وەزیری دارایی هەرێم رایدەگەیەنێت، بەپێی بڕیاری دادگای فیدراڵی عێراق و ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان پابەندین بە جێبەجێكردنی یاسای ژمارە 9ی ساڵی 2014ی خانەنشینیی یەكگرتووی عێراق.
بەپێی راگەیەندراوێكی وەزارەتی دارایی هەرێم كە وێنەیەكی دەست تۆڕی میدیایی ئێستا كەوتووە و تێیدا هاتووە، ڕۆژی سێشەممە ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابوری لە دیوانی وەزارەت بە ئامادەبوونی بەڕێوەبەری گشتیی خانەنشینی لە وەزارەتی دارایی و ئابوری و بەرپرسانی خانەنشینی لە وەزارەتی ناوخۆ و پێشمەرگە سەرپەرشتی كۆبوونەوەیەكی كرد لەسەر دوایین هەنگاوەكانی جێبەجێكردنی یاسای ژمارەی 9ی خانەنشینی یەكگرتووی عێراق لەسەر ئاستی فەرمانبەرانی شارستانی و هێزەكانی پێشمەرگە و ئاسایشی ناوخۆ.
لە كۆبوونەوەكەدا وەزیری دارایی رایگەیاند بەپێی بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق و ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان پابەندین بە جێبەجێكردنی یاسای ژمارە 9ی ساڵی 2014ی خانەنشینیی یەكگرتووی عێراق.
هەر لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، كە وەزیری دارایی هەرێم سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەكانی راسپارد لە نزیكترین كاتدا رێنمایی جێبەجێكردنی یاساكە لەسەر هەموو ئاستەكان ئامادەبكەن بەمەبەستی پەسەندكردنی و دواتر گشتاندنی پێبكرێت بۆ سەرجەم وەزارەت و دەستە و دامەزراوەكانی حكومەتی هەرێم.
لە كۆتایی كۆبوونەوەكەشدا وەزیری دارایی جەختی لەسەر بەردەوامیی هەوڵەكان بۆ زوو تەواوكردنی مامەڵەی خانەنشینان دووپاتكردەوە و سەرجەم بەڕێوەبەرایەتیەكانی خانەنشینی راسپارد هەموو توانای خۆیان بخەنەگەڕ تابتوانرێت لە زووترین كاتدا مامەڵەی دۆسیەی خانەنشینان تەواوبكرێت و دواتر داخڵی لیستی مووچە بكرێت.
لە كۆتایی راگەیەندراوەكەدا هاتووە، لە تائێستادا دۆسیەی زیاتر لە 7500 خانەنشین تەواوبووە كە لە سەرەتای ئەمساڵ بڕیاری خانەنشین بوونیان دەرچوو بوو، لەو ژمارەیەش زیاتر لە شەش هەزار خانەنشین مووچەیان بۆ بەستراوەتەوە