، لە وڵاتێکى ئاساییدا نەبوو، بەڵکو تیایدا سیاسەتی ئاسیمیلەکردن و قڕکردن، بەتایبەتی لە باکووری کوردستان، گەلی کوردستانی گەیاندبووە لێواری لەناوچوون و مردن. وەک نەخۆشێکی سەر جێگە دەتلایەوە. کۆمەڵگای کوردی بەم شێوەیە بوو. کەس نەیدەتوانی ناوی ئەم وڵاتە بهێنێت.
وتیشى، “دەوڵەتی تورک لە 10 ساڵی کۆتاییدا دوای پرۆسەی ئیمراڵی، پێش ئەوەش پرۆسەی ئۆسلۆ هەیە کە نزیکەی سێ ساڵ درێژەی هەیە. لەسەر بنەمای ئەو سەردەمە رێککەوتنێک دروستبوو، لەگەڵیشییدا پرۆتۆکۆڵێک گوترا، بەڵام رادەستی تورکیان کرد، دەوڵەتی تورکیا قبوڵی نەکرد، وەڵامی نەدایەوە. دواتریش رێککەوتننامەی دۆڵمەباخچە دووچاری هەمان چارەنووس بوویەوە. لە بەرانبەری ئێمەدا پلانی چۆکدانانیان خستە رۆژەڤەوە. ئەم پلانە بە تەنها پلانی دەوڵەتی تورکیا نەبوو. راستە دەوڵەتی تورکیا پەرەیپێدا، بەڵام ناتۆیش پشتیوانی کرد”.
قەرەیلان لە درێژەى وتەکەیدا لەنێو کۆنگرەدا ئەوەشى وت، “خواستییان بوو بە تەواوەتی لەناومان بەرن. ئەوە ئامانجییان بوو، هەر خۆی بە ئاشکرا ئاماژەیان پێدا. لە کۆتاییدا سەرنەکەوتن. ویستیانبوو لە سەدەی یەکەمی کۆمارییدا سەرکەوتنی خۆیان رابگەیەنن. بەڵام نەگەیشتن بەو ئامانجە، بۆ ئەوەش بەناوی دەوڵەتەوە، دەزانرێت لە مانگی تشرینی یەکەمدا دەوڵەت باخچەلی ئەو بانگەوازییەی کرد. ناچاربوون رێگەیەکی دیکە بگرنەبەر”.
سەبارەت بە پرۆسەى ئاشتیش ئەندامەکەی کۆمیتەی بەڕێوەبەری پەکەکە، “ئەمە دەرفەتێکە و هەنگاوێکە بۆ پێشەوە (…) رێبەرێتی هێڵێکی نوێی ئافراند. هێڵی نەتەوەیی دیموکراتیک و سۆسیالیزمی کۆمەڵایەتیی و دیموکراتیکی پێشخست. ئەمەش پێویستی بە گۆڕانکاری بوو. گۆڕینی پەکەکە پێویست بوو. هەمان گۆڕانکاریش بۆ رێبازی تێکۆشان پێویست بوو. یانی رێبازی تێکۆشانی شەڕی چەکداری. کە بە فەرمی ماوەی 41 ساڵ شەڕی چەکدارییمان بەڕێوەبرد”.
لە 27ى تشرینى دووەمى 1978 پەکەکە بە رەسمى دامەزرا و تا ئێستا وەک ئەوەى پەکەکە بڵاویکردووەتەوە، 35 هەزار کادر و شەڕڤانیان شەهیدبوون.
قەرەیلان وتى، “پەکەکە هێزێکی نەکەوتووە، بەڵام نەکەوتن بەس نییە، دەبێت سەرکەوێت، هێشتا قۆناغی سەرکەوتن پێکنەهاتووە. حەقیقەتی ئێمەش بەم شێوەیەیە. شەڕی چەکداریی مێژوویەکی مەزنی بونیادنا، ئەم شەڕە ئەنجامی زۆری لەگەڵ خۆیدا هێنا. پێش هەموو شتێک قڕکردنی تێکشکاند. گەلی کوردی لە لەناوچوونەوە هێنایە سەر هەبوون، هەبوونی مسۆگەرکرد و کردنی بە گەلێکی نەکەوتوو. توانی بە فکری سۆسیالیزمی دیموکراتیکی پێشەنگایەتی بکات. گەلێکی لەم شێوەیەی بونیادنا. گەورەترین دەستکەوتی ئەمەیە. رێگەی چارەسەری سیاسی کردەوە. ئەگەر ئەمە نەبوایە و بەرخۆدانی پەکەکە و بەرخۆدانی گەریلا و دواجاریش بەرخۆدانی زاپ و بەرخۆدانی گشتی بزووتنەوەی ئاپۆ لە هەموو پارچەکانی کوردستاندا نەبوایە، ئەگەر ئەم بەرخۆدان و ماندووبوونە، قوربانیدانی کۆمەڵگاکەمان و گەلی کورد و دۆستانمان نەبوایە، ئەگەر یەکڕیزیی لە دەوری هەڵوێستی رێبەر ئاپۆ نەبوایە، ئاخۆ دەوڵەت ئاوا دەچووە لای سەرۆکایەتی؟ بێگومان نەدەچوو”.
سەبارەت بە بانگەوازەکەى 27ى شوباتى ئۆجەلان-یش، قەرەیلان باسى لەوەکرد، “بانگەوازێکی مێژووییە و، بانگەوازێکە بۆ پەرەپێدانی سەردەمێکی نوێ. هەڵوەشاندنەوەی سۆسیالیزمی دەوڵەت نەتەوەیە، پەرەپێدانی سۆسیالیزمی نەتەوەی دیموکراتیکە. بانگەوازەکە هەنگاوێکی دیموکراتیکی سۆسیالیزم، کۆنفیدرالیزمی دیموکراتیکی مەزنە. دەبێت بانگەوازەکەی رێبەر ئاپۆ بەمجۆرە هەڵسەنگێنین. دەستپێکێکی نوێیە. بانگەوازێکە بۆ پەرەپێدانی تێکۆشانی سەردەم”.
سەبارەت بە قۆناغى چەکدانانیش دەڵێت، قۆناغی چەکدانان، پێویستی بە گۆڕانکارییەکی یاسایی باوەڕدار هەیە. پێویستی بە لایەنی یاسایی و مافی دیموکراتیکی سیاسەت هەیە. “بۆ ئەوەی ئەم تەڤگەرە کە بۆ ماوەی چەندین ساڵە بە چەک خۆی دەپارێزێت، بە پاراستنی جەوهەری بە هێزی خۆی، خۆی بپارێزێت بتوانێت پاڵی خۆی بداتە یاسا، بە دەستوور باوەڕ بکات، بێگومان پێویستە هەنگاو بنرێت. دەبێت گۆڕانکاری رووبدات. ئەگەر بڵێن ئاشتیی ناوخۆیی، ئاشتیی ناوخۆیی، ئەوان بەم شێوەیە دەڵێن، ئەوکات پێویستە دوژمنایەتی کۆتایی پێبێت. هێشتا هێرش هەیە، هێشتا بەکارهێنانی چەکی کیمیایی هەیە”.
دووپاتیشیدەکاتەوە، “دەبێت لە زیهنیەتی دەوڵەتدا گۆڕانکاری دروست ببێت. ئەم زیهنیەتی رەتکردنەوە و لەناوبردنە نەگۆڕێت ئاشتی ناوخۆیی لەسەر چ بنەمایەک بەدیدێت؟ ئەو کەسانەی دەڵێن، ئاشتیی ناوخۆیی دروستبکەین پێش هەموو شتێک پێویستە ئەم زیهنیەتی نکۆڵیکردن و لەناوبردنە بگۆڕێت، تێیپەڕێنێت. بەڕاستی ئاشتییەکی ناوخۆیی دروست دەبێت. یاساکانیش هەموویان دوژمنانەن. یاساکانی ئێستا زۆربەیان بوونی گەلی کورد رەتدەکەنەوە. هەربۆیە تەنها لە چوارچێوەی گۆڕانکارییەکانی لایەنی دەوڵەت، لەسەر ئاستی یاسایی و دادپەروەرییدا، ئەم تەڤگەر دەتوانێت چەکدانان جێبەجێ بکات. ئەگەر نا ئەمە زۆر سەخت دەبێت”.
قەریلان جارێکى دیکەش دەڵێت، “بۆ ئەوەی بە راستی بێچەکی جێبەجێ بکەین، پێویستە ئێمە باوەڕ بە دەوڵەت بکەین، بەڵام ئێستا نزیکبوونەوەی دەوڵەتی تورکیا زۆر باوەڕ نابەخشێت. ئێمە نەک وەک دۆز و بەرتەسکی نزیک نابینەوە، هەمیشە بە گومان و شک، نا. ئێمە بە راستی نزیک دەبینەوە. بناغەی پێش هەموو شتێک یاسایە. ئەمە پێویستە بەدیبێت”.
دەربارەى بڕیارەکانى کۆنگرەشیان ئەندامەکەى کۆمیتەى بەڕێوەبەریی پەکەکە وتى، “سەردەمێکی نوێ دەستپێدەکات. ئەمە کۆتایی نییە، کۆتاییەک نییە، دەستپێکێکە، بەڵام بۆ ئازادی، تەڤگەری ئاپۆچێتی، بۆ گەلەکەمان، بۆ گەلانی هەرێمەکە دەستپێکێکی نوێیە. بەمجۆرە دەبێت هەڵسەنگاندنی بۆ بکەین و نزیکببینەوە”.
کۆنگرەى 12ى پەکەکە لە هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا لە دوو بەشدا بەڕێوەچوو، هێزەکانی هەپەگە و یەژا ستار، لە گۆڕەپانەکانی خۆیان، یەکێک لە بەشەکانیان ئەنجامدا.
لە راگەیەندراوى کۆنگرەدا دەربارەى بڕیارى کۆتاییهێنان بە پەکەکە و کۆتایی هێنان بە شێوازی خەباتی چەکداری دەڵێت، “بنەمایەکی بەهێز بۆ ئاشتیی هەمیشەیی و چارەسەری دیموکراسی دەڕەخسێنێت. جێبەجێکردنی ئەو بڕیارانەی کە قسەیان لەسەر دەکرێت، پێویستی بە سەرکردایەتی و ئاراستەکردنی پرۆسەکە، دانپێدانان بە مافی سیاسەتی دیموکراسی و گەرەنتییەکی یاسایی تۆکمە و یەکگرتوو، رێبەر ئاپۆ هەیە. لەم قۆناغەدا گرنگە پەرلەمانى تورکیا بە بەرپرسیارێتی مێژووییەوە رۆڵی خۆی بگێڕێت”.
دوران کاڵکان، ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەریی پەکەکە، کە وتارى دەستپێکى کۆنگرەى پێشکەشکرد وتى، “ئەم کۆنگرەیە، وەک رێبەر ئاپۆ وتی، لەڕووی رێکخستنییەوە دەبێتە دوایین کۆنگرەی پەکەکە. (..) لەلایەک ئەمە لە کۆنگرەی یەکەم دەچێت، لە لایەنی مێژووییەوە ئەمە کۆنگرەی کۆتاییهێنانی پەکەکەیە، کۆنگرەی چەکدانانی پەکەکە لە شوێنی مێژوویی خۆیدا”.
وتیشى، “بێگومان ئەمە کۆتایی نییە. بە ئەنجامگرتنێکی بەمشێوەیە دەخوازرێت، بۆئەوەی رێگە لە پێش هەنگاوێکی نوێ بکرێتەوە. دەخوازرێت دەرفەتی هەنگاوی نوێ پێشکەش بکرێت. لە دۆخێکی بەم شێوەدا تەڤگەری ئاپۆچێتی 52 ساڵەی رێپێوانی بە ناو پەکەکە کۆتایی پێدێنێت”. ئەوەشى وت، “لەسەر بنەمای خۆنوێکردنەوە، هەوڵدەدەین بەهێزتر بەشداریی پڕۆسەی نوێ بین”.
کاڵکان ئەوەشى خستەڕوو، “بەڵێ، ئەم کۆنگرەیە وەک کۆنگرەی یەکەم دێتە بەرچاو. چۆن؟ لەوێدا ئیرادەیەکی گەورە هەبوو بۆ دەستپێکردنێکی نوێ. لێرەش، لەسەر بنەمای کۆتاییهێنان بە مێژووی ئەو دەستپێکە، ئیرادەیەکی گەورە هەیە، بەڵام ئەمە کۆتایی نییە. لە دامەزراندنی پەکەکەوە تا ئێستا بە بەڵگە و هێزێکی هێشتا بەهێزتر، بۆ دروستکردنی هەنگاوە نوێیەکان و ئافراندنی زەمینەیەکی نوێ کۆتایی دێت”.
باسى لەوەشکرد، تەڤگەری ئاپۆیی رێپێوانی 47 ساڵەی بە ناسنامەی پەکەکە کۆتایی پێدەهێنێت، هێڵی کۆمەڵگەی دیموکراتیکی ئاپۆیی، هێڵی دیموکراسی و ئازادی، هێڵی شارستانیەتی دیموکراتیک بۆ ئەوەی بتوانێت بە رێکخستن و بەڕێوەبردنی نوێ، ستراتیژی نوێی کاریگەرتر، چالاکی سەرکەوتن بەدەستبهێنێت، ئەمە دەکات.
جەمیل بایک، یەکێک لە دامەزرێنەرانی پەکەکە و هاوسەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کەجەکە لە وتەى خۆیدا لە کۆنگرەدا رایگەیاند، “وەک دامەزرێنەرێکی ئەم تەڤگەرە بە جۆشوخرۆشەوە بڕیارەکان وەردەگرم، چونکە زۆر بەباشی رێبەر ئاپۆ دەناسم. هەر هەنگاوێک کە رێبەر ئاپۆ بۆ ئێمە، بۆ گەلەکەمان، بۆ تەڤگەرەکەمان، بۆ مرۆڤایەتی نابێتی، بە سەرکەوتن ئەنجام گیر بووە”.
لە بەشێکى راگەیەندراوى کۆنگرەى 12یدا پەکەکە، بانگهێشتی زلهێزە نێودەوڵەتییەکان دەکەن کە بەرپرسیارێتی خۆیان لەو “سیاسەتە جینۆسایدانەی سەدەیەک لە دژی گەلەکەمان ئەنجامدراون ببینن و رێگری لە چارەسەری دیموکراسی نەکەن و بەشداریی بنیاتنەری خۆیان لە پرۆسەکەدا بکەن”.
لەو رووەوە سۆزدار ئاڤێستا، ئەندامی کۆنسەی سەرۆکایەتیی گشتیی کەجەکە رایگەیاند، “ئێستا کاتی خۆڕێکخستنی فیکری مەزنە. هەموو فیکرە مەزنەکان پاش ماوەیەک بڵاوبوونەتەوە. مەسیحییەت پێش 2025 ساڵ بە 12 هاوڕێ دەستیپێکرد و، تا ئەمڕۆ گەشەی سەندووە. لە حزووری ئەم فیکرە و شەهیداندا دەڵێم: پێم وایە، خۆم بۆ ئەمە ئامادەم”.